روونکردنەوەی کۆمسیۆن لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم

0

نوچەنێت: تایبەت

بەڕێوەبەری گشتی داتاكان له‌ كۆمسیۆنی هه‌رێم رایدەگەیەنێت، تۆمارێكی نوێی ده‌نگده‌رانیان بۆ هه‌ڵبژاردنەکانی په‌رله‌مانی كوردستان دروست كردووه،‌ زۆربەی کارەکانی تەواوبووە، تۆمارەکە پشتی بەستووە بەنوێترین داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانی.

بڕیاره‌ رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌ ئەنجام بدرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستیکردووە به‌ ئاماده‌كاری.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، كاروان جه‌لال، بەڕێوەبەری گشتی داتاكانی كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی ‌هه‌رێمی کوردستان، رایگەیاند “تۆماری نوێی دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەرێم، پشتی بەستووە بە نوێترین داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانی و بە تایبەتیش فۆرمی خۆراك، لەسەر بنەمای نوێکردنەوەی سەرجەم زانیارییەکان لەماوەی دەساڵی ڕابردوو، یاسایەکی بەیاناتی نوێمان درووستکردووە و لەسەری ئەوە، دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکانی ئایندەی هەرێمی کوردستان”.

كاروان جه‌لال گوتیشی “ئەو تۆمارە نوێیەی، کە کۆمسیۆن ئامادەی کردووە، ناوی منداڵێ شیرەخۆری تێدایە، تاکو کەسانی بەساڵاچوو، لەهەر ساڵێکیشدا هەڵبژاردن بکرێت بەپێی ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە ١٨ ساڵ زیاد دەکرێت بۆ تۆمارە نوێیەکە”.

بەڕێوەبەری گشتی داتاكانی كۆمسیۆن ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆربەی هەرەزۆری کارەکانی ئەو تۆمارە نوێییە تەواو بووە، هەندێک وردەکاری بچوکی ماوە دوای ئەوەی لەماوەی چەندە رۆژی ئایندە کۆتایی پێدێت هەمووی رادەستی ئەنجومەن دەکەن بۆ ئەوەی ڕاسپاردندەی بۆ دەربچێت.

لەبارەی کاتی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی كاروان جه‌لال گوتی “دروستکردنی داتابەیسێک بەو قەبارە گەورەیە، بێگومان ئەرکێکی زۆر قورسە و ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدایەکی گەورەشە، بۆ ماوەی ٦ مانگ ئێمە کار لەسەر دروستکردنی ئەو تۆمارە نوێیە دەکەین و تیایدا سەرکەوتووبووین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com