ئێران و کازمی شەڕی ساردیان دەستپێکردووە؟

0

نوچەنێت

بەپێی ئاماژەکان مستەفا کازمی، سیاسەتێکی گرتۆتە بەر کە ئاراستەکەی  ململانێی سەرۆکوەزیرانە لە گەڵ ئێران، ئەم گریمانەیە چەند لە ڕاستییەوە نزیکە؟

لەو  کاتەوە کە مستەفا کازمی، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی متمانەی پێدرا و سوکانی ئیدارەی کابینەی حکومەتی بە دەستەوە گرت، دەرکەوت کە لە لایەن گروپەکانی نزیک لە ئێران پێشوازییەکی ساردی لێ کرا، واتە هەر لە سەرەتاوە گروپەکانی بەستراوە یان نزیک لە ئێران قۆڵی دژایەتیکردنی کازمییان هەڵماڵی.

ئەم دژایەتیە کاتێک گەیشتە لوتکە کە مستەفا کازمی بێ سێ و دوو لە گەل ئەمریکیەکان کەوتە دانوستانەوە و پڕۆسەی گفتوگۆکانی لە گەڵ لایەنی ئەمریکا پێش خست، کە بە دیالۆگی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەناسرێتەوە.

لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، بڕیاریکی کازمی گوزارشتی لە ململانێی سەرۆکوەزیران لە گەڵ لایەنەکانی سەر بە ئێرانی دەکرد، ئەویش  دەست بردن بۆ حزبولڵای عێراق بوو، کە بەشێک لە پێکهاتەی حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێ و لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سەربازی و سیاسی و هێڵی فیکرییەوە لە تاران نزیکە.

پەلاماردان و دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی ئەم گروپە، کە دە گوترا دوو ئێرانیشیان لە گەڵ بووە، بەرچاو ڕوونی زیاتر دەدات بەو کەسانەی کە لە نزیکەوە چاودێری ڕەفتار و کرداری سیاسی کازمی و تیمەکەی دەکەن.

ڕەنگە  ئەم فاکتەرانە لە بەیان کردنی هۆکارەکانی  سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان سەرۆکوەزیران و هێزە عێراقیەکانی بە ستراوە بە ئێران یارمەتیدەر بن.

دوای ئەم ڕووداوانە بوو، کە مستەفا کازمی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدی شەعبی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دوور خستۆتەوە و قاسم الاعرجی، وەک جێگرەوەی داناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کارنامەی  العرجی، جێی پەسەندی گروپە شیعەکانی عێراق  نەبووە ، بە تایبەت ئەو کاتەی کە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پۆستی باڵای هەبووە و زۆرترین هێرشی لە لایەن ریکخراوی بەدر لە سەر بووە.

هەروەها بڕیارێکی دیکەی کازمی پەرەی بە ناکۆکی  ونیگەرانیەکان دا، ئەویش دانانی عبدالغنی الاسدی، بوو لە پۆستی هەستیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، هەر چۆنێک بێت الاسدی لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی عادل عەبدولمەهدی، لە پۆستەەکی دوور خراببووەوە و هێنانەوەی لە لایەن کازمییەوە نیگەرانی لای هاوپەیمانەکانی تاران دروست کردووە. لەوەش گرنگتر ئەم گۆڕانکاریانە هەمووی بە بڕیاری کازمی  جێبەجی دەکرێت. دەگوترێ یەکێک لە هۆکارەکانی دانانی الاسدی بۆ ئەم پۆستە، نزیک بوونیەتی لە واشنتۆن، هاوکات وەلانانی فالح فەیاز، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ڕآوێژکارەکانی کازمی بیانهەوێ کار لە سەر پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران بکەن و لەم ڕووەشەوە لە سەر کازمی شوێندانەر بن.

چاودێرانی سیاسی چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر زونی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکە خانەی نێودەوڵەتی، وەک هەوڵێکی ئامانجداری هاوپەیمانەکانی تاران لێک دەدەنەوە، تاکو لەم رێگەوە کازمی لە سەر بەرەدوام بوونی سیاسەتەکانی پاشگەز بکەنەوە و پاشەکشەی پێ کەن.

بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە پێگەی العربی الجدیدی گوتووە، کە شەڕێکی سارد لە ئارادایە بۆ شکست پێهێنانی کازمی لە کەیسە ئەمنی و سیاسییەکان.

بە گشتی گریمانە دەکرێ ململانێیەکی تەمام عەیار لە نێوان کازمی و هاوپەیمانانی لە عێراق دەستی پێکردووە. احمد الحمدانی، شارەزای کاروباری ئەمنی و سیاسی پێیوایە، کە ئامانج لەم ململانێیانە، فشار خستنە سەر کازمییە نەک خستنی.

هەر چۆنێک بێت بڕیاری کازمی بۆ دوور خستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، هەڵگری ئە وپەیامەیە کە سەرۆکوەزیرانی ڕەنگە لە دوور خستنەوەی بەرپرسانی دیکەی سەر بە هاوپەیمانانی ئێران دەستی کراوەتر بێت و زەمینەکە لەبارتر بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com