ئەمریکا: سنوره‌كانی هه‌رێم زۆر به‌باشی دەپارێزرێن

0

نوچە

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا دەڵێت، بۆشایه‌كی گه‌وره‌ له‌ سنوری عیراق له‌گه‌ڵ سوریا و ئێران بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ باشی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمه‌وه‌ پارێزراون.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا راپۆرتێكی له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منیی عیراق بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا باسی له‌و هێرشانه‌ كردووه‌، كه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ساڵی 2019دا بۆسه‌ر ناوچه‌ كۆنترۆڵكراوه‌كان ئه‌نجامیانداوه‌. دەشڵێت “هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی ژێرده‌ستی داعش، كۆنترۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ رێكخراوه‌كه‌ وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ دووباره‌ دامه‌زراندن و راگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی، به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی عیراق، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی بۆ به‌ئامانجكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و كه‌سانی سیاسه‌تمه‌دار و له‌گه‌ڵ هێرشكردنه‌سه‌ر ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی حكومه‌تی عیراق”.

بەگوێرەی راپۆرته‌كه‌ “رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هه‌ر به‌ ئامانجی دووباره‌ دامه‌زراندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی هه‌وڵیداوه‌ پاڵپشتی دانیشتوانی ناوچه‌ كۆنترۆڵكراوه‌كانی سنووری پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار به‌ تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ، بۆ خۆی به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ روون نییه‌”.

هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ ژماره‌ی قوربانیانی هێرشه‌كانی داعش له‌ ٢٠١٩دا له‌ عیراق به‌راورد به‌ ساڵانی پێشتر، كه‌متر بوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، هێرشی میلیشیا شیعه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن بۆسه‌ر ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ی له‌ عیراق هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژبه‌ داعش تیایاندا جێگیركراون له‌ ٢٠١٩دا، زیادی كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مریكا و عیراق كوژراون.
ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا، كه‌ به‌ نزیك له‌ ئێران داده‌ندرێت و له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ خراوه‌ته‌ ناو لیستی تیرۆره‌وه‌، بۆ چه‌ندینجار له‌ چوارچێوه‌ی پاڵپشتیكردن له‌ كاندیدكراوانی پارێزگاكان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌وڵیداوه‌ بچێته‌ ناو گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه‌ له‌ عیراق.

حكومه‌تی عیراق فه‌رمانێكی بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌ (237) ده‌ركردووه،‌ كه‌ تیایدا داوا ده‌كات سه‌رجه‌م هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ تایبه‌تیش ئه‌و هێزانه‌ی، كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن وه‌ك به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و ئه‌منییه‌كان ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ وه‌بیرهێنراوه‌ته‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق، فه‌رمانی بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌ (237) ده‌ركردووه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، وه‌ك به‌ره‌نگارییه‌ك بۆ فه‌رمانه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، چالاكییان بۆ تێكدانی سه‌قامگیری له‌ عیراق و سوریا ئه‌نجامداوه‌ له‌وانه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشانداران ئه‌نجامدراوه‌، جگه‌له‌وه‌ش چه‌كدارانی رێكخراوی “په‌كه‌كه‌” له‌ناو خاكی عیراقه‌وه‌ هێرش دژبه‌ توركیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌کراوە، کە به‌ هۆی ئه‌وه‌ی توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌ پاراستنی ئاسایشی سنوری وڵاته‌كه‌یان سنورداره‌، بۆیه‌ بۆشایه‌كی گه‌وره‌ له‌ سنوری عیراق له‌گه‌ڵ سوریا و ئێران بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌باشی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان پارێزراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com