قەیرانێک بە ناو گەندەڵی

0

نوچە

چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا و لە گەرمەی ململانێی حزب و لایەنە سیاسیيەکانی عێراق، لە پەیوەندی لەگەڵ بانگهێشتکردنی وەزیرەکان و تەنانەت سەرۆکوەزیران، نەخۆشێکی عێراقی تووشبوو بە شێرپەنجە، لە سەر بانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەسڕە خۆی بەرداوە و خۆی کوشت.

ئەوەی، کە کەسێک بە هۆی گوشاری نەخۆشی کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنی، لە زۆریەک لە وڵاتان و کۆمەڵگاکان روودەدات، بەڵام کاتێک ئەم نەخۆشە بەهۆی کەمبوونی دەرمان بگات بەو ئەنجامە، کە خۆی بکوژێت، ئەویش لە وڵاتیک، کە لە رووی داراییەوە بەرەو سەقامگیربوون دەڕوا، ئاسایی نییە و دەمانباتەوە لای پرسێکی جیاواز.

دانیشتوانی عێراقی سەرباری دەوڵەمەندبوونی وڵاتەکەیان و بوونی سامانی بەرچاو، بە هۆی گەندەڵییەک، کە باڵی بە سەر ئەم وڵاتە داکیشاوە، لە رەنج و کوێرەوەریدان. لەگەڵ ئەم نەهامەتیانە، ئیدارەی نوێی ئەم وڵاتە، تاکو ئێستا هیچ پلانێکی تۆکمەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نەبووە و یان ئەوەی، کە بە ئەنجامێکی دیار نەگەیشتووە.

بە گوێرەی ئامارەکان، عێراق لە ئاستی وڵاتانی جیهان، بە رێژەی سەرەوەی مامناوەند، نەخۆشی تووشبووی شێرپەنجەی هەیە.

ئەو چەکانەی، کە لەم وڵاتە لە شەڕ و کاولکاری بەکارهاتووە، سەپاندنی سزا و گەمارۆی یەک لە دوای یەک و روودانی چەندین شەڕی گەورە لەم وڵاتە، کەم بوون؛ تەنانەت نەبوونی ژێرخانی خزمەتگوزاری و خەمساردی و کەمتەرخەمی کاربەدەستان، سەبارەت بە پێدانی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، وای کردووە، کە رێژەی نەخۆشیە دریژخایەنەکان و یەک لەوانە شێرپەنجە، لەم وڵاتە بگاتە ئاستێکی بەرز.

بە گوێرەی دوایین ئامار، کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بارەی عێراقەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەم وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرترین تووشبووی شێرپەنجەی هەیە. تەنها لە ساڵی ٢٠١٨، زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسی لەم وڵاتە تۆمار کراوە. بە جۆرێک، کە دەکرێ بگوترێ لە هەر ١٠٠ هەزار کەس عێراقی، ١٣٥ کەسیان تووشی نەخۆشی شێرپەنجەن یان بەرەو تووشبوون دەچن.

سەرباری ئەوەی، کە حکومەتەکانی پێشووی عێراق، بە  هۆکاری جیاواز پاساویان بۆ نەدان یان نەبوونی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانیان هێناوەتەوە، بە بۆچوونی رەخنەگران و چاودێرانی سیاسی، حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لە دۆخێکی جیاوازی ئارامدا، ئەرک و دەسەڵاتی کەوتۆتە سەرشان و بەربەستە سیاسی و ئەمنی و داراییەکانی سەر رێگای کابینەکەی هەڵگیراوە. لەم رووەوە بوو، کە توانی کۆمەڵێک پڕۆژەی وەرزشی و کولتووری لە چەند شارێکی ئەم وڵاتە ببات بەڕێوە، کە پێشتر تەنانەت نەدەکرا بە هێزی چەکداریشەوە سەردانی ئەو شارانە بکرێ. بە گشتی دۆخ و سەردەمی سەرۆکوەزیرانی ئێستا بە بەراود لەگەڵ پێشووی خۆی، گەلێک جیاوازە و زەمینە بۆ کار و چالاکی و خزمەتگوزاری زیاتر فەراهەمە. تەنها بوارێکیش، کە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بوونی ئەو گەندەڵییە، کە سەرتاپای وڵاتی عێراقی گرتۆتەوە.

بە گوتەی چاودێران، فرۆشتنی بەردەوامی نەوت، وەبەرهێنانی وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان و لە هەمووی گرنگتر، هاوئاراستەبوونی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ ئەم وڵاتە، هیچ پاساو و بیانوویەکی لە بەردەم کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نەهیشتۆتەوە.

ئەگەر ئاوارەکانی شەڕ، بتوانن بە نیسبەت بێ بەڵێنی کاربەدەستانی عێراق و کەم و کۆڕیيەکان پشوودرێژ بن، ئەگەر بێکارانی عێراقی، بە هەر هۆکارێک تاقەتی ئەو دۆخە بێنن، بەڵام نەخۆشییەکی درێژخایەن هیچی لەگەڵ ناکرێت و ئەوەی روودەدات، کە لە بەسڕە بینیمان و پێدەچێت لە داهاتووشدا دووبارە و چەندبارە بێتەوە.

ئەگەر شەڕی داعش و شەڕی دژە تیرۆر و تیرۆریزم، بژاردەیەکی ناچاری بوو لە بەردەم خەڵکی عێراق، ئەوە حکومەت دەتوانێ خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە. بەڵام شەڕی دژە گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی، کە بۆتە هۆکارێک، کە هاوڵاتیان لە زۆر ماف بێبەش بن، هیچ  پاساوێک هەڵناگرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com