روونکردنەوە لەبارەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە دەدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ باسێک نییە، کە حکوومەتی هەرێم دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت.

لە خولی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی چاکسازی ڕیشەیی و کەمکردنەوەی خەرجی و ڕێکخستنی مووچەی خانەنیشینی و دەرماڵەکان، پڕۆژەیاسایەکی چاكسازی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەپێی پڕۆژەیاساکە ئەگەر جێبەجێبکرایە نزیکەی ١٠٠ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکوومەت دەگەڕایەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەناو پەرلەمان، لەسەر هەندێک ماددە چارەنووسی پڕۆژەیاساکە گەیشتە ئەم خولەی پەرلەمان، بەڵام تاکو ئێستا بەهۆی نەگەڕانەوەی بۆچوونی هەندێک لایەنی ناو پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاساکە هەر لای حکوومەتە و حکوومەت چاوەڕوانی وەڵامی ئەو لایەنانە دەکات.                                                                                

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دکتۆر شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی، ڕایگەیاند”تا ئێستا هیچ باسێک نییە لەوەی، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرماڵە ببڕێت، ئێمە ئاگامان لەوە نییە، کە حکوومەت چی داناوە و چی دەنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان لەو پاکێجی چاکسازیییە”.                                                                                                

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسا چاکسازییەی کە خولی ڕابردوو هاتە پەرلەمانی کوردستان، باسی بڕینی دەرماڵە ناکات، بەڵکو باسی ڕێکخستنەوە دەرماڵەی فەرمانبەران دەکات.                                                                                                                                                                 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، دەڵێت”وەک فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ١٨-٢-٢٠١٩، لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربونی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، پاکێجی چاکسازیمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و پەرلەمانی ناردی بۆ حکوومەت بۆ ئەوەی بۆچوونی لەسەر بدات، ئەوەی کە ئێمە داوامانکردووە ئەوەیە کە هەموو دەرماڵەکان بەیاسا ڕێکبخرێنەوە”.                                                                                                               

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com