نوچەنێت: تایبەت
برایەکی رامین حوسێن پەناهی رایدەگەیەنێت، مانگرتنی ئەمڕۆ وەڵامێکی شیاوی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان درایەوە. دەشڵێت “خاوەنداریەتی لە رامین، لوقمان، زانیار و سەرجەم شەهیدانی کویە کرا”.
پاش ڕووداوی موشەکبارانی سەر بارەگاکانی هەردوو حزبی دیموکرات لە کۆیە و لەسێ دارەکانی سێ زیندانی کورد لە رۆژی شەممە ٨-٩-٢٠١٨، ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بانگەوازێکدا داوایان لەخەڵک کرد بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان مانبگرن. ئەمڕۆش خەڵک بەدەم ئەم بانگەوازەوە چوو- و لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن بەڕێوەچوو، کە بەجۆرێک بە “ریفراندۆم” ناوی دەبەن.
لە لێدوانیكی تایبەت بە نوچەنێت، رەفێق حوسێن پەناهی، برای شەهید رامین حوسێن پەناهی، زیندانی سیاسی، کە لە ٨-٩-٢٠١٨، لەسێدارەدرا، لەبارەی مانگرتنی ئەمڕۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ خەڵکی رۆژهەڵات، لاپەڕەیەکی زێڕینی خستەسەر مێژووی خەباتی خۆی؛ هەروەها خاوەنداریەتی لە رامین، لوقمان، زانیار و سەرجەم شەهیدانی کویە کرد.
رەفیق حوسێن پەناهی دەشڵێت “وەڵامێکی شیاوی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دایەوە، کە بە تەقەکردن و موشەکبارانکردنی بارەگاکان و لەسێدارەدان، دەیهەوەێ پاشەکشەیان لە ویستی ئازادی خوازی پێبکات.
براکەی رامین گوتیشی، ئەمڕۆ بەم مانگرتنە، کە ریفراندۆمێکی گەورەیە، دڵی تەواوی دایکی شەهیدانیان شاد کرد، کە بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست لەبەرانبەر حکومەتی ئێران راوەستان.