ئەمریکا و شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران

0


نوچەنێت

هەموو شۆڕشە مەزنەکانی مێژووی هاوچەرخ،هەڵگری ئایدیۆلۆژیا، رێبەريی و بەرنامەی تایبەت بە خۆ بوونە  کە دوائامانجی پێش خستنی کۆمەڵگا و جێ خستنی چەمکی حاکمییەت و دەسەڵاتی خەڵک بوو، بەڵام شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران، پێچەوانەی ئەم ڕەوتە،لاڕێی کرد و ئەنجامێکی دیکەی لێکەوتەوە، بە کورتی ویستی خەڵک نە تەنها بە کردەوە، بەڵکو لە بەیانی تیۆریکیشدا، کەوتە پەراوێزەوە.

بێزاری سەرجەم چین و توێژەکانی ئێران، فاکتەری سەرەکی سەرهەڵدانی شۆڕش بوو،بەڵام ئەوەی کە ئایەتولڵاکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و زۆرجار لە دەقی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە ناونیشانی “دزرانی دەستکەوتەکان”ی شۆڕش هاتووە، دەرەنجامی دوو هۆکار بوون، یەکەم: سەرکوت و گەندەڵی و نابەرابەری چینایەتی، بە تایبەت لە دەیەی کۆتایی تەمەنی  رژێمی پاشایەتی گەیشتبووە ڕادەیەک کە زۆربەی خەڵک ئامادە بوون بۆ دەربازبوون لێی، هەموو رێگایەک بگرنەبەر. دووەم: تا سەروبەندی شۆڕش سەرجەم هێز  ولایەنە سیاسیيەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرکەوت و پەراوێز خرابوون، ئەوەی مابووەوە ئایەتولڵاکان بوو کە وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیدا مابوونەوە. بەم پێیە، خودی ڕژێمی پاشایەتی، بە شێوەی نەخوازراو، پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی بۆ لایەنگرانی ئایەتولڵا خومەینی پێکهێنابوو.(١)

شای ئێران لە کاتێکدا چاوەڕێی وەڵامی ئەمریکیەکان بوو، دەبوو بڕیاری کۆتایی بدا، ئەوەی کە ئایا لە ئێران دەمێنێتەوە یان دەبێ بڕوات. ئەمریکا لە ژێر گوشاری خەڵکی ئێران، چیدیکە نەیدەتوانی پشتیوانی لە ناوبراو بکات…ئەمە هەواڵێک بوو کە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانی دوای کۆبوونەوەی نافەرمی سەرانی چوار وڵاتی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، کە رێک دەیکردە دوو هەفتە بەر لە سەرەکه‌وتنی شۆرشی ١٩٧٩ی ئێرانیيەکان.

رۆژانی ٤ بۆ ٧ی جانیوەری ١٩٧٩، کالاهان، ژیشکاردستەن و ئیشمیت لە دوورگەی گوادلۆپ،هەڵکەوتوو لە دەریای کارائیب سەبارەت بە کۆمەلێک پرسی جیهانی و یەک لەوان ئێران کۆبوونەوە. جیمی کارتەر لە بیرەوەریيەکانی خۆی دەنووسێت: تێگەیشتم سێ کەسەکەی دیکە، پشتیوانییەکی ئەوتۆ لە شای ئێران ناکەن، ئەوان بیریان لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێ دەکردەوە و هەمووان پێانوابوو کە دەبێ شا بڕوات.

والری ژیشکاردستەن، سەرۆکی فەڕەنسا لە میانی کۆنفڕانسی گوادلۆپ، پێیوابوو کە جیم کالاهان، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش لەگەڵ خستنی شای ئێراندایە، بەریتانیەکان پێیانوابوو ئەگەر شا بمێنێتەوە، شەڕی ناوخۆیی سەرهەڵدەدات، خەڵکانێکی زۆر دەکوژرێن و کۆمۆنیستەکان دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن.

سەرۆکی فەڕەنسا، تەنانەت بە کارتەری گوتبوو کە پەیوەندی بە دژبەرانی شاوە بکات، چون پاریس بڕیاری کۆتایی دابوو، دەبا شا چووبا، ئەوان دەوری شایان خەت کێشابوو.

 چەند رۆژ داوای کۆنفڕانسی گوادلۆپ، واشنتۆن بە رێگەی دوو نێردەی ژیسکاردستەن، پەیاماێک ئاراستەی خومەينی دەکات. چوونی شا یەکلایی بۆتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئێران جێ دەهێڵێ، دەبێ ئاگاداری مەترسی سوپا بێت، کودەتای سوپا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. خومەینی لە وەڵامدا دەڵێت: کارتەر ئەگەر نیازپاکی دەنوێنێ و دەیهەوێ هێمنی ئێران پارێزراو بێت  وخوێنی هیچ کەس نەڕێژێت،باشتر وایە شای ئێران ببات و پشتیوانی دەوڵەتی بەختیار نەکات. هۆشداری دەدەمە ئەمریکا، ئەگەر لە ئێران کودەتا ڕووبدات، لە ئێوەی دەناسم.(٢)

کۆنفڕانسی گوادلۆپ یەکێکە لە نهێنیەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران. لێرەوەیە کە زۆریەک لە چاودێرانی سیاسی و مێژوونووسان پێیانوایە کە لەمسەرانی چوار وڵاتی زلهێزی جیهان لەم دوورگەیە گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە شای ئێران دەبێ ماڵئاوایی لە دەسەڵاتی پاشایەتی و بنەماڵەیی خۆی بکات. لەم سەروبەندەدا بووە کە سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی ڤیلیام سالیوانی پێگەیشتووە بەم ناوەرۆکە: ساتی چارەنووسساز بەڕێوەیە. شا لە سەر دوو رێیانییە، یان دەبی کاروباری وڵات رادەستی شاپوری بەختیار بکات و بۆ خۆی بڕوات یان ئەوەی کە رێگە بە سوپای بدات کە سەرکوتی خەڵکی ئێران بکات.

سالیوان ،باڵیۆزی ئەمریکا لە تاران بە سەرۆکی وڵاتەکەی دەڵێت لە ئێستادا دەبێ تەرکیز بخەینە سەر چۆنیەتی رۆیشتنی شا، لێرەوەیە کە ئەمریکييەکان هیوایەکیان بە شای ئێران نامێنیت. سالیوان پێیوابوو کە تەنها سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێ قەناعەت بە شای ئێران بهێنی کە دەبێ گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات. کارتەر دەست بە جێ راوێژکارانی خۆی كۆدەکاتەوە، لێیان دەپرسێ کە ئایا شای ئێران دەبێ بڕوات یان نا. ئەنجامەکەی دەبێتەوە ئەوە کە بە زمانێکی دیپلۆماسیانە داوا لە شای ئێران بکرێ بۆ پشوودان و کاروباری نەخۆشی ئێران جێ بهێڵێ…

قدرت جهانی وابستگی نداشته باشد “نباید برای آمریکا ناکامی تلقی شود.”

کارتەر جەخت دەکاتەوە کە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئێران لە ناوخۆ بمێننەوە و سوپاکە یەکگرتوو بهێڵنەوە، گرنگە کە سوپای ئێران پارێزەری پەیوەندیيەکانی تاران و واشنتۆن بێت.(٣)

شا پیاوی قەیران نەبوو

سەعید حەجارییان، یەکێک لە تیوریسیەنە گەورەکانی رەوتی ریفۆرمخوازی لە ئێرانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران دەڵێت: شۆڕش دیاردە و ڕووداویکی چەند رەهەندییە، پێموایە لاوازی شا، هۆکاری شۆڕش بوو، شا کەسایەتییەکی لاوازی هەبوو، لە منداڵییەوە وابوو، ئەو پیاوی قەیران نەبوو.

بە گوتەی حەجارییان، جیمی کارتەر،سەرۆکی ئەمریکا گەیشتبووە ئەو ئەنجامە کە باشتر وایە ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، بگۆڕدرێن بۆ ڕژێمی دیموکرات، هەر بۆیە ئێمە ناومان نابوو جیمی کراسی، کارتەر پێیوابوو کە دیکتاتۆرەکان بەرگە ناگرن، هەر وەک چۆن ئێستاش پێیانوایە لە بەهاری عەرەبیدا، دیموکراسی قازانجی بۆ ئەوان زۆرترە.(٤)

سێ رۆژ داوای چوونی شا لە ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی بە ئەمریکا دەڵێت ئەگەر لایەنگرانی دەسەڵات و کاروباری ئێران بە دەستەوە بگرن، شێرەی نەوت بە رووی رۆژئاوا ناگرێتەوە و لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییەکی دۆستانە گرێ دەدات. بە پێی بەڵگەیەک(١٩ی جانیوەری ١٩٧٩)خومەينی هەروەها بەڵێن دەدات کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە نەکات.

خومەینی هەروەها گوتبووی:داوا لە خەڵکی سعودیە، کوێت و میرنیشەکانی کەنداو و عێراقیيەکان دەکەین کە بیانيیەکان لە وڵاتی خۆیان وەدەربنێن، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە دەستوەرادان لە کاروباری ناوخۆی گەلانی دیکە نەکەین.

ئەم بەڵێنانە بەشێکە لە وەڵامی نهێنی خومەینی بە چوار پرسیاری ئیدارەی کارتەر سەبارەت بە داهاتووی بەرژەوەندیيەکانی ئەمریکا لە ئێران کە بەڵگەنامەکەی ٣٥ ساڵ دوای شٶرشی ١٩٧٩ و لە نۆڤەمبەری ٢٠١٣ بڵاوکرایەوە.

بەرامبەر بەم بەڵێنانە خومەينی تەنها یەک داوای لە ئەمریکيیەکان هەبووە، ئەویش ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی بوو بۆ ئێران. خومەینی لە وەڵامی پەیامەکەی کارتەر،گوتبووە: ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا واز لە پشتیوانیکردنی گروپێکی گەندەڵ بهێنی و سیاسەتی خۆی بگۆڕێ، داهاتووی پەیوەندیيەکانمان لەگەڵ ئەمریکا، داهاتوویەکی دۆستانە دەبێت.

کارتەر و خومەینی کەناڵی پەیوەندی نهێنی خۆیان تا یەک رۆژ بەر لە چوونی شای ئێران پاراستبوو. لە سەر یەک، خومەینی لە وەڵامی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکا، حکومەتێکی وێنا کردبوو کە رەنگە لە رووی سەربازی و ئەمنی لە ئەمریکا نزیک نەبێتەوە، بەڵام دژه‌ کۆمۆنیست دەمێنێتەوە و پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ واشنتۆن دەبێت، سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە تێکنادات و گرنگتر لە هەمووان شێرەی نەوت بە ڕووی رۆژئاوادا ناگرێتەوە، چون دەست راگەیشتن بە نەوتی ئێران یەکێک لە پەرۆشیيەکانی ئەمریکا بوو.

خومەینی هەروەها جەختی کردبووەوە کە چیدی چەک و چۆڵی ئەمریکیيەکان ناکڕن، بەڵام لە ڕووی گەشەی ئابوری و کشتوکاڵی پێویستییان بە واشنتۆن دەبێت، سەبارەت بە داهاتووی وەبەرهێنانی ئەمریکیيەکان لە ئێران، خومەینی بێ دەنگی هەڵدەبژێرێ و ئامادە نییە سەبارەت بە چەند و وچۆنی قسە بکات، بەڵام جەخت لە سەر بەرژەوەندیيە باڵاکان و گەشەی ئێران دەکاتەوە.

دۆخی شۆڕشی ئێران زۆریەک لە ئەمریکيیەکان و هاوپەیمانانی ناوچەیی واشنتۆنی نيگەران کردبوو، بە پێی هەڵسەنگاندن و بەراوردێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی.ئای.ئەی) وڵاتانی عەرەبی دراوسێ خوازیاری ئەوەن کە واشنتۆن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ وهێور بکاتەوە، بە پێچەوانەوە، ڤایروسی شۆڕش تەشەنە دەکات. ئەم نیگەرانیەی عەرەبەکان دەگەڕایەوە بۆ ترسی ئەوان لە سیاسەتێک کە دواتر بە هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی ناسرایەوە، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت وەک سیاسەتی جەوهەری و سەرەکی کۆماری ئیسلامی پەیڕەو دەکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، ئاماژە بەوەش کراوە کە وڵاتانی عەرەبی، پێیانوابوو کە خومەینی و لایەنگرانی توانای ئیدارەدانی وڵاتیان نییە و درەنگ یان زوو، چەپە توندڕەوەکان بە رێگەی شۆڕشی دووەم، دەسەڵات لەم وڵاتە بە دەستەوە دەگرن.

مێژوو نیشانی دا کە بەرارود و لێکدانەوەی ئەمریکا، رۆژئاوا  و وڵاتانی عەرەبی هەڵە بوو. لایەنگرانی خومەینی / پەیڕەوانی هێڵی ئیمام، دەست پێشخەرییان کرد و ٤ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩، بە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران شٶڕشی دووەمیان بەرپا کرد. میانەڕەوەکان بە تۆمەتی دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا لە دەسەڵات دوور خرانەوە، بەشێکی زۆر لە هێز  و لایەنە چەپەکان خۆیان بە دەستەوە دا و پەیوەست بە ئۆردووگای خومەینی بوون و بەشەکەی دیکەش پەراوێز و سەرکوت کران.

سێ مانگ دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، خومەینی پەیامێکی مێژوویی ئاراستەی”زوڵملێکراوانی جیهان”کرد و رایگەیاند: ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە کۆتایی بە بەستراوە بوونی خۆی بە ئەمریکا دێنێ و لە دژی ئەمریکای بێ بەزەیی و جیهان خۆر دەوەستێتەوە، خومەینی گوتیشی: تا دوا دڵۆپی خوێن، لە دژیان دەوەستینەوە، چونکە ئێمە پیاوی شەڕین، شۆڕشەکەمان بۆ هەموو جیهان هەناردە دەکەین، چون شٶڕشەکەمان ئیسلامییە.(٥)

خومەینی کڵاوی لە سەر ناین

محەممەد مەلەکی، یەکەم سەرۆکی زانکۆی تاران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩،لە نامەیەکدا لاپەرەکانی دەیان ساڵی ڕابردووی هەڵداوەتەوە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵای محەممەد مەلەکی هاتووە:

بە دەر لە دروشمی سەرەکی شۆڕش کە سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری ئیسلامی بوون، دروشـکەنای دیکە بۆنی مەرگیان دەدا، دەیان ساڵە دروشمی مەرگ و نەمان دەڵێینەوە، بەبێ ئەوەی باس لە ژیان و مان بکەین.

بۆ کاتێک خومەینی لە پاریس لە ژێر سێىەری دارە سێوێک پاڵی دەدایەوە و دروشـمی بەتاڵی دەدات، بۆ کاتێک ئێمە وێنەی خومەينیمان لە مانگ دەبینی، بیرمان لە هیچ شتێک نەدەکرنەوە، کڵاوی ئەومان چووە سەر.

مەلەکی لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دوای دەیان ساڵ لە سەرکوت لە ناوخۆ و دەستوەردان لە دەرەوە،ناکرێ چاوەڕوانی نەرمی نواندن لە ڕژێمی ئێران بکرێت، بە گوتەی مەلەکی، دوای ئەم هەموو ساڵە ڕوون نییە کەی و چۆن رێز لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەگیرێ.(٦)

نەبوونی ناسیاری و زانیاری لە سەر خومەینی و ئامانجەکانی، بە تایبەت پێش سەرکەوتنی شۆڕش، بابەتێک بوو کە دواتر لە دوتوێی راپۆرتەکاندا جەختی لە سەر کرایەوە. ساڵێک بەر لە ڕووخانی رژێمی شا، بەرپرسانی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران پێیانوابوو کە بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرکردایەتی سیمبۆلیکی خومەینی، تایبەتمەندی دیموکراتبوونی تێدایە.

ئامادەکاری سەرەکی ئەم راپۆرتە، جۆرج لیمبراکس، بەرپرسی بەشی سیاسی باڵیۆزخانە بووە و زانیاریيەکانی زۆرتر بە رێگەی دەم و چاوە میانەڕەوەکانی بزووتنەوەی ئازادی و بەرەی نەتەوەیی دەست خستبوو. ئەو و هاوکارەکانی چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان خومەینی بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و بە ناونیشانی وەلی فەقیە، کاروباری وڵات بە دەستەوە بگرێت و دەسەڵات قۆرغ بکات.

عەباس میلانی، مێژوونووس و مامۆستای زانکۆی ستانفۆرد، ڕای وایە کە ئەمریکیيەکان زانیاری تەواویان لە سەر خومەينی نەبوو، چون بەرهەمەکانی لانی کەم بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاو نەبوونەوە. هەر چەند میلانی پێیوایە کە تاوانباری سەرەکی خودی ئێرانیيەکانن بە پلەی یەکەم. لەم بارەوە چەپەکان، بەرەی میللی و دیموکراتەکان بە تاوانبار دەزانێ کە دەستی خومەینییان نەخوێندبووەوە.

یەکێک لەو کەسانە کە میلانی ئاماژەی پێکردووە، ئیبراهیم یەزدی، یەکەم وەزیری دەرەوەی ئێران بوو لە دوای شٶڕشی ١٩٧٩. یەزدی دوو مانگ بەر لە سەرکەوتنی شۆڕش لەگەڵ هێنری پرێکت، بەرپرسی مێزی  ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زنجیرە گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ و نهێنی دەست پێکردبوو.

پرێکت یەکێک بووە لەو کەسانە کە لە ئیدارەی کارتەر کە پێداگری لە سەر قبوڵکردنی ئەنجامەکانی شٶڕشی ١٩٧٩ کردۆتەوە. ناوبراو بە بی بی سی گوتووە دوای ئەوەی لەگەڵ یەزدی چەند دیدار و گفتوگۆیەکی ئەنجامدا، ڕاپۆرتی دانیشتننەکانی داوەتەوە بە بەرپرسانی سەرەوەی خۆی و ئەوانیش ڕاپۆرتەکەیان بە هەند وەرگرتووە. یەزدی لەم دیدارانەدا بە پرێکتی گوتبوو کە بەرژەوەندیيەکانی ئەمریکا دەخوازێ کە واشنتۆن پەیوەندی بە ئۆردوگای دژبەرانی شای ئێرانەوە بکات کە خومەینی سەرکردایەتی دەکرد.

پرێکت دواجار دانی بەوەدا ناوە کە ئاگاداری ناوەرۆک و وردەکاری داواکاریيەکانی خومەینی نەبوون. ئێستا کە بیر لە ڕابردوو دەکەنەوە، باوەڕیان هێناوە کە رابەری کۆماری ئیسلامی فریوی داون.(٧)

گروپە چەپەکانی ئێرانی لە شۆڕشی دژ بە سیسته‌می پاشایەتی،خوازیار و لایەنگری رژێمێکی خەڵکی لە چوارچێوەی کۆماری دیموکراتی گەل، حکومەتی کرێکاری و دەسەڵاتی خەڵکی بوو. ئەوان خوازیاری جیاکردنەوەی ئایین لە دەسڵات بوون. بەڵام دواتر پشتیوانی حزبی تودەی ئێران و رێکخراوی فیداییەکانی گەل/زۆرینە لە  ئایەتوڵڵا خومەینی و کۆماری ئیسلامی، رێک بە پێچەوانەی ئەو ئامانجانە بوون کە گروپە چەپەکان باوه‌ڕی قووڵیان پێبوو. ئەم وەرەچەرخان و گۆڕانکاریە لە سیاسەت و خەتی فکری چەپەکان هەڵدەگەڕاوە بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤییەتی جاران و کەمپی سۆسیالیستی.(٨)

سەرباری دەوری دیاریکەری چەپەکان و هێزە غەیرە ئیسلامیيەکان لە سەرخستنی شۆرش، بە هۆی بەرگری نەکردنیان بەرامبەر بە رەوتی ئیسلامی کە خومەینی سەرکردایەتی دەکرد، وای کرد کە بەرە بەرە مەیدانیان بۆ چۆڵ بکەن. زۆریەک لە رەوتە نیشتمانی، نەتەوەیی-مەزهەبیەکان، لیبڕاڵ و چەپەکان بە سیاسەتی ئاڵۆز و سازشکارانەیان، ئەم بوارەیان بۆ رەوتی خومەینی رەخساند.

نێهزەتی ئازادی، تەنانەت بەر لە سەرکەوتنی شۆڕش پەیوەستی کاروانی خومەینی بوو. بەرەی میللیش لە ژێر ناو و بە پاساوی بەرگری لە دەوڵەتی کاتی موهەندیس بازرگان، پەیوەستی ئەم کاروانە بوو هەندێک لە رەوتە مەزهەبیەکان، بۆ وێنەی هیڵی شەریعەتی و لە نێوانیاندا گروپی فیرقان، دوای ئەوەی کە ڕوویان کردە سیاسەتی تیرۆر، هەر لە سەرەتاوە بیانوویان دایە دەستی لایەنگرانی خومەینی.

رێکخراوی موجاهدینی خەڵق کە سەرەتا خۆی لە پشت ئایەتولڵا تاڵەقانی شاردبووەوە، سیاسەتی دووفاقەی بەرامبەر بە خومەینی گرتە بەر، سێ ساڵ دواتر بە راگەیاندنی شەڕی چەکداری لە دژی ڕژێمەکەی خومەینی، بیانوو و پاساوی سەرکوتیان بۆ فەراهەمکرد.

بەڵام گەورەترین ئینشقاق  و لێکدابڕان لە نێوان چریکە فیداییەکان ڕوویدا و بە سەر دوو لایەنی زۆرینە و کەمینەدا دابەشبوون، کە دواتر فیداییەکان، باڵی زۆرینە لایەنی خومەینییان گرت.

رێکخراوی فیداییەکان کە بە گەورەترین و کاریگەرترین رێکخراوی چەپ و ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرا، دەنگی خستە پاڵ داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەم شێوەیە ئاڵۆزیی و سەرگەردانییەکی لە بەرەی چەپ نایەوە. باڵی زۆرینە بەرە بەرە لە حزبی تودەی ئێران نزیک بووەوە کە پێشتر خۆی بە دەستەوە دابوو.

بۆ باڵی زۆرینە چووە ئۆردوگای حزبی تودەوە، باوترین وەڵامەکان لە بەرامبەر ئەم پرسیارە بریتین لە:

یەکەم، لە سەروبەندی شۆڕش، رێکخراوی فیداییەکان زۆریەک لە کادیرە بە ئەزموون و پێشکەوتووەکانی لە دەست دابوو،

دووەم، حزبی تودە توانایەکی بەرچاوی تیۆریک هەبوو، لەگەڵ ئەوەی کە خاوەنی هەزاران کادیری بە ئەزموون و کارامە بوو.

سێهەم، فییداییەکان لەگەڵ ئەوەی کە ناکۆکی و جیاوازی تاکتیکی و سیاسیان لە دژی ڕژێمی شا هەبوو، بەڵام لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە خزمایەتی لەگەڵ توودەییەکان هەبوو.

ئەوە بوو کە چەپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی بەرگەی نەگرت و بە کردەوە خزمەتیان بە جێگربوونی دەسەڵاتی ئایەتولڵاکان کرد.(٩)

چل ساڵ دژایەتی جیهان،٧ خول دانوستانی ژێربەژێر

رۆژنامەی ئافتابی یەزد،لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی”٧ جار دانوستانی ژێربەژێر لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا”، دەنووسێت: بەرپرسانی ئێرانی لە دوای شٶرشی ١٩٧٩، بە دیاریکراوی ٧ جار لە گەڵ لایەنە بیانیيەکان و بە تایبەت ئەمریکیيەکان(شەیتانی گەورە) .(١٠)

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە کوبا لە گفتوگۆ لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵی تورکیا،لایەنی ئایدیۆلۆژی و لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی،گوشارەکانی ئەمریکا لە مەسەلەی رێککەتونی ئەتۆمی،یارگیری ئەمریکا لە ناوچە و هەوڵدانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و بە تایبەت پلانی پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی بە فاکتەرە سەرەکیەکانی داخرانی دەرگای گفتوگۆ لە نێوان تاران و واشنتۆن دەزانێ.

ئەم دبلۆماتکارەی پێشووی ئێران،ئەنجامدانی دانوستان و وتووێژی ژێربەژێر و داخراو لە گەڵ ئێرانیەکان پشتڕاست دەکاتەوە و دەشلێت:ئەمریکا  وئێران لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا بە نهێنی و بە ئاشکرا کۆبوونەتەوە،ئەفشار سولەیمانی ئاماژە بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ٢٠٠٣ دەکات،هەروەها دانوستان لە بارەی ئەفغانستان ،تەوەرێکی دیکەی ئەم گفتوگۆ نهێیانە بووە.

کۆبوونەوەی جەواد زەریف و جۆن کێری،وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا کە ئەنجامەکەی بوو بە رێککەوتنی ئەتۆمی،دیارترینی ئەم گفتوگۆیانە بووە. بە گوتەی ئەم دبلۆماتکارە ئێرانیيە، بەرپرسانی دوو وڵاتە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سوریا لە جنێف، چەندین جار کۆبوونەتەوە.

لە بارەی هەڵبژاردنی بێ دەنگی لە لایەن حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە بەرامبەر بە پیشنیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستاندن لە نێوانیان، سولەیمانی دەڵێت: خوێندنەوەی دوو وڵات بۆ پرسە هەستیارەکان گەلیک جیاواز  ولێک دوورن،ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و ڕوانین و سیاسەتی دەستوەردانی لە وڵاتانی جیهان، لە لایەن ئەمریکاوە قبووڵ ناکرێت. ئێرانیش هەمان هەڵوێستی هەیە. بابەتی ئیسرائیل و فەلەستین یەکێکی دیکەيه‌ لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیانە. کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و هەوڵدانی بۆ پێکهێنانی بەرە  وهاوپەیمانی دژ بە ئێران، بە تایبەت کە ئەم دواییانە باس لە هاتنە کایەی ناتۆی عەرەبی دەکرێت بەشێک لە بەربەستەکانی بەردەوام بوونی گفتوگۆکانن.

 بە گوتەی باڵیۆزی پێشووی ئێران لە کوبا، لێدوان و هەڵوێستی توندڕەوانەی ئێرانیيەکان گرفتێکی دیکەیە. ئەمەش تەنها بێ متمانەیی ئەمریکای بەدواوەیە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لای باڵەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران تەنها کارتێکی سیاسی و مەترسیدارە. بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، بۆتە  ئامرازی پاکانە حیسابی باڵاکان، ئەمە لە خۆیدا بەربەستە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ. ئێرانيیەکان لە بری ئەوەی بیر لە ستراتيژيه‌تى برانەوە-برانەوە بکەنەوە، بیر لە هەل ومەرجی بەرابەر دەکەنەوە، لە کاتێکدا دوو وڵات دوو پێگەی جیاوازیان لە پانتای سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی هەیە.(١١)


سەرچاوەکان

١   http://www.bbc.com/persian/iran/2012/01/120131_l44_tudeh_party_left_iran

٢   http://irdiplomacy.ir/fa/news/112496

٣   http://www.bbc.com/persian/iran/2016/06/160602_u01_iran_shah_us

٤   http://fa.rfi.fr/%D8%AA%D8%A7%DA%A9%DB%8C%D8%AF-%D8%B3%D8%B9%DB%8C%D8%AF-%D8%AD%D8%AC%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%B1-%D9%86%D9%82%D8%B4-%D8%A7%D9%85%D8%B1%DB%8C%DA%A9%D8%A7-%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%88%D9%84%D8%AF-%D8%A7%D9%86%D9%82%D9%84%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-20130312/%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86

٥   http://www.bbc.com/persian/iran/2016/06/160605_kf_khomeini_pledges_us

٦   https://ir.voanews.com/a/mohammad-maleki-open-letter-ministry-intelligenec-persecution-hassan-rouhani-university-of-tehran/1853435.html

٧   http://www.bbc.com/persian/iran/2015/02/150208_u04_precht_khomeini

٨   http://asre-nou.net/php/view.php?objnr=43381

٩   http://www.bbc.com/persian/iran/2012/01/120131_l44_tudeh_party_left_iran

١٠   https://www.aa.com.tr/fa/%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86/%D9%85%D8%B0%D8%A7%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D9%85%D8%AD%D8%B1%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%B7%DB%8C-40-%D8%B3%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D8%AE%DB%8C%D8%B1/1233239

١١   http://www.trt.net.tr/persian/thlyl-w-gzrsh/2018/08/03/mwn-mt-dd-w-pychydh-br-sr-rh-mdhkhrt-yrn-amrykh-1025434

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com