سەنتەری میترۆ لە بارەی بڕیاری قەدەغەکردنی رووداو لە کەرکووک هاتەدەنگ

0

نوچەنێت

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی قەدەغەکردنی تۆڕی میدیای رووداو لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، نابێت بڕیاری دەسەڵاتی عەسكەری كەركوك بچێتە سەر، چونکە لە كەركوك و دەورووبەری یاساشكێنی گەوەریان بەرامبەر خەڵكی مەدەنی كردووە و كار بە یاساكانی هەرێم لە بواری ئازادی رۆژنامەنووسان ناكات.

رۆژی پێنجشەممە 19-10-2017، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک و بڕیاری دەسەڵاتی عەسکەری کەرکووک کرد و رایگەیاند “كاتێك دەسەڵاتی سەربازی لە ساتەوەختی هاتنە ناو شاری كەركووك رێگری بكات لەوەی رۆژنامەنووسێك بە كوردی پرسیار بكات و بەرپرسێك بە كوردی وەڵام بداتەوە، ئێمە بێ لایەن نین، لەبەرەی ئازادی رادەبڕین و قسەكردنین بە زمانی خۆمان”.

لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی هەڕەشەی لە رۆژنامەنووسانی کوردستان و رێگەگرتن لە رووماڵی چەند دەزگایەکی میدیایی هاتووە “لە نێو ئەم پەشێویانەدا ژیانی زۆرێك لە رۆژنامەنوسان كەوتە مەترسییەوە تیمی راگەیاندنی كوردسات دیارترینیان بوو، سەرباری بڕیاردان بە قەدەخەكردنی هەردو كەناڵی كوردستان 24 و رووداو”.

بەپێی ئەو سكاڵایەنەی بە یوئێن گەیشتووە و لە راپۆرتەكە ئاماژەی پێكراوە، نزیكەی 150 خانوو لە شارۆچكەی خورماتوو لە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگەدا لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە تەقیندراونەتەوە و لەو بارەشەوە نزیكە 11 سكاڵایان تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتیانە.

دەقی راگەیێندراوی سەنتەری میترۆ 

19ی تشرینی یەكەم 2017: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت دەسەڵاتی عەسكەری لە كەركووك و دەوروبەری یاساشكێنی گەوەریان كردوە بەرامبەر خەڵكی مەدەنی و كار بە یاساكانی هەرێم ناكات لە بواری ئازادی رۆژنامەنوسان رادەربڕیندا.

ئێمە پشتیوانیمان لە داخوازییەكەی داوكاری گشتی كرد بڵاونەكردنەوەی گۆڕینەوەی تۆمەت لەنێوان لایەنەكانەوە و بەخشینەوەی تەخوین، كە ئەمە هەمووی بە زیانی گەلی كوردستان تەواو دەبێت و هێندەی تر برینەكان قوڵتر دەكاتەوە. 

بەڵام میترۆ لە رێگەی پەیوەندییەكانی بە شەریكەكانمان لە رێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی ئاگاداركردۆتەوە لەو هەڵسوكەوتەی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی تر ئەنجامی دەدەن بەرامبەر بە ئازادی بە شێوەیەكی گشتی و ئازادی رادەبڕین و رۆژنامەنوسی.

كاتێك دەسەڵاتی سەربازی لە ساتەوەختی هاتنە ناو شاری كەركووك رێگری بكات لەوەی رۆژنامەنوسێك بە كوردی پرسیار بكات و بەرپرسێك بە كوردی وەڵام بداتەوە، ئێمە بێ لایەن نین، لەبەرەی ئازادی رادەبڕین و قسەكردنین بە زمانی خۆمان.

كاتێك ئۆفیسی كەناڵی میدیا بسوتێنرێت یان قەدەغە بكرێت یان بەربەست لەبەردەم كارەكانیان دابنرێت، میترۆ بێ لایەن نییە و هاوپشتی ئەو كەناڵانەیە بۆ كاری ئاسایی خۆیان.

نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو راپۆرتانە پیشاندا كە باس لەوە دەكەن كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەم دواییە چوونەتە ناوییەوە، كاری پشێوی و تێكدان و تاڵانی و سووتاندنی خانوو و دووكان و نووسینگەی لایەنە سیاسییەكان روویداوە.

بەپێی ئەو سكاڵایەنەی بە یوئێن گەیشتووە و لەڕاپۆرتەكە ئاماژەی پێوەكراوە نزیكەی 150 خانوو لە شارۆچكەی خورماتوو لە رۆژانی 16 و 17ی ئەم مانگەدا لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە، تەقاندۆتەوەو لەو بارەشەوە نزیكە 11 سكاڵایان تەقاندنەوەی خانوی هاوڵاتیانە.

میدیاكان لە بری بڵاوكردنەوەی نائومێدی و پشێوی با بچن بارودۆخی خەڵكی مەدەنی گیرۆدە بوو بە توندیژی و شەڕو جێهیشتنی زێدی خۆی، بۆ رای گشتی و جیهان بڵاوبكەنەوە.

ئێمە دەزانین لە كاتی پشێوی گەورە و شەڕو و كوشتار، لادان لە ئیتیكی كاری رۆژنامەنوسی زیاد دەبێت، بۆ ئەمەش سەنتەری میترۆ ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی میدیاكان.

بەڵام ناكرێت نە ئێمە و نە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بێدەنگ بین كاتێك بڕیارەكانی دەسەڵاتی عەسەكەری جێگە بە یاسا كارپێكراوەكان لێژ بكات، بە تایبەتیش شاری كەركووك كە لە ساڵانی رابردوودا بەپێی یاسای كاری رۆژنامەنووسانی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ میدیا و میدیاككارانی كوردستان و عێراق كردوە.

لە نێو ئەم پەشێویانەدا ژیانی زۆرێك لە رۆژنامەنوسان كەوتە مەترسییەوە تیمی راگەیاندنی كوردسات دیارترینیان بوو، سەرباری بڕیاردان بە قەدەخەكردنی هەردو كەناڵی كوردستان 24 و رووداو.

بوونی سەرنج لەسەر پەخشی هەر كەناڵێك نابێت بمانخاتە سەنگەری دژایەتی كردنی ئازادی، دەسەڵاتە عەسكەریەكەی كەركوك بڕیاری راگرتن و قەدەغەكردنی كوردستان 24 و روداوی بۆ بچێتە سەر ئەوە كۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت رازیبن بەم رەوشە ترسناكە، چاوەڕوانی ئەوەش بن لیستی قەدەغەكانی دەسەڵاتی ئێستای كەركوك درێژتر بێت و كەناڵی تری كوردیش بگرێتەوە.

میترۆ لە نێوان قەدەغەكردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و ئازادیدا، هەر ئازادی هەڵدەبژێریت و خۆی لەو بەرەیەدا دەبینێتەوە.

با میدیاكان لە بری ململانێی حزبی، كاری راستەقینەی خۆیان ئەنجامبدەن لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان و پیشاندانی ژیانی قوربانیانی شەڕو هەڵسوكەوتی بكوژان بەرامبەر خەڵكی سڤیل.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com