شەڕی ئەنیمەیشنی ئێران و سعودیە

0

نوچەنێت

لە مەیدانی ئازادی تاران، خەڵک بە وێنەکانی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی یەکەمی شای سعودیە هاتوونەتە سەر شەقام. هاوکات موشەکەکانی سعودیە کەشتیە جەنگیەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی دەکەنە ئامانجی هێڕشەکانیان. ئێرانیش بە موشەکەکانی ریازی لە گەڵ خاکدا یەکسان کردووە. ئەمانە بەشێک لە سیناریۆی شەڕی ئەنیمەیشنی نێوان تاران و ریازە. لە دوایینترین نمونەدا، سعودیە ئەنیمەیشنی جەنگێکی تەواو عەیاری لە دژی ئێران خستۆتە بازاڕوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتۆتەوە.

رۆژنامەی ئێکۆنۆمیس جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سعودیە بەبێ ئەمریکا توانای شەڕی سەربازی و راستەوخۆی لە گەڵ ئێران نییە و ئەمریکاش لە دۆخێکدا نییە، کە بتوانێ بەرەێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. هەر بۆیە ئێکۆنۆمیست دەنوسێ ئەگەری روودانی شەڕ و بەریەککەوتنی راستەوخۆ لە نێوان تاران و سعودیە، ئەگەرێکی لاوازە.

سەرباری ئەمەش، ئێکۆنۆمسیت پێشبینی دەکات، کە شەڕی ناڕاستەوخۆ و بە وەکالەت لە نێوان ریاز و تاران پەرەدەستێنێ.

بە پێی رۆژنامەی ئێکۆنۆمیست، قووڵ بوونەوەی ناکۆکیەکانی ئێران و سعودیە، ئەگەری روودانی جەنگی بەوەکالەتی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە بەهێز کردووە. هێرشی موشەکی ئەنساروڵڵای سەر بە حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز و دەستلەکارکێشانەوە سەعد حەریری، لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، جۆرێکە لە ململانێ و شەڕی بەوەکالەتی ئەم دوو وڵاتە.

یەکەی زانیاری ئێکۆنۆمیست پێی وایە، کە لەم ساڵانەی دوایی هاوکێشەکان و دۆخی نێودەڵەتی و ناوچەیی و هەروەها پێگەی سەربازی وڵاتان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەراورد لە گەل پێشووتر جیاوازە. هاوکاریە سەربازی و راوێژکاریەکانی ئێران لە عێراق و سوریا بۆ گروپە میلیشیاییەکان، بەهێزتر بوونی حزبوڵڵای لوبنان و ئامادەیی سەربازی و کاریگەری سیاسی ئێران لە سوریا، بەشێک لەم دەستکەوتانەی ئێرانن. ئێکۆنۆمیست لەم بارەیەوە نمونەیەک دێنێتەوە و دەڵێت: ئێران لە سەرەتای دەستپێکی گفتوگۆکانی ئاشتی لە سوریا، پێگەیەکی لاوازی هەبوو، بەڵام ئێستا تاران یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم پرۆسەیە.

لە کاتێکدا مشتومڕ و شەڕە قسەی نێوان بەرپرسانی ئێران و سعودیە لە هەڵچووندایە، ململانێی نێوانیان لە سەر فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایتەیەکان، رۆژ لە دوای رۆژ توندتر دەبێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە ١٤ی دیسەمبەر، ئەکاونتێکی ئینتەرنێتی سەر بە گروپێک لە بەکارهێنەرانی سعودیە بە ناوی (قوة الردع السعودي) ئەنیمەیشنێکی لەبارەی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە سەربازیەکانی سعودیە بڵاو کردەوە. ئەم ئەنیمەیشێنە، کە بە زمانی ئینگلیزی ئامادە کراوە، بە ژێرنوسی عەرەبی، فارسی، عیبری، ژاپۆنی، ئیسپانیایی و تورکی لە سەر یوتیۆب بڵاو کرایەوە.

لەم ئەنیمەیشنە داستانیەدا، چەند بەلەمێکی سوپای پاسدارانی ئێران هێڕش دەکەنە سەر کەشتییەکی هەڵگری یارمەتی مرۆیی سعودیە لە ئاوەکانی کەنداو. بەر لە دەستپێکی هێرشی ئێرانیەکان، هێزی دەریایی سعودیە تێکڕای بەلەمەکان لە ناو دەبات. ناوەندی فەرماندەیی سعودیە بە سەرکردایەتی محەممەد بن سەلمان، وەزیری بەرگری و شازادەی جێنێشنی سعودیە، ئۆپەراسیۆنی بەرگریکارانەی هێزەکانی سعودیە فەرماندەیی دەکات، دوای تێکشکانی هێزە ئێرانیەکان، هێڕش بۆ سەر بنکە سەربازیەکانی سوپای پاسداران دەستپێدەکات.

ئەم ئەنیمەیشنە، کە ماوەکەی ٥ خولەکە، بە دەستگیرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و پێشوازی گەرمی دانیشتوانی تارانی لە هێزەکانی سعودیە کۆتایی پێدێ. ئەو ئێرانیانەی، کە بۆ پێشوازی لە سەربازانی ئازادیبەخشی سعودیە هاتوونەتە سەر شەقام، وێنەکانی سعودیە، بن سەلمان و ئاڵای سێ رەنگی شێر و خۆرنیشانیان بە دەستەوەیە.

تەنها نوسخەی عەرەبی ئەم ئەنیمەیشنە تا رۆژی رابردوو (١٧ی دیسەمبەر) زیاتر لە ٤٥٠ هەزار بینەری هەبووە لە یوتیۆب.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی «قوة الردع السعودي»، زۆریەک لە راگەیەن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی ئێران تیزەری ئەنیمەیشنێکی نوێی گروپی ئەنیمەیشنی فاتمەی زەهرایان بڵاو کردەوە، لە ژێر ناوی سەخت و توندوتیژ. داستانی ئەم ئەنیمەیشنە تایبەتە بە هێرشی موشەکی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە. رستەی سەخت و توندوتیژ، تەعبیرێکە لە گوتەکانی عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ و دوای مەرگی سەدان زیارەتکاری ئێرانی لە میانەی رێوڕەسمی حەجی ئەو ساڵەدا. خامنەیی ئەو ساڵە گوتی: ئێمە ددانمان بە خۆماندا گرت، ئێمە دەتوانین دژکردەوە نیشان بدەین، ئەگەر بڕیار بێت کاردانەوەمان هەبێت، کردەوەی توندوتیژ و سەختمان دەبێت.

ئەم گروپە هونەریە، کە پێشتر ئەنیمەیشنی شەڕی سەختی کەنداوی فارسیان ئامادە کردووە، لە ناساندی دوایین بەرهەمی خۆیدا نووسیویەتی: ئەم ئەنیمەیشنە ئابوری نەوتی خانەدانی ئالی سعود بەرەوڕووی کێشە دەکاتەوە، بە جۆرێک، کە ئەگەر کیڵگە نەوتیەکانی ئەم وڵاتە بکرێتە ئامانج، ئابووریەکەی ئیفلیج دەبێت و چیدی قسەی بۆ گوتن نابێ لە ناوچەکە.

ئەوەی لە ئەنیمەیشنەکانی هەر دوو وڵات جێی سەرنجە، دەستەوەستانی و دۆشداماوی تەواوی دوژمن و بەرامبەرەکەیە و سەرکەوتنی تەواوی سەربازی هێز خودیەکان وێنا دەکرێت. نە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێرانی لە ڤیدئۆی سعودیەکان توانای دەربازبوونیان هەیە و نە سیستەمی بەرگری موشەکی ئێران توانای کردنە ئامانجی موشەکەکانی سعودیەی هەیە، کە بە “ریاح شرق” دەناسرێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ئەنیمەیشنەکاندا سووکایەتی بە هێما و پیرۆزیەکانی دوو وڵات دەکرێت. وێنەی رێبەرانی ئێران و سعودیە کاریکاتۆرە. لە ئەنیمەیشنی سعودیەکان، ئایەتی قورئانی دروشمی سوپای پاسداران بە وشەی شەیتان رازاوەتەوە، واتە بە ئیتاعەت و پەیڕەوی لە شەیتان دەجووڵێنەوە. لە ڤیدیۆی ئێرانیەکانیش وشەکانی ئیماندار جێی خۆی داوە بە وشەی کافر و بێ دین و ئەستێرەی داوود پەیوەستە بە شمشێری ناو ئاڵەکەی سعودیەوە.

رێبەرانی ئێران و سعودیە سەرباری ئەم  ناکۆکیەیانە، بەردەوام جەخت دەکەنەوە، کە خوازیاری شەڕی راستەوخۆ لە گەڵ یەکتر نین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com