هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی شەش لایەنە ناڕازیەکە

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گوتی، بە جددی بەشدار دەبین لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: من دەمەوێت لەسەرەتا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە گەلی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و گەلی کوردستان بکەم، سوپاسی هەموو ئەو هاوڵاتیانە دەکەم، کە بەشداریانکرد لە پرۆسەی دەنگدان، کە ئەلحەمدولیلا بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت. ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی باشبوو بۆ هەموو گەلی عێراق بە تایبەتی، کە لە رووی ئەمنییەوە هیچ کێشەیەکی وا گەورە رووینەدا. ئێمە هیوادارین دوای ئەو هەڵبژاردنە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی هەموو سیاسییەکانی عێراق دەرسێک فێر ببن، ئەوەیش ئەوەیە، کە زیاتر گرنگی بدرێت بە پێداویستی و داواکاری خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی بەختەوەر و دۆخێکی باشتر لەرووی خزمەتگوزاری و ئیشوکارەکان بۆ خەڵک، ئێمە هیوادارین”.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی نیگەرانی شەش لایەنی کوردستانی لە ئەنجامی هەڵبژاردن گوتی “ئەو شەش لایەنەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیەوە لەپرسی هەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکوک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە، بەڵام هەر نیگەرانییەک هەیە دەبێت بڕەوێتەوە، نیگەرانی ئەو شەش لایەنە بە جددی وەردەگرین و وەک سەرۆکوەزیران داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جددی کاری لەسەر بکات”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق گوتی “لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا دەستپێدەکات، ئێمەش وەکو لایەنی خۆمان، لایەنی کوردی زۆر بە جدی بەشدار دەبین لەو گفتگۆیانەی لە پێناو حکومەتی تازەدا دەکرێت. بە تەئکید هەرێمی کوردستان هەست دەکات کە قۆناغێکی تازەیە لە دەستپێکردنێکی تازە لە عێراقدا، دەیەوێت لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت لەگەڵ بەغدا ئینشەڵڵا بگات بە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق و گەلی کوردستانیشدا بێت، بەو هیوایەوە دەڕواتە بەغدا، لەو بابەتەدا یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان یەکجار زۆر گرنگە، پێویستە یەکڕیزی ناوخۆمان بپارێزین و بە یەکگرتوویی لە بەغدا ئامادە ببین”.

دەقی پرسیار و وەڵامەکان:

پرسیار: باس لە دروستکردنی هاوپەیمانی دەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، باس لەوەش دەکرێت، کە ئێوە نزیکترن لە سەدر لە لیستەکانی دیکەی وەکو فەتح و دەوڵەتی یاسا، ئایا دەستتان بە دانوستاندن لەوبارەیەوە کردووە؟

نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا تاوەکو ئێستا مەودایەکی جێگیرمان لەگەڵ هەمووان هەیە، تاوەکو ئێستاش بەشێوەیەکی فەرمی نەکەوتووینەتە دەستپێکردنی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەت و دروستکردنی هاوپەیمانێتی، بە تەئکید لە ماوەیەکی نزیکدا شاندی ئێمە دەڕوات بۆ بەغدا و لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسە دەکەین. ئەوە نییە ئێمە تەفزیلی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکە بکەین، ئێمە بەپێی ئەجێندای ئەو لایەنانە قسەیان لەگەڵ دەکەین، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی کوردستان و گەلی عێراق.

پرسیار: دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، برێت مەکگۆرک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ جەنابیشتان کۆبووەوە، ئایا ئەوەی لەگەڵ ئێوە باسیکرد لەسەر چی بوو، ئەوەی ئێوە خوێندنەوەتان بۆیکردووە، ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی داهاتوو چۆن بێت؟ لەلایەکی دیکەوە 6 لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەن، هەندێکیان هەڕەشەی ئەوە دەکەن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێنەوە، ئایا هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: دەمەوێت لەوەوە دەست پێبکەم ئەو 6 لایەنەی، کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مەسەلەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سلێمانی و بە تایبەتیش لە کەرکوک و بۆ ئەوەی قافیەی شعرەکەشیان بە رێک و پێکی بڕوات، هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە. ئێمە لە نیگەرانی ئەو لایەنانە تێدەگەین، من وەکو سەرۆکی حکومەتیش لە راستیدا ئەو هەوڵانەم پێگەیشتووە، ئێمەش نیگەرانین لەو بابەتە، ئەوەی من داوا دەکەم، ئەوەیە کۆمیسیۆن دەبێت ئەو مەسەلەیە زۆر بە جددی وەربگرێت و داواکاری ئەو لایەنانە بە جددی وەربگرێت، چونکە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چییە؟ ئەوەی بە نسبەت ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە، کە بە یەکڕیزی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، ئێستا ئەوانە وەکو لایەنی جددی لە هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە پرۆسەکە، ئێمە دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین ئەوەی پێمان بکرێت، کە دەبێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت، چۆن؟ دەبێت کۆمیسیۆن ئەو کارە بکات، هەر هەنگاوێکیش کۆمیسیۆن دەینێت لە پێناو ئەوەی، کە نیگەرانیان بڕەوێتەوە، من خۆم وەکو سەرۆکی حکومەت داوا دەکەم کۆمیسیۆن بە جددی بێتە سەر خەت، بە هەر شێوەیەک بێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت لە کوردستاندا. ئەوە بە نیسبەت ئێمە باشە، چونکە ئێمە دەبێت کۆتایی بەو دۆخە بهێنین، بەردەوام باس لەوە بکرێت ئەو هەڵبژاردنە پاک نییە، ئەو هەڵبژاردنانە کێشەی هەیە، دەبێت ئەمە تەواو ببێت.

ئێمە لاریمان نییە ئەگەر ئەو مەسەلەیە هەموو کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام دەبێت هەندێک هەنگاوی جددی بە تایبەتی لە کەرکوک و سلێمانی و شوێنەکانی دیکەش چ لە هەولێر و دهۆک و هەر شوێنێک ئەمە هەیە، دەبێت ئەمە یەکلا بکرێتەوە، ئێمە بە ئیتمینانەوە پێکەوە بچینەوە بۆ بەغدا. ئەو نیگەرانییانەش، کە نیگەرانی جددین هی ئەم هێزانە، من وەکو سەرۆکی حکومەت پێموایە دەبێت بە جددی و وەریبگرین، داوا لە کۆمیسیۆنیش دەکەم زۆر بە جددی کاری لەسەر بکات.

برێت مەکگۆرک هاتووەتە ئێرە، بەڵێ لەگەڵ مەکگۆرک یەکدیمان بینیوە، بێگومان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا قسەمان کردووە، ئەوانیش ئەوەی دەیانەوێت پێکهێنانی حکومەتێکە، کە لە خزمەتی هەموو هاوڵاتیانی عێراقدا بێت، لەو چوارچێوەیە سەیری دەکەن، من هەستم نەکرد ڤیتۆیان لەسەر کەس هەبێت، هەستم نەکرد، کە تەفزیلی هیچ لایەک بەسەر لایەکی دیکە بکەن، ئەمە بە پرۆسەیەکی عێراقی دەزانن دەیانەوێت عێراقییەکان خۆیان بڕیار بدەن، دەیانەوێت حکومەتێک بێت، کە گرنگی بدات بە خزمەتگوزاری و بەژیانی رۆژانە و ئابووری و کار بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بڕیاریشوایە بەردەوام بێت. ئەمڕۆ دیسانەوە سەردانی هەولێر دەکات لە ئاییندەشدا بەردەوام دێت. ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانیش دەبینێت لە پیرمام، ئەم دیدارانەش بەردەوام دەبن لەگەڵ هەموو لایەنەکان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com