بابەکر دڕەیی: نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ ئەزموونی لە خزمەتی سەقامگیری وڵات بخاتەکار

0

نوچەنێت: تایبەت

نێچیرڤان بارزانی، تەنیا کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان. ئەزمونێکی باشی لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە. ئایا چوارساڵی سەرۆکایەتی ئەو لەم پۆستە چۆن دەبێت؟ ئایا وەک ئەوەی دۆخی کوردستان پێویستی پێیەتی ئەزمونی رابردووی وا دەکات گەشبین بن پێی؟ ئەزمونی حکومەتداری و دیپلۆماسیەتی ئەو تاچەند یارمەتیدەری سەرکەوتنی دەبێ؟

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری پارێزگای سلێمانی و هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە نێچیرڤان بارزانی، دەتوانێ و دەگونجێ سوود لە ئەزموونی خۆی وەربگرێ و بە دیدێکی نوێوە بڕوانێتە دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان، چونکە نەخشەی سیاسی کوردستان گۆڕانی بەسەرا هاتووە و تا لە نەخشەکەش وردبینەوە بۆ ناو کرۆکی حزبەکان، ئەم گۆڕانە بەدی دەکرێ. ئەوەش حەتمیەتی ژیان و مێژووە، کە دیاردەکان و کەسەکان دەگۆڕێن و دەبێ بگۆڕێن. دەسەڵاتی کاک نێچیرڤان لە سەرۆکایەتی هەرێم، جیاواز دەبێ لە قۆناغی پێشوو، چونکە سوکانی ترومبێلەکە راستەوخۆ بەدەست سەرۆکوەزیران دەبێ، گەر بیەوێ، ئەزموونی ئەو “دەتوانێ لە بواری ستراتیژی و یاسا سەروەری و بەرنامە دورمەوداکاندا کاریگەری زۆر و قووڵی هەبێ”، چونکە حکومەت و کابینە بە گشتی هەر ناچارن لەگەڵ پێویستیە کاتی و ڕۆژانەییەکان سەرقاڵبن.

بابەکر دڕەیی دەشڵێت “بێگومان مانەوەی هەر کەسێ بۆ ماوەیەکی درێژ لە پۆستی حکومی، دەیکاتە خاوەن ئەزموون. کاک نێچیرڤان، دەتوانێ ئەو ئەزموونە لە خزمەتی سەقامگیری وڵات و ئابوری کوردستان و مەسەلە ستراتیژیەکانی وەک شۆڕشی ئەلیکترۆنی و کاریگەریە خێرا و درێژماوەکانی لە کوردستان بخاتە کار.
واتە ئەزموونی کاک نێچیرڤان، کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا کاربەدەست و کەسێکی کاریگەر بووە، دەشێ لەو ئاقارانەدا بێ، کە پێشتر خۆی، بە حوکمی سەرقاڵی بە ئیشی مەیدانییەوە، بواری نەبووە کاریان تێدا بکات.

بابەکر دڕەیی، لەبارەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بە کەسایەتی بەئەزموون، گوتی “ئەم وڵاتەی ئێمە کۆمەڵێک کێشەی سەرەکی و سەدان گرفتی لاوەکی پلە دووی هەن؛ ئەزموونی سیاسەتمەدارە خاوەن ئەزموونەکان لە هەموو دنیادا، لە ئاقاری چارەسەر و ساغکردنەوەی ئەو کێشانەدا دەخرێتە گەڕ، کە هەموو کەس دەرەقەتیان نایەت و کاری قورس و پڕکێشەن و لە حاڵەتی بەلاداکەوتنیان دۆخی وڵات بە تەواوی دەگۆڕێ و ڕێیتێدەچێ پێگەی کەسایەتیەکانیش لە پلەیەکەوە بباتە ئاستی پلەیەکی ئێجگار جیاواز، بە پێی سەرکەوتن و شکست لەو پرۆژانەدا، کە قازانجی گشتی و خێری کۆمەڵگە لەبەرچاودەگرن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com