لەم ناوچەیەی کوردستان فیستڤاڵی خلیسکانێی بەڕێوەدەچێت

0

نوچەنێت: تایبەت

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لەڕێگەی زنجیرەیەک چالاکی ژمارەی گەشتیاران زیاد دەکات، گوتەبێژی دەستەکەش رایدەگەیەنێت “بە پێی پلانی ساڵی ٢٠١٩، لە هەر وەرزێكدا ژمارەیەك چالاكی بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران ئەنجام دەدەین، بۆئەوەی ژمارەی گەشتیاران زیاد بكات”.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، راگەیاند” ڕۆژی یەكشەممە ١٠-٢-٢٠١٩، سێیەم چالاكی خلیسكانێی سەر بەفر بۆ گروپە گەشتیارییەكان لە چیای كۆڕەك ئەنجام دەدرێت، لە هەمان كاتدا دیدار لەگەڵ ٣٠ كۆمپانیای عێراقی بەڕێوەدەچێت. هەروەها چالاكییەكەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتیاری سۆران و بنكەی گەشتیاری رواندز بە سپۆنسەری كۆڕەكی گەشتیاری ئەنجام دەدرێت”.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، گوتیشی “بەڕێوەبەری گشتی گەرمیان لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار سەرپەرشتی شاندێكی گەشتوگوزاری هەرێم دەكات بۆ بەشداریكردن لە پێشانگایەكی گەشتیاری لە وڵاتی ئێران لە شاری تاران، كە لە رۆژی سێشەممە ١٢ـی شوبات پێشانگاكە دەكرێتەوە”.

 نادر ڕۆستی ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ ئەوەی شاندێك لە بەڕێوەبەرانی گەشتوگوزاری هەرێم لە پێشانگایەكی گەشتیاری لە ١٦ی مانگ لە شاری بەغدا بەشدار دەبێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی كۆڕبەندێك بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای عێراقی لە ٢١ـی مانگ لە شاری سلێمانی ساز دەكات.

هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند “لە ١٧ تا ٢٠ی مانگی داهاتوو، گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ گەشتوگوزار بە بەشداریی سەدان كۆمپانیای چەندین وڵاتی جیهان لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت، هەروەها شاندێكی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە ٢٤ـی هەمان مانگدا بەشداریی پێشانگایەكی گەشتیاری لە شاری بەغدا دەكات”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، لە ٢ـی شوباتی ئەمساڵ فیستیڤاڵی بەفر لەدەڤەری باڵەکایەتی بە بەژداری کۆمەڵێک یاریزانی بیانی بەڕێوەچوو، دەشڵێت”ئەمساڵ ٢٠١٩ ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و تا ئێستایش ڕۆژانە بە هەزاران گەشتیار دێنە هەرێمی كوردستان، واتە هاتنی گەشتیاران بە ڕێژه‌یێكى بەرز بەردەوامی هەیە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامارەكە بڵاو دەكەینەوە.”

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com