نێچیرڤان بارزانی داوایەک ئاراستەی ماکرۆن دەکات

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، داوایلێکردووە سەردانی هەولێر بکات و ئەویش قبوڵیکردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠-٧-٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لێکرا و بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک کۆبوونەوە.

لەدوای کۆبوونەوەکە دیسان لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بەفەرمی ماڵئاوایی لێکرا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند “کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو. دوای رووداوەکانی پاش گشتپرسی، فەرەنسا و بەتایبەتی سەرۆک ماکرۆن دەورێکی گەورەیان بینی لەوەی کوردستان جارێکی دیکە لەڕووی سیاسییەوە بکرێتەوە، ئەوە هەنگاوێکی یەکجار گەورە بوو لەو کاتەدا. هەر ئەوەش وایکرد دوای ئەوە ئێمە توانیمان هەندێ کێشە لەگەڵ بەغدا هەبوو چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە”.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ پاریس گوتی “دوای ئەوەی، کە من بوومە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیسانەوە بە فەرمی لەلایەن ئیلیزێوە بانگهێشتکراین و کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو. سوپاسی رۆڵی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسامان کرد لەوەی یارمەتی ئێمەیان دا لە پەیوەندی نێوان ئێمە و بەغدا، ئەوە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێمە بوو. هەروەها چۆنیەتی پێشخستنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و پاریس هەم لەڕووی سیاسییەوە و هەم لەڕووی ئابوورییەوە باسکرا”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ رۆڵی گرنگیان لە پرسی شەڕی داعش کە هاوکاری پێشمەرگە بوون، سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کردوویەتی بۆ ئاوارەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. بڕیاریشماندا هەوڵبدەین پەیوەندی سیاسی و ئابووری خۆمان پەرەپێبدەین”.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت “لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق، ئەمڕۆ بانگهێشتمانکرد سەردانی هەولێریش بکات، بە سوپاسەوە قبوڵیکرد و هیوادارین لە چوارچێوەی سەردانی بۆ عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات”.

سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی “ماکرۆن زۆر خۆشحاڵبوو ئەمڕۆ گوێبیستی ئەو هەواڵە بوو، کە کابینەی نوێەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە. هیوای خواست، کە بتوانێ ئەم کابینەیە سەرکەوتوو بێت لە کارەکەیدا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com