ئایا ئەمریکا حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج؟

0

نوچەنێت

دوای دوو هەفتە لە جموجۆڵە سەربازیيەکانی سوپای ئەمریکا لە شارەکانی فەلوجە، رومادی، هیت، موسڵ، تکریت و بەغدا، سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی ئامادەبوونی سەربازی ئەم وڵاتەی گەڕاندەوە بۆ چاودێریکردنی ئێران. ئەم لێدوانەی ترەمپ کاردانەوەی و شرۆڤەی جیاوازی لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی بەدواوە بوو.

لە راستیدا لێدوانەکەی ترەمپ، ئاڵۆزییەکی لە مەیدانی سیاسی و راگەیەنەکانی عێراقی دروستکرد، پێگەی العربی الجدید، لەم بارەوە گوتارێکی بڵاوکردۆتەوە و گەنگەشەی ئەم بابەتە هەستیارەی کردووە.

بە گوێرەی پێگەی العربی الجدید، ئەم قەیرانە، کە لێکەوتەی لێدوانەکەی ترەمپە، دەتوانێ تەشەنە بکات بۆ قەیرانێکی سەربازی.

بە گوتەی بەرپرسێکی عێراقی، پێدەچێ ئامانجی شاراوەی لێدوانەکەی ترەمپ، شەڕ و بەریەککەوتن بێت لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا لە لایەک و گروپە چەکدارەکانی بەستراوە بە ئێران لە لایەکی دیکەوە، کە ئێرانییەکان بە بەرەی بەرگری ئیسلامی ناوی لێدەبەن، گرنگترینی ئەم گروپانە بریتین لە عەسائيب، طفوف، النجبا، ئیمام عەلی و حزبوڵڵای عێراقی. بە گوێرەی لێدوانی فەرمی بەرپرسانی ئەمریکی، ئەم گروپانە ئامانجە دیارەکانی واشنتۆنن.

لێدوانەکانی ترەمپ، سێبەری قورسی خستۆتە سەر گۆڕه‌پانى سیاسی عێراق و بەرپرسانی ئەم وڵاتەی تووشی شۆک کرد، هەر چۆنێک بێت ئەوان ناچارن لەم دۆخەدا کە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەیەکی بەهێزی ناردووە، کاردانەوە  وهەڵوێستی خۆیان هەبێت و بە ڕوونی خۆی یەکلایی بکاتەوە، کە چۆن وەڵامی ترەمپ بداتەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بە رێگەی ئەو کەسایەتییە سیاسی و ئایینیەکانەی، کە پەیوەندییەکی چڕيان لەگەڵ ئێران هەیە، داوای لێکردوون، کە پەیوەندییان بە ئەمریکیەکانەوە نەبێت.

بە گوتەی شارەزایانی سیاسی، گرێدانی مەسەلەی ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێریکردنی ئێران، تەنها هەڵگری یەک مانایە، ئەویش جدییەتی واشنتۆنە بەرامبەر بە ئێران، لەم حالەتەدا دەوڵەتی عێراق دەبێ بە فەرمی هەڵوێستی خۆی وەربگرێت.

رۆژانی رابردوو، بینیمان، کە گرژی و ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی باڵی بە سەر عێراقدا کێشاوە، ئەمەش دەرهاویشتەی لێدوانەکەی ترەمپ بوو. لە ئێستادا ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، بابەتی گەرمی میدیایی  و سیاسی عێراقە، لەم پەیوەندیەدا، ژمارەیەک لە کاربەدەستانی عێراقی، ئەم ئامادەبوونە دەگەڕێننەوە بۆ چآودێریکردنی ئێران، ژمارەیەکی دیکەش لە کەسایەتی و حزب و گروپە عێراقیەکان، دژ بەم ئامادەبوونە وەستانەتەوە. ئەم لایەنانە، بەرهەڵستکاری خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی، کە ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا دژی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانه‌ و جۆرێکە لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق.

العربی الجدید، لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کردووە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، کە سەر بە ئێرانە، کۆبوونەوەیەکیان رێکخستووە و تیایدا باس لەوە کراوە کە بە چ شێوەیەک بەرهەڵستی لێدوانەکانی ترەمپ ببنەوە و هەڵوێستی فەرمی خۆیان لەم بارەوە رابگەیێنن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دەوڵەتی عێراق، دەڵێت “گۆڕانگاریيەکانی پەیوەست بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لەم وڵاتە، سەرۆکوەزیرانی خستۆتە هەلومەرجێکی دژوارەوە، عادل عەبدولمەهدی، نیگەرانی بەریەککەوتنی هێزەکانی ئەمریکا و لایەنەکانی بەستراوە و ژێر دەسەڵاتی ئێرانە لە وڵاتەکەی، ئەگەر ئەمە رووبدات، دەبێ چاوەڕێی زیان و تێچووی گەورە بکرێت، ئەمە لە کاتێکیشدایە، کە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، لەوانە هادی عامری، لەبارەی هێرش نەکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، گرەنتی و بەڵێنیان داوەتە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، بەم حاڵەشەوە عادل عەبدولمەهدی نیگەرانی پەیمان شکێنی و خستنە ژێر پێێ ئەم بەڵێنانەیە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە.

سرمد البیاتی، شرۆڤەکاری کاروباری عێراق پێیوایە، لانی کەم لەم دۆخە هەستیارەدا، شەڕ و بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، چاوەڕوان ناکرێت، چونکە دۆخەکە بۆ هەر دوو لایەن ناڕوونە، بەڵام ئەم ئەگەرە بۆ داهاتوو، ئەگەرێکی بەهێزە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com