زمانی کوردی، لەبەردەم گەشەسەندن و هەڕەشەی لە ناوچوندا

0

نوچەنێت

زمانی کوردی لەگەڵ ئەو زمانانەیە، کە مێژوویان بۆ زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆکارگەلیکی جیاواز ، وەکو نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی زۆر پەرەی پێنەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی لەبەرامبەر زمانەکانی دیکە خۆی لە ناوچوون بپارێزێت. بەرپرسێکی وەزارەتی رۆشنبیریش دەڵێت “هەبوونی شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی نەبووەتە هۆی لاوازکردنی زمانەکە، بەڵکو بووەتە مایەی دەوڵەمەندکردنی”.

زمانی دایک[١

ڕۆژی جیھانی زمانی دایک، دەکەوێتە ٢١ی شوباتی ھەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرهەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە ١٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا و، ساڵی٢٠٠٨ ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، پشتیوانی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی ٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتی زمانەکان.

 ڕۆژی جیھانی زمانی دایک، لە رۆژی بزاڤی زمانی ساڵی  ١٩٥٢ی  بەنگلادیش  (ڕۆژھەڵاتی ئەوسای پاکستان بەر لە سەربەخۆیی)ەوە سەرچاوەی گرتووە. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا، کە دژی سیاسەتی زمانی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزایییان دەردەبڕی، بە دەستی ھێزەکانی پۆلیس و سوپای پاکستان کوژران. 

مێژووی زمانی کوردی[٢

بە پێی لێکۆلینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی “ساێنس science”   لێکۆڵەرانی نیوزیلەند رایدەگەیەنن، بنەماڵەی زمانەکانی هیند و ئەوروپی نوێ و مودێرن، خاوەنی مێژوویەکی هەشت تا نۆ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەوە پێش و لە ناوچەیەک کە ئەمڕۆکە ناوی تورکیای لەسەرە سەرچاوەیان گرتووە، کە تیایدا زمانی کوردیش وەک یەکێک لەو زمانە هیند و ئەوروپییانە ناوی هاتووەو، هەڵگری مێژووی زیاتر لە هەشت هەزار ساڵە و لە پاڵ چەند زمانێکی دیکە، وەک کۆنترین زمان ناوی هاتووە. بە پێی بەڵگەکان و ناوچەی باکوری کوردستانیش، کە لە راپۆرتەکەدا بە ناوچەی ئاناتۆلی تورکیا ناوی هاتووە، بە ناوچەی سەرهەڵدانی زمانە هیند و ئەوروپییەکانی دەزانێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم لێکۆلینەوەیە لە گۆڤاری زانستی “ساێنس science” بایەخی پێتر بەم مەسەلەیە دەدات. تا ئێستا دەگوترا، کە زمانە هیند و ئەوروپییەکان هەڵگری مێژوویەکی پێنج هەزار ساڵەن وو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی باکوری دەریای خەزەر، لێکۆڵینەوەی زانکۆی نیوزیلەند ئەوەی رەت کردەوە و بەشێکی زۆر لە خاکی تورکیای بە سەرچاوەی زمانە هیند و ئەوروپییەکان لەقەڵەمدا، بە پێی ئەو بەڵگانەی لەو لێکۆڵینەوەیە بڵاو کراوەتەوە، ئەو ڕاستییە دەردەخەن، کە زمانی کوردی و ناوچەی باکوری کوردستان، سەرچاوەی سەرهەڵدانی زمانە هیند و ئەوروپییەکانە و زمانی تورکی هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەی زمانە هیند و ئەوروپییەکانەوە نییە.

بنەماڵەی زمانەکانی هیند و ئەوروپییەکان، خاوەنی زۆر وشەی لێکچوو و هاوبەشن و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە هەموویان یەک سەرچاوەیان هەیە، ئەو لێکچوونانە لە نێو وشەکاندا وایکردووە، کە کۆمەڵێک زمانی جۆراوجۆر خۆیان لە نێو گروپێک دا بدۆزنەوە و ئەمڕۆ زمانەکانی زیندووی دونیا بە سەر چەند گروپێک دابەشبوون، کە هیند و ئەوروپی یەکێک لە گرنگترین و گەورەترینی ئەو دابەشکردنە زمانەکانی هیند و ئەوروپین.

زمانی تورکی هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەی زمانەکانی هیند وئەوروپییەوە نییە

لە نوێترین لێکۆڵینەوەی زانستی لێکۆڵەرانی زانکۆی ئۆکلاندی نیوزیلاند لە ژێر ناوی : Mapping theOrigins and Expansion of the Indo-European Language Family ” تێشک دەخاتە سەر رەگ و ریشە و سەرچاوە و پەرەسەندنەکانی بنەماڵەی زمانە هیند و ئەوروپییەکان و بیرۆکەیەکی تازە دەخاتەڕوو، کە زمانەکانی هیند و ئەوروپی لە ناوچەی ئاناتۆلی واتە تورکیای ئێستا سەرچاوەیان گرتووە.

 

ئەوەی لەو راپۆرتەدا وەک مەسەلەیەکی سەرنجراکێش باسی لێوە کراوە ئەوەیە، کە زمانی تورکی هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەی زمانەکانی هیند وئەوروپییەوە نییە، بنەماڵەی زمانەکانی هیند و ئەوروپی بریتین لە ٤٠٠ زمان، کە خۆیان لە ٦٠ وڵاتی دونیادا دەبینەوە.

بەربڵاوی زمانەکانی هیند و ئەوروپی و شوێنی سەرهەڵدانی ئەو بنەماڵەیە لە باکووری کوردستان. زمانی کوردی لەتەک ئەو زمانەیە، کە مێژوویان بۆ زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە

ئەو شێوازەی، کە ئەم گروپە لە لێکۆلینەوەکانی خۆیاندا پەیرەویان کردووە، هێشتا ڕای زۆربەی زمانناسان و بیرمەندانی ئەم بوارەی رازی نەکردووە، بەڵام بە دەسکەوتێکی گرنگی وەسف دەکرێ لە رووی مێژووییەوە و، ناوی زمانە کۆنەکان تیاییدا بە روونی هاتووە، کە زمانی کوردیش یەک لەو زمانانەیە.

زمانی کوردی، یەکێک لەو زمانانەیە کە سەر بە بنەماڵەی زمانەکانی هیند و ئەوروپییە و لەگەڵ زمانەکانی دیکە ناو ئەو بنەماڵەیە، خاوەنی کۆمەڵێک وشەی وێکچوو و هاوبەشن، گرنگی و بایەخی ئەو لێکۆلینەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە زمانی کوردی لای خۆمان لەرووی زانستی، کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە و باکوری کوردستان شوێنی سەرهەڵدانی بەشێکی هەرە زۆری ئەو زمانانەن، کە لە ئێستادا قسەیان پێدەکرێ.

زمانی ستاندارد[٣]

زمانی ستاندارد، كە زمانی ( ئەدەبی یەكگرتوو، زمانی فەرمی، زمانی نوسین، زمانی باڵا، زمانی هەموان، زمانی دەوڵەتی‌ و زمانی دەستوری)یشی پێدەڵێن، ئەو شێوە زمانەیە، كە لەسەر ئاستی نەتەوەیەك، یان لە سنوری دەوڵەت‌ و دەسەڵاتێكی حكومڕانی دیاریكراو لە بواری نوسین‌، خوێندن‌، كاری فەرمی‌ و كارگێڕی بەكاردەهێنرێت.

گرنگی بوونی زمانی ستانداردی كوردی، پێویستیەكی هێندە ژیاری‌ و سیاسی‌ و مێژوویی‌ و كەلتوری‌ و كۆمەڵایەتییە، كە مانای كورد بوون‌ و بوون بە نەتەوە‌ و دەوڵەت، پاراستنی كەلتور‌ و فەرهەنگ، دەربازبوون‌ و تێپەڕاندنی بیری خیڵەكی‌ و ناوچەگەری، پێشكەوتن‌ و شارستانیەتی كۆمەڵ، دەگەیەنێت.

لەئێستادا، كە پرسی دامەزراندن‌ و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە باشووری كوردستان، بووەتە پرسێكی جێی بایەخ‌ و مشتومڕی سیاسی‌ و رۆشنبیران‌ و ئەكادیمیان، بوونی زمانێكی ستاندارد‌ و یەكگرتوو وەك یەكێك لە پایە‌و كۆڵەكە سەرەكیەكانی دامەزراندنی دەوڵەت، زیاتر گرنگی خۆی دەسەپێنێ‌. 
ئەگەرچی ماوەی ٢٦ ساڵە كورد لە باشوری كوردستان (كوردستانی عیراق)، خاوەنی حكومەت‌ و دامەزراوە فەرمیەكانی دەوڵەتدارییە، بەڵام تائێستا زمانێكی ستاندارد‌و یەكگرتووی بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی نیە. بەپێچەوانەشەوە لە دامەزراوە فەرمی‌ و كارگێڕیی‌ و پەروەردەییەكانیدا، دوو زاری زمانی كوردی كاری پێدەكرێت. 

یەكلانەكردنەوە‌ و بە هەڵپەسێردراو هێشتنەوەی پرسی زمانی ستاندارد، كە هێندەی پرسی سەربەخۆیی‌ و بوون بە دەوڵەت گرنگە، هەم مایەی نیگەرانیە لە دەسەڵاتی سیاسی‌ و فەرمانڕەوایی كورد، هەمیش جێی تێڕامان‌ و مشتومڕی بەردەوامی پسپۆڕان‌ و شارەزایان‌ و روناكبیران‌ و خەمخۆرانی زمانی كوردییە.

 زیاتر لە هەزار ساڵە پێی دەنوسرێت

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی لە بارەی زمانی دایک و بە ستانداردکردنی زمانی کوردی رایگەیاند، زمانی کوردی، زمانێکی زیندووە و بە لایەنی کەمەوە زیاتر لە هەزار ساڵە پێی دەنوسرێت، کە ئەم ماوەیە دوور و درێژە و دەکرێ یەکێک بێت لە زمانە گرنگەکانی جێهان، کە توانییویەتی خۆی لەبەرابەر زمانە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، وەک زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی و زمانەکانی دیکە رابگرێت. ئەوان ئیمپراتۆریەتیان هەبووە و پەرەی پێداوە بە ڵام کورد دەوڵەتیشی نەبووە.

بابەکر دڕەیی پێیوایە، هەبوونی شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی نەبووەتە هۆی لاوازکردنی زمانی کوردی، بەڵکو بووەتە مایەی دەوڵەمەندکردنی بە شێوەیەکی گشتی، ئەگەر دەوڵەتێک (کوردی) بیهەوێت زمانی کوردی یەکبخات دەتوانێ لە شێوەزار و بن شێوەزارەکان دەستپێبکات و، دەوڵەمەندتر ی بکات . بەشێکی تر لە نوسەرە گەورەکان لە بابەتی شوکر موستەفا و مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و نەوشیروان مستەفا و کەسانی دیکە، هەوڵیانداوە لە نوسینەکانیاندا ئەم زمانە دەوڵەمەند بکەن. 

بەشێک لە وەرگێڕەکان ئاستیان نزمە

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی دەڵێت، ئێستا زۆر میدیای فەرمی و نافەرمی ئەم زمانە بەکار دەهێنن و بەشێکیان بە ناشارەزایانە و لەوە خراپتر بەشێک لەو وەرگێڕەکان، کە زمانەکانی تری دەورووبەری کوردستانەوە وەرگێڕان دەکەن، بەڕاستی ئاستێکی زۆر نزمیان هەیە لەو بوارەدا و هیچ سانسۆڕێکی دەوڵەتی نییە رێگریان لێناکات. 

دڕەیی ئاماژەبەوە دەکات، کە زمانی ستاندارد دەبێ حکومەت یان دەزگایەک پاڵپشتی بکات و بیپارێزێت، زمان پەیوەندی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و … هتد. لەو چاو ئەوەدا کە ئێمە دەوڵەت نین باش بەڕێوەچووە، بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی کوردستان رۆشنبیرن و خوێندەواری زۆرە. هەروەها کێشەی بەردەم زمانی ستانداردی کوردی نەبوونی رێککەوتنی سیاسییە و، نوخبەکان بەو ئاستە نەگەیشتوون گرنگی پێبدەن.

ئەنجام 

هه‌بوونی زمانی ستانداردی کوردی، واته‌ شێوه‌یه‌کی نوسینی هاوبه‌شی کوردی، کە پێویستییه‌کی یه‌کجار گرنگه‌ بۆ پاراستنی زمانی کوردی و گه‌شه‌کردنی، بۆ پێشکه‌وتنی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی و، بۆ پته‌وکردنی یه‌کیێتی کوردان‌ و، بۆ به‌هێزترکردنی پەیوه‌ندی مرۆڤایه‌تی نێوان هه‌مو خه‌ڵکی کوردستان و بسه‌رخستنی دۆزی ره‌وای کورد، چونکه زمانی ستاندارد بنچینه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی دروست دەکات.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا بار ودۆخی پێویست بۆ به‌دیهێنانی زمانی ستانداردی کوردی بۆ گشت کوردان، له‌سه‌رانسه‌ری کوردستان له‌بار نه‌بووه‌ و نییه. چونکه‌ کوردستان وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوو نییه‌ و  له‌ ئه‌نجامی سه‌دان ساڵه‌ی پارچه‌پارچه‌کردنی کوردستان و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی‌ کورد، له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی گه‌لانی سه‌رده‌ستی دراوسێ زاره‌کانی زمانی کوردی له‌یه‌ک دوورکه‌تونه‌ته‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌بێت ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستانی ئازاددا ده‌ستپێبکه‌ین، چونکه‌ هه‌ڵ و مه‌رج له‌وێ دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گونجاون. هه‌روه‌ها بوونی شێوه‌یه‌کی هاوبه‌شی کوردی له‌ هه‌رێمی کوردستان، بناخه‌ی جێبه‌جێکردنی به‌فه‌رمیکردنی زمانی کوردییه‌.

سەرچاوەکان 

١ـ https://ckb.wikipedia.org

٢ـ http://www.rojikurd.net/mapping-the-origins-and-expansion-of-the-indo-european-language-family/

٣ـ http://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=11047&type=farhang

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com