بارزانی هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی راگەیاند

0

نوچەنێت

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ١٦-٤-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە رۆژی ژینگە لە وتارێکدا رایگەیاند، بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە ئەرک و پێویستییەکی هەمیشەییە.

نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو گوتی” ژینگه‌ بابه‌تێكى زۆر گرنگ و خه‌مێكى گه‌وه‌رى جیهانییه‌ و به‌رپرسیاریه‌تى و ڕه‌فتارى چاك به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌، ئه‌رك و پێویستییه‌كى هه‌میشه‌یییه‌ چونكه‌ سه‌ره‌تا و ئاینده‌ى مرۆڤ سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى ژیانه‌ و تا ژینگه‌ پاكوخاوێن بێ‌، مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیان و مرۆڤایه‌تی كه‌متره‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ مه‌ترسى زیاتر ده‌بێت‌”.

هاوکات ئاماژه‌ى به‌ هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ كرد ،وه‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى جیهان، به‌كارهێنانى زۆری وزه‌، شه‌ڕ و پێكدادانى سه‌ربازى و ناهۆشیاریى ژینگه‌یى كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارى پیسبوونێكى ترسناك و تێكچوونى هاوسه‌نگیى ژینگه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما كه‌ وێڕاى هه‌موو هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت و ئاژانس و ڕێكخراوه‌كان، مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر گۆى زه‌وى دروست كردووه‌ و چاره‌سه‌ركردنیشی به‌‌ به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌ركێكى هاوبه‌شى جیهان زانی‌.

له‌سه‌ر ژینگه‌ی كوردستانیشنێچیرڤان بارزانی، ڕایگه‌یاند كه‌ نه‌ك ته‌نیا خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو ژینگه‌كه‌یشى به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو له‌ كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌وه‌ تا ئێستا ڕووبه‌ڕووى تێكدان بۆته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش پرۆسه‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌زاران گوندى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك وێران كران و به‌ گازى ژه‌هراوى و‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كان پیس كران و‌ هێشتا كاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر ژینگه‌ ماوه‌ و هۆكارى ده‌یان نه‌خۆشیى كوشنده‌ و ترسناكن، هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه‌ ژیان و جه‌سته‌ و ئه‌قڵێكى ته‌ندروست له‌ ژینگه‌یه‌كى پاك و پارێزراوى ته‌ندروسته‌وه‌ دێن و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ژینگه‌پارێزی له‌ ژینگه‌ پاكه‌كاندا‌ ئه‌ركێكى له‌پێشینه‌یه‌‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قى وتارى به‌ڕێزیانه‌:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز:
به‌یانیتان باش

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن بۆ ڕێوڕه‌سمى یادى ڕۆژى ژینگه‌ى كوردستان. ژینگه‌ بابه‌تێكى زۆر گرنگ و خه‌مێكى گه‌وه‌رى جیهانییه‌‌. ئه‌مڕۆ، ته‌نیا ڕۆژێكه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی، به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تى و ڕه‌فتارى چاك به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌، ئه‌رك و پێویستییه‌كى هه‌میشه‌یییه‌. ژینگه‌ سه‌ره‌تا و ئاینده‌ى مرۆڤ و سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى ژیانه‌. تا ژینگه‌ پاكوخاوێن بمێنێته‌وه‌، مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیان كه‌متره‌. تا ژینگه‌ پیستر بكرێت، مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیان و مرۆڤایه‌تى زیاتره‌.

پێشكه‌وتنه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى جیهان، به‌كارهێنانى وزه‌ كه‌ ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ لووتكه‌، شه‌ڕ و پێكدادانى سه‌ربازى و ناهۆشیاریى ژینگه‌یى، له‌ جیهان بوونه‌ته‌ هۆكارى پیسبوونێكى ترسناك و تێكچوونى هاوسه‌نگیى ژینگه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر ژیان و داهاتووى مرۆڤ و گۆى زه‌وى دروست كردووه‌.

وێڕاى هه‌موو هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت و ئاژانس و ڕێكخراوه‌كان، به‌داخه‌وه‌ هێشتا پیسبوونى ژینگه‌ مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێت. جیهان پێویستى به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى زیاتر‌ و به‌ خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكى باشتره‌ بۆ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى له‌ ئه‌نجامى پیسبوونى ژینگه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامى پله‌كانى گه‌رماوه‌، ڕووبه‌ڕووى هه‌ساره‌كه‌مان ده‌بنه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌ركێكى هاوبه‌شى جیهانه كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت‌.

به‌ڕێزان،
كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌ و به‌ درێژایى سه‌ده‌ى بیست و تا ده‌گاته‌ ئێستاش كه‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر به‌رده‌وامه، ژینگه‌ى كوردستان، سروشت و خاك و ئاو و هه‌واى ئه‌م وڵاته، به‌ ڕێكخراوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك ڕووبه‌ڕووى تێكدان، پیسكردن، شێواندن، سووتاندن، سڕینه‌وه‌ و له‌ناوبردن بۆته‌وه‌. هێرش و شاڵاوه‌كان‌، نه‌ك ته‌نیا خه‌ڵك، به‌ڵكوو زۆر به‌ وردى ژینگه‌ى كوردستانیشیان به‌ ئاماج گرتووه‌ و هه‌رچیان له ‌ده‌ست هاتبێ، به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌ی كوردستان و تێكدانی  درێغییان نه‌كردووه‌‌.

له‌ ئه‌نفالدا به‌ هه‌زاران گوند و دێهاتى كوردستان وێران كران، سه‌تان هه‌زار كیلۆمه‌تر زه‌وى، به‌ هه‌زاران كانیاو و دارستان و ڕه‌ز و باخ، به‌ ده‌یان چه‌م و ڕووبار، به‌ گازى ژه‌هراوى، به‌ بۆردومانى تۆپ و فڕۆكه‌ و به‌ پاشماوه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نى پیس كران كه‌ هێشتا كاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر ژینگه‌ به‌جێ ماوه‌. تا ئێستاش هۆكارى ده‌یان نه‌خۆشیى كوشنده‌ و ترسناك و له‌دایكبوونى شێواون. ئه‌م كاریگه‌رییه‌، به‌ داخه‌وه‌ تا ماوه‌یه‌كى درێژ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

ژیان و جه‌سته‌ و ئه‌قڵێكى ته‌ندروست، له‌ ژینگه‌یه‌كى پاك و پارێزراوى ته‌ندروسته‌وه‌ دێن. ژینگه‌پارێزى‌، له‌ ژینگه‌ هه‌ره‌ پاك و پارێزراوه‌كانیشدا، ئه‌ركێكى له‌پێشینه‌یه‌، ئینجا ده‌بێ له‌ وڵاتێكى وه‌ك هه‌رێمى كوردستان چۆن بێت كه‌ هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌رهاتووه‌؟!

به‌ڕێزان،
له‌ یه‌كه‌م ده‌رفه‌تدا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌زاران گوند و دێهاتى وێرانكراوى ئاوه‌دان كردو‌وه‌. ژیانى بۆ سه‌دان ناوچه‌ى چۆڵكراو گه‌ڕانده‌وه‌. ژینگه‌ و سروشتى ژیانده‌وه‌ و گیانێكى تازه‌ى به‌ به‌ر كوردستاندا كرده‌وه‌. ڕاسته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ كراوه‌ تا ئێستا له‌ ئاستى خواست و خه‌ونه‌كانى ئێمه‌دا نییه‌، به‌ڵام ئه‌م كاروانه‌ بێگومان ناوه‌ستێت و به‌رده‌وام ده‌بێت‌. ئه‌وه‌ى پێویسته،‌ هاوكاریى حكوومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان و هاووڵاتیانه‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌ و ڕاگرتنى پاكوخاوێنیى سروشت و ئاو و هه‌واى كوردستان.

له‌ هه‌رێمى كوردستان یاساى تایبه‌ت و داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌ و ڕێكخراوى تایبه‌ت به‌ پاراستنى ژینگه هه‌ن. حكوومه‌ت زۆر هه‌نگاوى ناوه‌. سه‌تان هه‌زار دار و دره‌خت چێنراون، پاركى نیشتمانى دروست كراون، بۆ پاراستنى گیاندارانى كێوى و باڵنده‌كان، له‌سه‌ر پابه‌ندیى پاراستنى ژینگه‌ بۆ پڕۆژه‌كانى‌ پیشه‌سازى و نیشته‌جێبوون ڕێنمایى ده‌رچووه‌. ڕووبه‌رى سه‌وزایى زیاد كراوه‌. دواجاریش بڕیارى داخستنى چه‌ندین پاڵاوتگه‌مان داوه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ خراپترین هۆكاره‌كانى پیسبوونى ژینگه‌ن.

به‌ڵام ئه‌مانه‌‌ هه‌موویان به‌س نین‌ و نه‌مانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست ژینگه‌ بپارێزین. ئه‌م ئه‌ركه‌ ته‌نیا به‌وه‌ جێبه‌جێ ناكرێت. هاووڵاتیان ده‌بێ خۆیان كولتوور و هۆشیاریى پاراستنى ژینگه‌ییان هه‌بێت. ده‌بێ خۆیان به‌ خاوه‌نى ژینگه‌ و سروشتى كوردستان بزانن. به‌ هه‌موو دڵسۆزییه‌وه‌ بیپارێزن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ژینگه‌ پیس بكرێت. حكوومه‌تیش ده‌بێ ڕێكار و سزادانى سه‌رپێچیكاران توندوتۆڵتر بكات.

هه‌ر یه‌كێكمان ده‌توانین له‌ خۆمانه‌وه‌، له‌ ماڵ و له‌ كۆڵان و شه‌قام و له‌ شوێنى كار و ئۆفیسه‌كانمانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین و پاكوخاوێنییان بپارێزین. زۆر گرنگه‌ هه‌ر تاكێكى كوردستان ئه‌وه‌ بزانێت و باش له‌وه‌ تێبگات كه‌ فڕێدانى بتڵێكى پلاستیكى، یان هه‌ر شتێكى تر له‌ په‌نجه‌ره‌ى ئۆتۆمبیله‌وه‌، یان له‌سه‌ر جاده‌ و شه‌قامه‌كان، له‌ سه‌یرانگه‌ و هاوینه‌هه‌واره‌كان و له‌ هه‌ر شوێنێكى دیكه‌، زیان به‌ ژینگه‌ى خۆى ده‌گه‌یه‌نێت. زیان به‌و هه‌وا و هه‌ناسه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و ژه‌هراوى ده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ خۆى و منداڵه‌كانى، به‌یانیش نه‌وه‌كانى هه‌ڵیده‌مژن و پێى ده‌ژین.

ئه‌گه‌ر به‌ وردى و به‌ لێكدانه‌وه،‌ سه‌یرێكى فڕێدانى خاشاك، نایلۆنێك، كاغه‌زێك، كارتۆنێك، جگه‌ره‌یه‌ك، یان هه‌ر شتێكى دیكه‌ بكه‌یت، ئه‌وسا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر به‌ ته‌نیا فڕێدانێك نییه‌ و ته‌واو!  نه‌خێر ئه‌وه‌ پیسكردنى ئه‌و ژینگه‌ و هه‌وا و خاكه‌یه‌ كه‌ بۆ خۆت و خانه‌واده‌كه‌ت و ده‌وروبه‌ر و خه‌ڵك‌، بۆ ژیان و داهاتوویه‌كى ته‌ندروست، بۆ دوورى له‌ نه‌خۆشى و بۆ ته‌ندروستییه‌كى باشتر، پێویستییان پێیه‌تی‌.

بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو كوردستانییه‌ك ده‌كه‌م، هه‌تا بۆیان بكرێت ژینگه‌ بپارێزن، له‌ هه‌موو شتێكدا پاكوخاوێنى ڕابگرن. كوردستان، ئه‌م وڵاته‌ جوانه‌، ئه‌م سروشته‌ جوانه‌، به‌ موڵكى خۆت بزانه‌ و پارێزگارى لێ بكه‌. چۆن قبووڵت نییه‌ نوێن و ژوور و ناوماڵه‌كه‌ت پیس بێت، ئاواش قبووڵت نه‌بێت كۆڵان و شه‌قام و شار و گوند، سروشت و سه‌یرانگه‌ و چۆڵه‌وانى، ئاو و هه‌وا و خاك و خۆڵى كوردستان پیس بكرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ ژیانى من و تۆن، ژیانى ئێمه‌ هه‌موومانه‌، ده‌بێ وه‌ك گلێنه‌ى چاومان بیپارێزن و نه‌هێڵین ژینگه‌ پیس بكرێت.

با هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین كه‌متر ئۆتۆمبیل و گاز و سووته‌مه‌نییه‌كان به‌كار بهێنین. له‌ كوێ دارێك بڕایه‌وه‌، با له جیاتى ئه‌و دوو دارى تر بڕوێنین. هه‌موو كه‌سێك به‌رامبه‌ر ژینگه‌ لێپرسراوه‌. به‌رپرسیاریه‌تى به‌رامبه‌ر ژینگه‌ له‌ ئێستاوه‌ تا نه‌وه‌كانى داهاتوو هیچ كاتێك كۆتایى نایه‌ت. پاراستنى ژینگه‌ به‌رپرسیارییه‌كى مرۆیى، ویژدانى، ئه‌خلاقى و ئایینیشه‌. ده‌بێ پاراستنى ژینگه‌ خه‌م و ئه‌ركێكى ڕۆژانه‌ى هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ بێت.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ ستراتیژێكى نیشتمانییه‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌. هه‌موو ڕێكارێك ده‌گرینه‌ به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ى ژینگه‌ بپارێزین. ده‌بینه به‌شێك له‌ هه‌وڵه‌كانى جیهانیش بۆ پاراستنى ژینگه‌، به‌ڵام دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌، ئاگایى و هۆشیاریى تاك، دڵسۆزى و خۆشه‌ویستیى تاك بۆ وڵاته‌كه‌ى و پاراستنى ژینگه‌، له‌ هه‌موو یاسا و ڕێكاره‌كان گرنگتر و جددیتره‌‌.

هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین هه‌ر له‌ قۆناغى باخچه‌ى ساوایان و بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ زانكۆ، باشترین هۆشیاریى ژینگه‌یى له‌ پرۆگرامه‌كانى خوێندندا جێگیر بكه‌ین. منداڵه‌كانمان ده‌بێ به‌ باشترین شێوه‌ فێرى خۆشه‌ویستیى كوردستان و پاراستنى ژینگه‌ی كوردستان بكه‌ین. میدیا و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى گرنگى به ژینگه‌پارێزى‌ بده‌ن و به‌رده‌وام ئاگایى و هۆشیارى له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بڵاو بكه‌نه‌وه‌. مزگه‌وت و كڵێساكان و مامۆستا و زانایانى ئایینیش ده‌بێ ڕۆڵى خۆیان له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆر به‌ جددی ببینن و هه‌وڵی به‌رده‌وام بده‌ن بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ پرسی ژینگه‌دا.

ده‌بێ له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا ڕیسایكلین بۆ جیاكردنه‌وه ‌و به‌كارهێنانه‌وه‌ى خاشاك باشتر بكرێت. سوود له‌ وزه‌ى جێگره‌وه‌ى وه‌ك تیشكى خۆر و با و ته‌كنه‌لۆژیاى پاك و دۆستى ژینگه‌ وه‌ربگیرێت. به‌كارهێنانى ئۆتۆمبیل كه‌م بكرێته‌وه‌ و هه‌وڵى به‌كارهێنانى ئۆتۆمبیلى كاره‌بایى بدرێت له‌ ئاینده‌دا. سیسته‌مى گواستنه‌وه‌ى گشتى فراوانتر بكرێت و به‌ره‌ به‌ره‌ بخریته‌ سه‌ر وزه‌ى پاك. 

له‌ هه‌ر كوێ بۆمان كرا، با هه‌موومان دارێك، دره‌ختێك، گوڵێك له‌ باخچه‌كه‌، له‌ ئینجانه‌یه‌كدا بچێنین و وه‌ك هاوڕێى ته‌مه‌ن لێى بڕوانین. چاومان لێبێت تا گه‌وره‌ ده‌بێت و ژینگه‌یه‌كى پاكتر و جوانترمان ده‌داتێ. با هه‌موومان چیرۆكێكى خۆشه‌ویستیمان له‌گه‌ڵ دارێك، دره‌ختێك، له‌گه‌ڵ گوڵێكدا هه‌بێت. كوردستان سروشتێكى زۆر جوانى هه‌یه‌، ده‌كرێ ببێته‌ شوێنێكى گه‌شتیاریى خۆش و جوانى ناوچه‌كه و جیهانیش. وه‌رن با پێكه‌وه‌ به‌ پاراستنى سروشت و ژینگه‌، ژیان له‌ كوردستان خۆشتر و جوانتر بكه‌ین.

له‌ كۆتاییدا هیوادارم جیهان، به‌تایبه‌تى وڵاتانى گه‌وره‌ خه‌مێكى باشتر له‌ پرسى ژینگه‌ و پاراستنى بخۆن. ڕێككه‌وتن و ڕاسپاره‌كانى كۆنفرانس و لووتكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ستۆكهۆڵم، به‌رازیل، كیۆتۆ، كۆپنهاگن و پاریس جێبه‌جێ بكرێن و مه‌ترسییه‌كانى پیسبوونى ژینگه‌ و گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تى كه‌م ببنه‌وه‌.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ڵمه‌تێكى یه‌ك هه‌فته‌یى بۆ پاككردنه‌وه‌ى ژینگه‌ و سروشتى كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین. با هه‌موو تاكێكى كوردستان له‌ شوێنى خۆیه‌وه‌ به‌شداریى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ و پاكڕاگرتن و پاراستنى سروشت و ژینگه‌ى كوردستان بكات.

سوپاسى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ و سه‌رۆكى ده‌سته‌ به‌ڕێز د. هه‌ڵۆ عه‌سكه‌رى و پۆلیسى دارستان و پێشمه‌رگه‌ى پاراستنى ژینگه‌ ده‌كه‌م بۆ كار و ئه‌ركه‌كانیان. هه‌روه‌ها بۆ هاندانى پاراستنى ژینگه‌، داوایان لێده‌كه‌م ساڵانه‌ ژینگه‌پارێزان له‌ بۆنه‌یه‌كی ئاوادا خه‌ڵات بكرێن.

هیواى ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم.
به ‌خێر بێن
زۆر سوپاس.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com