ئەبو بەکر کاروانی: عێراق بەرەو دۆخێک دەچێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

کە سایەتی سیاسیی کورد، ئەبو بەکر کاروانی ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان جگە لە ئامانجەکاتییەکەی کە پرسی مووچەیە، دەبێت بۆ ئامانجەکانی دیکەی کورد لەگەڵ رووداوەکاندا بڕواتە پێشەوە و بەگوێرەی ڕووداوەکان هەڵوێست وەربگرێت.                      

دوای بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک، ڕۆژی هەینی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەڕلەمانی عێراق کرد، بڕیارە سبەی پەرلەمان بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.                                        

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەبو بەرکر کاروانی، سیاسەتمەداری کورد، سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، کە ئایا دەبێت کورد چی بکات و خۆی بۆچی ئامادەبکات، ڕایگەیاند”بەشێوەیەکی گشتیی دەبێت هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵ بێت و ڕۆژانە بەدوادا چوونی ورد بۆ گۆڕانکارییەکان، بکات.  هاوکات لەسەر هێڵ بێت لەگەڵ سەرجەم ئەو هێزو لایەنانەی کە کاریگەرییان لەسەر دۆخی عێراق هەیە، لە پێش هەمووشیانەوە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای ئەوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکان”.                                 

کاروانی بە پێویستی دەزانێت، هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت کە چ تەببخەیەک بۆ عێراق دەکوڵێنرێت و لەناوەوە گۆڕانکارییەکان بەرەو کوێ دەڕۆن، دەڵێت”ئایا عێراق عێراقێکی نوێ دەبێتەوە، ئەو عێراقەی کە لەساڵی ٢٠٠٣ وە دروستبووە دەڕوخێت؟ کە دیارە دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات، بەشێکی زۆری ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بەدیهاتووە بڕوخێت، ئایا رووخانەکە چەندە، ئایا هیچ سیمایەکی ئەو سیناریۆیانە دیارن کە عێراقی دوای ئەم عێراقەی لێ پەیدا دەبێت”.                            

کاروانی هەروەها دەڵێت”هەموو ئەو ئەگەرانەی باسمان کرد، ئەگەر عێراقی دوای ٢٠٠٣ رووخایەوە، ئەوکات پرسێکی زۆر ستراتیژیی دێتە پێش کورد و بڕیارێکی مێژوویی دەبێت، ئایا جارێکی دیکە کورد بەشداری دروستبوونی عێراق دەکاتەوە یاخود نا، بۆ نموونە داوای کۆنفیدراڵی دەکات، ئەگەر لە ناو عێراقیشدا بمێنێتەوە، چونکە عێراقی دوای ٢٠٠٣ سەلماندی کە عێراقێکی یەکگرتووی بەم جۆرە و بەناوی دیموکراسی  و بەیەکەوە بوو، شکستی خواردووە”.                                              

ئەبو بەکر کاروانی ڕایوایە”ئەوەی ئێستا لەبەردەستدا بێت، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تێکنەچوونی باری ئابووری هەرێمی کوردستانە، لە بەرئەوەی هەموو قەیرانێکی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، ڕەنگە ناسەقامگیری، قەیرانی سیاسیی و جوڵانی شەقامی بەدوادا بێت، بەبڕوای من دەبێت ئەوە ئامانجی هەرە لەپێشینە بێت وەک ئامانجێکی کاتی”.                                                                                                                

ناوبراو جەختیشیکردەوە لەوەی، جگە لە ئامانجە کاتییەکە کە پرسی مووچەیە، دەبێت بۆ ئامانجەکانی دیکە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕوداوەکاندا بڕواتە پێشەوە و بەگوێرەی رووداوەکان هەڵوێستبگرێت، بەڵام بەردەوامیش کار لەسەر ئەوەبکرێت هەرێمی کوردستان بتوانێت هەڵوێستی سیاسیی کەرت نەبێت، هێزو لایەنەسیاسییەکان وەک کورد، هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم، سەرۆکایەتیی هەرێم و پارتەسیاسییەکان، بەیەکەوە لە چوار چێوەی هاوبەشدا هەڵوێست بگرن، کە پرسێکی زۆر چارەنوسی و ژیانەوەیە بۆ ئێمە.                                                            

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com