رووسیا دێتەوە مەیدان

0

نوچەنێت

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تێپەڕبوونی کات، چیدی بۆ ئەمریکییەکان خاڵی ژمارە یەک هەژمار ناکرێت، ئەگەرچی سوپای ئەمریکا ئێستاش لە سووریا ئامادەیە، بەڵام ئاماژەکان دەڵێن: واشنتۆن هۆگرییەکی ئەوتۆی بەم وڵاتە نەماوە.

لە میانی شەڕی ساردى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە یەکێک بووە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ململانێی زلهێزەکان، بەڵام ئێستا (ئاسیا و ئۆقیانوسیە) لای ئەمریکییەکان بە پێگەیەکی گرنگتر هەژمار دەکرێت.

ئیدارەی ئەمریکا نایشارێتەوە، کە پلانی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و ئەفغانستان دەخاتە ئەولەوییەتەوە. ئەم پلانی پاشەکشەپێکردنە، تێکەڵاوە بە پارادۆکس و دژبەیەکی و جیاوازی لە بۆچوونەکان لە ناو خودی ئیدارەی ئەمریکا.

زۆریەک لە بەرپرسانی سەربازی، رایان لە سەر ئەم کشانەوانە نییە، ترس لەوەی کە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا و ڕێگە بۆ بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی فەراهەم بکات، کە جاریکی دیکە لە پێگەی هێز و سەرەڕۆییەوە، سەرکوتی نەیاران و دژبەرانی دەستپێبکاتەوە. تەنانەت  سووریا ببێتە سەکۆیەک بۆ کردنە ئامانجی وڵاتانی ناوچەکە و لێدانی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا.

ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوچاری سەرلێشێواوییەکی تەواو بوونە. هەر چۆنێک بێت بە هاتنی بۆ سووریا و پشتیوانیکردنی لە هێزە کوردییەکان کێشەی ئاسایشی بۆ تورکیا وەک هاوپەیمانێکی واشنتۆن و ئەندامێکی بەهێزی ناتۆ ناوەتەوە. ئەم ئامادەبوونەی ئەمریکا تیچوو- و مەترسی زۆری تەنانەت بۆ ئیسرائیلیش بە دواوە بووە، بەم حاڵەشەوە ترەمپ پێدەچی چاوپۆشی لەم مەترسیانە بکات و بەرەبەرە سووریا جێ بهێڵێ.

لە ڕوانگەی تورکەکانەوە، پشتیوانی ئەمریکا بۆ کوردەکان لە ڕۆژئاوا و بەردەوام بوونی ئەم پشتیوانییە جێی مەترسییە. ڕۆژئاوای کوردستان، لە درێژخایەن مەترسی جددی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەوان دروست دەکات، تەنانەت ئەم سیاسەتەی ئیدارەی ئەمریکا بە خیانەت کردن لە خۆیان هەژمار دەکەن.

هەرچۆنێک بێت، سەردەمێک تورکیا هاوپەیمانی سەرەکی سەربازی و سیاسیی ئەمریکا بووە لە ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە.

روانگەیەکی جددی دیکە سەبارەت بەم کشانەوە لە ئارادایە، لەم روانگەوە، دژبەرانی پاشەکشەکردنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا دەڵێن: نابێ چاو بەرامبەر ململانێی مەترسیداری ئیسرائیل و ئێران لە سووریا دابخرێت. ئامادەبوونی سەربازی ئێران و میلیشیاکانی هاوپەیمانی تاران و چالاکتر بوونی حزبولڵای لوبنان کە بە تێکڕایان دوژمنی سوێندخواردوی ئیسرائیلین، نیگەرانییەکانی ئەم پاشەکشەیە زیاتر  بەرجەستە دەکاتەوە.

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کە لە (٢٠١٥)وە دەستوەردانی راستەوخۆی لە کاروباری ناوخۆی سووریا دەست پێکرد. لە روویەکەوە، کەڵکی خۆی لە ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە وەرگرت، هەر چۆنێک بێت ئێستا پاڵەوانی مەیدانی ئەم ئاڵۆزیانەیە. لە کاتێکدایە کە ترەمپ سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ئێرانی پەیڕەوی کردووە. پووتین زۆر پارێزگارانە پەرەی بە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ تاران، ئیسرائیل، تورکیا، ئیمارات، میسر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە داوە.

ئەو خاڵانەی کە سەرۆکی رووسیا، کردوویەتییە بنەمای ئەم پەیوەندیانە بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، فرۆشتنی چەک و ڕێککەوتنی سەربازی، وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و لە هەمووی گرنگتر بەڵێنی فرۆشتنی سیستەمی دژە موشەکی ئێس-٤٠٠ بەم وڵاتانە.

هەر چۆنێک بێت و ئەوەی کە واقیعە مەیدانییەکان دەیڵێن: هەژموون و دەستڕۆیشتوویی رووسیا تا دێ کەڵەکە و زیاتر دەبێت و بەشێکی ئەم دەستکەوتانە بۆ هەڵە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، بەڵام کۆی ئەم فاکتەرانە لە ئێستادا ناتوانێ ببنە خاڵی یەکلاکەرەوە و وەرچەرخان، کە بمانگەیێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە رووسیا بە تەنیا جەمسەرە.

رووداوەکانی ئێستای سووریا، هیچ  ئاماژەیەکی روونی تێدا نابیندرێ کە بیسەلمێنی داهاتووی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کام لایەن دەشکێتەوە. جارێ ئەگەرەکان و بەدیلەکان ناروونن، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە سیستمێکی نوێی ناوچەیی خەریکە لە دەقی ئەم گۆڕانکاریانە شکڵ دەگرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com