وەزارەتی بازرگانی عێراق: سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت

0

نوچەنێت-روداو

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت بۆ ئەمساڵ عێراق لە پلانیاندایە سەرجەم گەنمی بەرهەمهاتووی جووتیاران لە هەموو شارەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە وەربگرن. 

محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پرسی وەرگرتنی گەنمی بەرهەمهاتووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: “وەرزی کڕینی گەنم جێی سەرنجی سەرۆکوەزیرانە و حکومەت بە جیددی چاودێری دەکات، هاوکات بڕیارێکی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە کە ئەمساڵ هەموو گەنمی بەرهەمهاتووی جووتیاران بکڕدرێت، بەم پێیەش ناوەندەکانی کڕینی گەنم سەرجەم ئەو گەنمانە وەردەگرن کە بەرهەمهاتوون، ئەمە جیا لەوەی ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زیاتر بووە، ئەمەش وادەکات هاوکاری جووتیاران بکرێت”.

 محەممەد حەنوون دەڵێ: “بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هیچ شوێنێکی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بڕیارەکە یەکسانە بۆ هەمووان کە لە رێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە هەموو ئەو بڕە گەنمە وەردەگیرێت کە جووتیاران بەرهەمیان هێناوە، بەڵام مەترسییەکانی ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە، گەنمی دزەپێکراوە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە بهێندرێت، بەمەش پارەیەکی زۆری سامانی گشتی بە هەدەر دەدرێت، بۆیە داوای ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هاوئاهەنگ بن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئەوەی رێگە لە دزەپێکردنی گەنمی هاوردەکراو بگیرێت”. بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق “هاوئاهەنگییەکی باش لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەیە ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق خوازیاری ئەوەین سەرجەم ئەو گەنمە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت لە جووتیاران وەربگیرێت”. 

سەبارەت بە پرسی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵانی (2014-2016-2017)، محەممەد حەنوون گوتی: “ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی چەندین نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، باسی ئەو شایستە داراییەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانمان کردووە و بەپێویستمان زانیوە ئەو بابەتە یەکلابکرێتەوە، ئێمە چاوەڕێی رەزامەندی وەزارەتی دارایین بۆ پێدانی ئەو شایستە داراییە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان”. 

داوا دەکرێت بەغدا گەنمی زیاتری جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕێت شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کێشەی گەنمی جووتیاران لە بەغدایە و داوا دەکەن حکومەتی عیراق هەموو بەرهەمی جووتیاران وەربگرێت نەوەک بڕێکی دیاریکراو.  حکومەتی عێراق بەپێی پلانی کشتوکاڵی کە هەیەتی دەوروبەری 360 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت لەکاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 620 هەزار تۆنە لە ساڵیکدا. 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ؛ زیادبوونی پلانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە 500 هەزار دۆنم بۆ 2 ملیۆن و 600 هەزار دۆنم لۆژیکی نییە و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکیان پێکهێناوە. ئەگەر شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن چیدیکە جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناچار نابن بە نرخێکی هەرزانتر دەخڵودانەکانیان لە بازاڕدا ساخ بکەنەوە.  

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دروێنەکردن جووتیارانی هەرێمی کوردستان دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبن لەبارەی چارەنووسی وەرگرتنی گەنمەکایان،  بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.  حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “بەڕێوەبەرێکی گشتیمان لە بەغدایە،وەک نوێنەری وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات.داوا دەکەین وەک جووتیارانی عێراق، هەموو بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، نەک بڕێکی دیاریکراو”. 

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 192 ملیار دیناری بۆ کڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، بەم پارەیە تەنیا 354 هەزار 850 تۆنی پێکڕیوە. ئەمساڵیش نرخی گەنم بەوجۆرە دیاریکراوە:   نرخی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراق پلە یەک بۆ هەر تۆنێک  580 هەزار دینارپلە دوو بۆ هەر تۆنێک 460 هەزار دینارپلە سێ بۆ هەر تۆنێک 420 هەزار دینار  ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 620 هەزار تۆن گەنمە، توانای کۆگاکردنی 618 هەزار تۆنی هەیە، تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراقی 557 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی 2014 و 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەداوە. حەمید نایف گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: “هەرێمی کوردستان ئەمساڵ پلانی کشتوکاڵی ناردووە، دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆنم زەوی خراوەتە پلانەکە، پێشتر 500 هەزار دۆنم بووە و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنراوە”. 

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئەگەر بەغدا بڕوای بەو رێژەیەی بەرهەم نییە، ئەوا دەتوانێت لیژنەی مەیدانی بنێرێتە هەرێمی كوردستان، ‌تاوەکو بە چاوی خۆیان بەرهەمی جووتیاران ببینن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com