کورد و سوننە دەتوانن کاتی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوابخەن؟

0

نوچەنێت

سوننەکان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن. شیعەکانیش داوا دەکەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەبچێت. کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی کورد دەڵێت “باشترە کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشداری هەڵبژاردن نەکات”. سوننەکان هەڵبژاردن لەم کاتەدا بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.

زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەسی سوننە ئاوارەن[١]

رۆژی پێنجشەممە ١٨-١-٢٠١٨، ئەحمەد مساری، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنی عێراقی و ئەمینداری گشتی پارتی حەقی نیشتمانی رایگەیاند، ناکرێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت، لە کاتێکدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس ئاوارەن. هەروەها دەڵێت “خراپی سەقامگیری و دۆخی خزمەتگوزاریی لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان، بە ئاستەنگ لەبەردەم دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ  ماڵەکانیان دەزانێت”.

مساری لەگەڵ ساڵح شاعری، باڵیۆزی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە عێراق کۆبووەوە و ئەو قسانەشی هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کرد. هاوکات هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مساری جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، کە پێویستە  لە بودجەدا پارەی پێویست تەرخانبکرێت بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارە کۆنترۆڵکراوەکان، کە دەبێتە هۆی خێرا گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

بۆ کورد، هێچ باش نییە لە ناوچەجێناکۆکەکان بەشداری هەڵبژاردن بکات

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دکتۆر مه‌حمود عوسمان، کەسایەتی سیاسی و ناسراوی کورد، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سوننەی عەرەب بەگشتی داوا دەکەن هەڵبژاردنەکان دوابخرێت، لە بەر ئەوەی ناوچەکانیان وێران بووە و خەڵکێکی زۆریان دەربەدەر بووە و نەگەڕاونەتەوە، کوردیش بەدڵنیاییەوە دەبێ داوابکات دوا بخرێ، چونکە لە ناوچەجێناکۆکەکان دۆخێکی زۆر نالەبار هەیە و خەڵکێکی زۆر دەربەدەر بووە، حوکمی سەربازی هەیە و حوکمی هاوبەش نییە، کە کورد و پێکهاتەکانی تری تێدا بێ بە پێی دەستور. هەروەها بۆ کوردیش هێچ باش نییە، کە هەڵبژاردن لەو ناوچانە بکرێت، چونکە بۆ بەرژەوەندی کورد نابێ، لە بەر ئەوەی داوایەک هەیە دوابخرێ، کە زیاتر سوننە عەرەبەکان و کورد داوای دواخستنی دەکات، تاچەند دوا دەخرێ یان نا  دیار نییە، بەڵام پێموایە دوابخرێ باشترە، هەر هیچ نەبێ کەمێک دۆخەکە هێور بێتەوە و خەڵک بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. حکومەت لە گەڵ کورد رێککەوتن بکات و خۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان ئاسایی ببێتەوە. ئەگەر وانەبێت هەڵبژاردنەکە دادپەروەر نابێ. 

لە بارەی ئەوەی شیعە بە تەنیا دەتوانێ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە کاتی خۆیدا بدات مەحمود عوسمان گوتی “ئەگەر هەموو کورد و هەموو سوننە رازی نەبن و بیانەوێت هەڵبژاردن نەکرێت، شیعە بە تەنیا ناتوانێ، بەڵام لە ناو کورد و سوننە خەڵکانێک هەیە، لەگەڵ شیعەن و داوای دواخستنی ناکەن، لەبەر ئەوە هەموو بەیەکەوە نین، شیعە دەتوانێ لە پەرلەمانی عێراق زۆرینەی دەنگ بهێنێ تا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ، ئەگەریش لە پەرلەمان دەنگ نەهێنی، لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار دەدات، بەڵام ئەنجامی بۆ عێراق باش نابێت”.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە دەڵێت، پێموایە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، (ماددەی ١٤٠) کورد هەڵبژاردن نەکات، و بەشدار نەبێ، چونکە بەپێی دەستور ئەو ناوچانە دەبێ ئیدارەی هاوبەشی هەبێ، بەڵام وانییە و تەنیا لایەنی بەغدایەو، ئیدارەیەکی سەربازییە و خەڵک دەربەدەرە. هەروەها لە ناوچەکانی دیکە هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشدار بن.

دەنگدانی نهێنی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ مانگی ١٢ شکستیهێنا[٢]

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، پێشنیازکرا هەڵبژاردنەکان بۆ سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم (مانگی ١٢)ی ئەمساڵ دوابخرێن، لە کۆی ٢٦٠ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، ١٤٩ پەرلەمانتار داوایانکرد دەنگدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمان بە نهێنی بێت. بەڵام شیعەکان رەتیانکردەوە و دەڵێن، پرۆسەکە یاسایی نەبووە و لە ئەنجامیشدا دەنگدانی نهێنی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان شکستیهێنا.

سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “دەنگدانی نهێنی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان شکستیهێنا و لەسەر داوای ١٢٣ پەرلەمانتار کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بۆ رۆژی شەممە دوادەخرێت”.

سوننەکان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن. شیعەکانیش داوا دەکەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەبچێت. قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی، دواخستنی هەڵبژاردنەکان عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات. هەروەها هادی عامری دەڵێت، دژی دواخستنی هەڵبژاردنەکانین.

فراکسیۆنی هێزە عێراقییەکان (سوننەکان) بە نووسراوی فەرمی، دووپێشنیازی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان پێشکەشکردووە، یەکەم، هەڵبژاردنی لە عێراق دوابخرێت، دووەم، ئەگەر هەڵبژاردنیش لە تەواوی عێراق دوانەخرا، ئەوا هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا دوابخرێت، کە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون.

دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق دەبێتە رووداوێکی ترسناک[٣]

ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١٨-١-٢٠١٨) باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پشتگیریی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١٢ی مانگی ئایاری داهاتوو دەربڕی. دواخستنیشی بە “رووداوێکی ترسناک” ناودەبات.

ئەوە لەکاتێکدایە، کە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پرسی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تاوتوێ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر وادەی هەڵبژاردنەکان و داوای چەند لایەنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەکە پشێویی تێکەوت ، دەنگدانی نهێنیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ شەممەی داهاتوو.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر پاڵپشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە نیشتمانییەکانی عێراقە، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ وەک چۆن دەستور جەختی لەسەر کردووەتەوە. هەروەها “دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەبێتە رووداوێکی ترسناک و دەستوور پێشێل دەکات و ل،ە ئایندەی دوور زیان بە پێشکەوتنی دیموکراتی لە عێراق دەگەیێنێت”.

لە راگەیەندراوەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی داوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکاری پێشکەش دەکات بۆ گەرەنتیکردنی هەژمارکردنی دەنگی عێراقییەکان بە دەنگی نزیکەی ٢ ملیۆن و ٦٠٠هەزار عێراقی، کە هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە ناوچە رزگارکراوەکانیان.

عەبادی هاوپەیمانییەی بە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵییە[٤]


حەیدەر عەبادی، کە لە ماوەی سی ساڵی رابردوو، عێراقی لە شەڕی دژ بە داعش ئاراستە کردووە، دوای ماوەیەک  مشتومڕی  ناوخۆی حزبەکەی، بە پێکهێنانی هاوپەیمانی النصر، پێی نایە مەیدانی رکابەرایەتی هەڵبژاردنەکانەوە. بە دەر لەمەش، لە ناوخۆی حزبەکەی واتە حزبی دەعوە، ململانێی نوری مالیکی، سەرۆکی ئێستای ئەم حزبە کردووە.

هاوپەیمانی النصر، لە ٢٨ فراکسیۆنی سەربازی و  سیاسی تورک، سوننە، مەسیحی، شەبەک و تورکمانەکان پێکهاتووە، کە بە تێکڕایان لە تێکشکانی داعش لە عێراق، رۆڵی سەرەکییان هەبووە.

عەبادی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، لە تویتێکدا، ئامانج لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەی، بە-بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی سەرتاپاگیری ئەم وڵاتەی راگەیاندووە و، هیوای دەربڕیوە کە سەرکەوتن بە دەست بهێنیت.

لە کاتێکدا لە وادەی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە، گەرم و گوڕی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، خۆی دەردەخات. گروپ و پێکهاتەکانی سوننە و شیعە و کورد، لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی و هەڵوێستەکردندان. هاوکات عەبادی بانگەشەی ئەوە دەکات کە هاوپەیمانی النصر، لە سەرەوەی هەر جۆرە بیروبۆچوونێکی قەومی و تایفیە و داوای لە فراکسیۆنەکانی غەیرە شیعە کردووە، کە پەیوەست ببن بەم هاوپەیمانێتیە.

سەرباری ئەم بانگەشەیە و رێککەوتنی رۆژانی رابردوو، یەکێک لە سەرکردە بە بڕشتەکانی شیعەی عێراق، واتە موقتەدا سەدر کە بە سەدان هەزار کەس جەماوەر و لایەنگری هەیە، لە هاوپەیمانی عەبادی کشایەوە.

سەدر کە لە ساڵانی رابردوودا، بەردەوام لە دژی گەندەڵی حکومەت و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان و داهاتی نەوتی عێراق، رابەرایەتی خۆپێشاندانی جەماوەری و سەدان هەزار کەسی کردووە. هۆکاری ئەم کشانەوەی گەڕاندۆتەوە بۆ بوون  وئامادەیی گروپەکانی وەک عەسائب ئەهل حەق، کەتائیب حزبوڵڵا، رێکخراوی بەدر و میلیشاکانی حەشدی شەعبی لەم هاوپەیمانییە.

ئەنجام

عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، نەک تەنیا بۆ پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە داهاتووی سیاسی و ئەمن و ئاسایشی روون نییە ، بەڵکو بۆ وڵانی زلهێزیش بەهەمان شێوەیە، لە نێوەندەدا هەڵبژاردن تەنها لە قازانجی شیعەکاندایە و لە بەرژەوەندی کورد و سوننە دەدرێت، کورد و سوننە ناڕازین بە بەنجامدانی و داوای دواخستنی دەکەن، بەڵام لە بەر پەرتەوازەیی و یەک گوتار نەبوون، ئەگەری سەرکەوتنی شیعەکان لە هەر کات زیاترە بەڵام ئەم سەرکەوتنەش ئەنجامەکەی دڵخۆش کەر نابێت، چونکە ئەگەری سەپاندنی هەژموونی شیعە بەسەر پێهاتەکانی دیکە زۆرە و لە بەرانبەردا ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی تایفی شاراوە نییە، سەرەڕای دروستبوونی گروپی توندڕەو.

بەرای شرۆڤەکاران، کورد تەنیا بە یەکگرتووی دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، بەڵام لەم بارودۆخە بەتایبەت لەدوای ١٦ی ئۆکۆبەرەوە پەیوەندی حزبەکان ئاڵۆزی تێکەوتووە. ئەگەری یەکگرتن زۆر زەحمەت  و دور لە چاوەڕوانییە.

پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێ، کە ئایا بەرژەوەندی ئەمریکا لە چیدایە، کە پشتگیری شیعە دەکات و لەگەڵ ئێران هاو هەڵوێستە؟

سەرچاوەکان

١ـ http://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/180120189

٢ـ http://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/180120187

٣ـ http://www.nuche.net/?p=113187

٤ـ http://www.nuche.net/?p=112948

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com