لایەنە سیاسییەکان چۆن خەڵک ئاراستە دەکەن؟

0

نوچەنێت

رۆژی ١٥-٤-٢٠١٨ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە هەڵواسینی پۆستەر و ئاڵای حیزبەکان دەستیان بە بانگەشە کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢-٥-٢٠١٨، کە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێم بەڕێوەدەچێت. بەگشتی میدیای لایەنە سیاسییەکان پڕۆپاگەندیان دەستپێکردووە و هەندێک جار سنوورەکان دەبەزێنن. دەرونناسێکیش دەڵێت “ئەوەی لە رووی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە گرنگە، چۆنیەتی سوود وەرگرتنە لە تەکنیکی ریکلام و پڕوپاگەندە”. 

کاندیدەکان پێشتر بانگەشەیان دەستپێکرد

لە هەرێمی‌ كوردستان، كە مامۆستایان‌ و فەرمانبەران خۆپیشاندان‌ و ناڕەزاییەكانیان بۆ لابردنی‌ سیستەمی‌ پاشەكەوتی‌ موچە چڕكردەوە، جموجوڵی‌ كاندیدی‌ حزبەكان فراوانتر بوو. ئەوەی‌ دۆخەكەی لە فەرمانبەران تێك دا، بەشێك لەكاندیدی‌ حیزبەكان خۆیان خزاندووەتەوە ناو خۆپیشاندان‌ و لە ماوەی چەند مانگێکەوە كاریان بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگ دەكرد. لەمەیدانی‌ خۆپیشاندانەكاندا تەراتێنیان دەكرد. 

گۆڕینی ئاراستەی خەڵک 

د. محمد ناسر سیمایی، راوێژکاری دەروونی و ماموستای زانکۆ، لەبارەی چۆنیەتی و کاریگەریەکانی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن رایگەیاند “ئێستا لە هەموو دنیا، لە هەموو بوارەکان و بەتایبەت سیاسەت، بەبێ سیاسەتێکی فراوانی قووڵی پڕۆپاگەندە و ریکلام بوونی نییە، لە رووی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە سەروکارمان لە گەڵی هەیە ئاراستەکانە. ئاراستەیەک، کە ئێمە لە بارەی بابەتێکەوە هەمانە، وەک نمونە، رق و خۆشەویستی رەگەزێک، ئایینێک، حزبێک تەنانەت رەنگێکیش، کە ئەمانە سێ پێکهاتەی هەیە. پێکهاتەیەکی مەعریفی، عەقڵی و سۆزداری و کرداری”. 

محمد ناسر سیمایی دەڵێت، هەر جۆرە کەمپینێک، کە حزبێک دایدەنێ بۆ کاندیدەکانی خۆی، دەبێ ئاوڕ لەو سێ پێکهاتەیە بداتەوە و بزانێت گۆڕینی ئاراستە، کە کەسانێک هەیە بەرانبەریان روانگەیەکی باشیان نەبووە یان لە هەڵبژاردنەکان تووشی چاواشەکاری بوون و دەتەوێت بیگۆڕی، باشترین کار گۆڕینی لایەنی عەقڵی و مەعریفەکەیەتی، زانیاری روون و شەفاف و سەردەمیانە و ئامار، کە بۆ رێنوێنی کردنی خەڵک و ئاراستە کردنیەتی، بەڵام لایەنی سۆزادری ناتوانی چاوپۆشی لێبکەی لە رەنگ و دەنگ و دروشم، کە خەڵک بوروژێنێت. هەروەها لایەنی کرداری بۆ ئیرادە، واتا ئیرادەی خۆت و خەڵکی تێدایە بۆ جێبەجێ کردنی، بە مەبەستی گەیشتن بە هەر ئامانجێک، کە دیاری دەکرێت.

دیموکراسی بە درووشمی توندوتیژ یان زۆری چەک نابێ

ئەو ماموستای زانکۆیە ئاماژەی بەوەدا، کە لە ریکلامی ئەم دوو رۆژە لە سەر شەقام دەیبینین، لەچاو جاران کەمێک نەرم ترە و جەخت لەسەر کێشە و گرفتی خەڵک دەکرێتەوە و درووشمە بریقەدارەکانی کۆن و رکابەری نەریتی و بۆ هەڵبژاردنەکان، هەستدەکەم بەرەوپێشچوونی تێدایە، کەمێک ئارام ترە. دەشڵێت “لەبواری دەنگە دەنگ و هەڵواسینی شوێنی پۆستەر و فلێکس و وێنەکان و هەندێ شتی دیکە، گۆڕانکاری نەکراوە، هەم لە رووی ژینگەپارێزی و هەم لە رووی دروستکردنی قەرەباڵغی لەناو بازاڕ.

محمد ناسر سیمایی باس لەوە دەکات، کە ئەوەی لە رووی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە گرنگە، چۆنیەتی سوود وەرگرتنە لە تەکنیکی ریکلام و پڕوپاگەندە. هەروەها لەبنەڕەتدا هەڵبژاردن پرۆسەیەکە بۆ ئەوەی خەڵک فێری دیموکراسی و پێکەوە ژیان بکەی، لە کاتێکدا دەڵێی دەبینە پارێزەی دیموکراسی، ناکرێ پەیامی خۆت بە درووشمی توندوتیژ یان زۆری چەک بگەیەنێ، کە لە راستیدا هیچ مانایەکی نییە.

ئاراستەکردنی رای گشتی جەماوەر[١]

زۆرێك لەپسپۆڕانی میدیا و سیاسییەكانیش رایانوایە، كە لەزۆر كەمپەین و پڕۆسەی هەڵبژاردندا و بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتان، میدیا بەگشتی و تەلەفزیۆن بەتایبەتی رای گشتی جەماوەری ئاڕاستەكردووە و زۆرجاریش لەدەرەوەی ستراتیژیەتی پارتە سیاسییەكان و ستراتیژیەتی نەتەوەیی بەجۆرێك كاریگەری دروستكردووە، فاكتەری سەرەكی دەرچونی یەكێك لەكاندیدەكانی دەرەوەی هێڵی نەتەوەیی و ستراتیژیی ئەو وڵاتانە بووە.

میدیای ئەلیكرۆنی و سۆشیال میدیا، لە پڕۆسە سیاسییەكاندا

لەچەند ساڵی رابردووەو بە تایبەتیش لەدوای گەشەسەندنی فۆڕمەكانی میدیای ئەلیكترۆنی و بەتایبەتیش سۆشیال میدیا، تاڕادەیەكی زۆر پارتە سیاسییەكان و كاندیدەكان، و تەنانەت جەماوەریش زیاتر پشت دەبەستێت، بە میدیای ئەلیكرۆنی و سۆشیال میدیا، لە پڕۆسە سیاسییەكاندا و بە تایبەت لە كەمپەینەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا. ئەوەش بە هۆی فراوانبونی تۆڕەكانی ئینتەرنێت لە وڵاتان‌ و هەرزانی نرخی بەكارهێنانی‌ و ئاسانی لە بەكارهێنانی‌ و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوی سەردەمیی‌ و مۆبایل‌ و تابلێتە زیرەكەكانەوە.
 

كاندیدەكان كەمترین سوود لە سوسیال میدیا وەردەگرن

ئەم ئامارەو ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو، بەتایبەتی پێشكەوتوو لەتەكنۆلۆژیاو دیموكراسیدا، چونكە گەشەی میدیای پەیوەندییەكی زۆر راستەوخۆی بەگەشەی دیموكراسی لەوڵاتاندا هەیە، وڵاتانی خاوەن دیموكراسی خاوەن میدیای سەردەمی و پێشكەوتوو و كاریگەرن، بەپێچەوانەشەوە، لەهەرێمی كوردستانیش هەرچەندە میدیای ئەلیكترۆنی گەشەی باشی كردووە، بەتایبەتی رێژەی بەكارهێنەرانی فۆڕمەكانی سۆشیال میدیا زۆرن، بەبەراورد بە فۆڕمەكانی دیكەی میدیا لەكوردستان، بەڵام لەبەرامبەردا پارتە سیاسییەكان و كاندیدەكان كەمترین سوودیان لێ وەرگرتون.

كاندیدەكانیان لە بۆنە كۆمەڵایەتییەكان نمایش دەكەن

لە هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشە و كەمپەینەكانی هەڵبژاردن، فۆڕمی دیالۆگی ناوبەناو هەیە، كەمتریش لەمیدیا، خۆنمایشكردنی كاندیدی لیستەكان و سەرۆك و تەنانەت ئەندامە باڵاكانی پارتە سیاسییەكان زیاتر نمایشی كۆمەڵایەتین و لەپرسە و چلە و بۆنە كۆمەڵایەتییەكان هەوڵدەدەن كاندیدەكانیان نمایش بكەن، هەروەكو چۆن كاندیدەكانیش هەمان فەرهەنگ و كەلتوری كەمپەینكردن بەكاردەهێنن و لەبری ناردنی پەیام و بەرنامەی كارو پڕۆپۆزەلی پڕۆژەكانیان خۆیان بەبێ پەیام دەچنە سەردانە كۆمەڵایەتییەكانەوە.

میدیای‮ ‬بەهێز پێویستی‮ ‬بە كۆمەڵگەیەكی‮ ‬مەدەنی‮ ‬بەهێزە[٢]

پەیوەندی‮ ‬نێوان میدیا و توندوتیژی‮ ‬لە هەڵمەتەكانی‮ ‬بانگەشەی‮ ‬هەڵبژاردندا،‮ ‬پەیوەندیەكی‮ ‬مشتومڕانەیە، كە پەیوەندی‮ ‬كاریگەری‮ ‬و كاریگەربوونە،‮ ‬میدیای‮ ‬بەهێز پێویستی‮ ‬بە كۆمەڵگەیەكی‮ ‬مەدەنی‮ ‬بەهێز و لێك جیاكردنەوەی‮ ‬دەسەڵاتەكان و دادوەرییەكی‮ ‬سەربەخۆ و ژیانێكی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬شەفاف و جیهانبینی‮ ‬روون هەیە، بەڵام ناڕاستەوخۆش لای‮ ‬ئەوانەی‮ ‬دەزگاكان و ئامرازەكانی‮ ‬میدیا ئاراستە دەكەن،‮ ‬دەرئەنجام و شوێنەواری‮ ‬ئەم بێئاگابوونە خۆی‮ ‬لە توندوتیژی‮ ‬دەبێنێتەوە‮.‬

توندوتیژی‮ ‬لە میدیادا و لەلایەن میدیاوە پرسێكی‮ ‬دیكەیە، كە هەڵسوڕاوانی‮ ‬دامەزراوەكانی‮ ‬میدیایی‮ ‬لە كوردستان، پێویستە لە رۆژانی‮ ‬بانگەشەی‮ ‬هەڵبژاردندا جەخت لەسەر دووركەوتنەوەی‮ ‬ناوەندەكانی‮ ‬میدیا بكەنەوە لەهەر جۆرە توندوتیژیەكدا، كە دەبێتە هۆی تێكدانی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬كۆمەڵایەتی‮، ‬چونكە مەترسی‮ ‬گەورە ئەوەیە میدیا بۆخۆی‮ ‬ببێتە ناوەندێك بۆ بڵاوكردنەوەی‮ ‬توندوتیژی‮ ‬و میدیاكارانیش چ بە ئاگایی‮ ‬یان نائاگایی‮ ‬بەشداربن لە بەرهەمهێنانی‮ ‬توندوتیژی‮ ‬و دواجار گواستنەوەی‮ ‬بۆ رای‮ ‬گشتی‮.

‬توندوتیژی‮ ‬رەمزی‮ ‬و میدیای‮ ‬بینراو لە كوردستاندا هەندێ جار لە نموونەی‮ ‬چەند كەناڵێكی‮ ‬بەناو سەربەخۆ و ئازاد دەبینرێ بەتایبەتیش لە گەرمەی‮ ‬بانگەشەی‮ ‬هەڵبژاردندا بەوەی‮ ‬توندوتیژی‮ ‬رەمزی‮ ‬ئامادەیی‮ ‬هەیە كاتێك بەشێك لە میدیاكارانی‮ ‬ئەو كەناڵانە لە رێگەی‮ ‬خاوەن بیركردنەوە و ئایدۆلۆژیەكی‮ ‬سەپێنراو بەسەر بینەرو میوانانی‮ ‬بەرنامەكانیان هەوڵ دەدەن توندوتیژی‮ ‬رەمزی‮ ‬بسەپێنن و لەرێگەی‮ ‬زانیاریەكانەوە بەسەر رای‮ ‬گشتییەوە پەخشی‮ ‬بكەن،‮ ‬ئەو سیاسەتە میدیایەش دواجار كاریگەری‮ ‬نەرێنی‮ ‬بەسەر ئاستی‮ ‬بیركردنەوەی‮ ‬جەماوەرو رەفتارەكانیان دەبێت‮.‬

ئاگاداری باری ده‌روونی خه‌ڵك بن[٣]

ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ریی خورماتوو، لەبارەی دەستپێکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، داوایەک ئاراستەی سەرجەم لیست و کاندیدەکان دەکات و داوایان لێدەکات به‌ جوانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رێبكه‌ن و ئاگاداری باری ده‌رونی خه‌ڵكی خورماتوو بن.
 
ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ریی خورماتوو دەڵێ، بۆ سه‌رجه‌م لایه‌ن و كاندیده‌كان بێ جیاوازی، ڕامانوایه‌ خه‌ڵكی خورماتوو له‌ دوای كاره‌ساتی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك بریندار و بێزاره‌، هه‌موو توڕه‌ن له‌وه‌ی، كه‌ روویداوه‌، له‌ دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریشه‌وه‌ به‌ هه‌واڵی ناڕاست و چه‌واشه‌كاری ئه‌وه‌نده‌ی تر خه‌ڵكمان ماندوو كراوه‌، ئێستاش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خۆی پرۆسه‌یه‌كی گه‌رم و گوڕه‌، پڕه‌ له‌ بانگه‌شه‌ و قسه‌ی ناڕه‌وا و ته‌شه‌نوجاتی سیاسی،
 
ئێمه‌ هیوادارین هه‌موو لایه‌نه‌كان و كاندیده‌كان به‌ جوانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رێبكه‌ن و ئاگاداری باری ده‌رونی خه‌ڵكی خورماتوو بن. 
 
ئەنجام 

بینیمان خەمی‌ مامۆستایان‌ و فەرمانبەران ئەوە بوو موچەی‌ مانگانەیان بچێتەوە دۆخی‌ ئاسایی‌، بەڵام لەولاوە بەشێك لەكاندیدی‌ حیزبەكان خۆیان خزاندووەتەوە ناو خۆپیشاندان‌ و كاریان بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگ دەکرد.

لەهەرێمی‌ كوردستان، هاوشان لەگەڵ گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان جموجوڵی‌ كاندیدی‌ حزبەكان فراوانتر بوو. بەڵام ئەوەی‌ دۆخەكەی لە فەرمانبەران تێك دا، كاندیدی‌ حزبەكانن، كاندیدەكان لەمەیدانی‌ خۆپیشاندانەكاندا تەراتێنیان دەكرد.

ئەم پرسیارە لێرەدا دروست دەبێ، کە ئەو لایەنە سیاسی و کاندیدانە، کە ناڕەزایەتییەکانیان بە هەل دەزانی بۆ خۆدەرخستن تا چەند هەوڵیان بۆ دەدەن ئاگایان لە باری دەروونی کۆمەڵگا بەتایبەت موچەخۆران دەبێ؟  

سەرچاوەکان
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com