کێ لە عێراق باڵا دەستە؟

0

ئەسعەد مورادی

خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق لە ١-١٠-٢٠١٩ دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی هەینی ڕابردوو (٦-١٢-٢٠١٩) ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار لە گۆڕەپانی تەحریر تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی بەغدا کرد و لە ئەنجامدا ٣١ کەس گیانیان لەدەستدا، کە ١٣ کەسیان لە خۆپیشاندەران و ٣ کەسی دیکەش لە هێزە ئەمنییەکان بوون، زیاتر لە ٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆک وەزیران لە ٢٩-١١-٢٠١٩، پێدەچێت ڕێگەی بۆ هێزی چەکدار و ئەو میلیشیایانە خۆشکردبێت، کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی دەستکراوەتر رووبەڕووی خۆپیشاندانەکان ببنەوە وەک ئەوەی لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو (٦-١٢-٢٠١٩) لە بەغدا روویدا.

ئەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر خۆپیشاندەران

سیستانی و پەلاماری خۆپیشاندەران(١)

لە وتاری ڕۆژی هەینی-دا عەبدولمەهدی کەربەلایی وتاری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی خوێندەوە و تێیدا خوێنڕشتنی خۆپیشاندەرانی سەرکۆنە کرد و داوای کرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزرێت.

دوای کەمتر لە (١٢) کاتژمێر لەو وتارەی مەرجەعیەت، شەوی ڕابردوو لە گۆڕەپانی خەللانی و پردی سەنک، ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چەکداری دەمامکدار کە لە چەند ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری پیکاپ پێکهاتبوون بە شێوەیەکی کتوپڕ هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆریان لێکوشتن (ئامارە نوێیەکان باس لە کوژرانی (٣١) خۆپیشاندەر و برینداربونی زیاتر لە (٥٠) خۆپیشاندەر دەکەن، تەقەکەران توانیان تاڕادەیەک بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن. 

بەپێی لێدوانە رۆژنامەوانیەکان ئەمڕۆ لەبەغدا و بەدیاریکراوی گۆڕەپانی تەحریر ژمارەیەکی کەمتر لە رۆژانی رابردو خۆپیشاندەری لەخۆ گرتبوو. هەروەها هەردو ناوچەی خەلانی و سنک کە دوێنێ روبەروی هێرش بونەوە لەلایەن سوپاو هێزە ئەمنیەکانەوە تەوق دران و کۆنتڕۆڵکراوە.

هێزە چەکدارەکان داوای چۆڵکردنی باڵەخانەی چێشتخانەی تورکی، کە بەقەڵای خۆپیشاندەران ناسراوە دەکەن و هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، کە دەبێت باڵەخانەکە جێبهێڵن.
بەپێی لێدوانە فەرمیيەکان، سوپاو هێزە ئەمنیەکان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شەوی ڕابردووناوچەی خەلانی و سەنکیان کۆنترۆڵکردووە. 

رووداوەکان لە بەغدا بەرەو جێگایەکی نادیارهەنگاو دەنێن و ژمارەی سوپا و هێزی ئەمنی لە شەقامەکاندا بەبیانوی پاراستنی خۆپیشاندەران لە هێزە چەکدارە نەناسراوەکان، زیادی کردووە.

لەباری سیاسیشەوە کوتلە سیاسیەکان هیچیان بەپەرۆش نین بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران و هەموولایەک لەو بەرپرسیارێتیە ڕادەکەن، هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن سەرۆک کۆمار بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ رابسپێردرێت، بەڵام تائێستا هیچ بەربژێرێکی دیاریکراو نییە.

لەلایەکی ترەوە هێزی چەکدار، کە ناسنامەیان ئاشکرا نییە ناوبەناو هەڵدەکوتنە سەر خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی دەبەن.

بەشێک لە خۆپیشاندەران داوا لە مەرجەعیەتی باڵا دەکەن فەتوای جیهاد و چەکهەڵگرتنیان بۆ دەربکات دژ بەو هێزە چەکدارانە وەک چۆن فەتوای جیهاد و چەکهەڵگرتنی دژ بە چەکدارە تیرۆرستەکانی داعش دەرکرد.

رۆڵی هۆزەکان

وەک سروشتی کۆمەڵگای عێراقی، هۆزەکان رۆڵێکی گەورەیان لەم کۆمەڵگایەدا لە جەنگ و ئاشتیدا هەیە، لەخۆپیشاندانەکانی ئەم جارەش هۆزەکان رۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەتایبەت لە پارێزگاکانی دەرەوەی بەغدا. ئەگەر پلانەکەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا پێناچێ لە پارێزگاکانی دیکە بەو ئاسانیە سەرکەوتوو بێت ئەویش بە هۆی رۆڵی هۆزەکان.

لە پارێزگای زیقار لە ئێستادا هیچ داودەزگایەکی فەرمی حکوومەت نەماوە و خەڵک و هۆزەکان خۆیان پارێزگاکە بەڕێوەدەبەن، دەرپەڕاندنی حکوومەت لەم پارێزگایە دوای ئەوە هات کە نزیکەی (٢٥) کەس لە گەنجانی خۆپیشاندەر کوژران. ئەمە هۆزەکانی توڕە کرد و دام و دەزگاکانیان ناچار بە جێهیشتنی پارێزگاکە کرد، خۆپیشاندەران دەزگای دژە تیرۆریشیان لە پارێزگاکە سوتاند و هەمو ئەندامانی ئەو دەزگایەشیان ناچار بە جێهێشتنی پارێزگاکە کرد، پارێزگار دەستی لەکار کێشایەوە و ئێستا حکوومەت بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ گەڕانەوە بۆ پارێزگاکە، بەڵام هۆزەکان هەمو جۆرە دانوستانێک رەتدەکەنەوە. 

پلانەکە بۆ سەنتەری شاری بەغدا بەم شێوەیە

بەبێ ئارامکردنەوەی شەقام، هیچ کەس و هێزێک ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی سەرۆک وەزیران وەربگرێت، چونکە دەزانێت کە ناتوانێت نە خۆپیشاندەران رازی بکات نە لە ڕێگەی هێزیشەوە کۆتایی پێبهێنێت.

بەڵام لە ئێستادا کە پۆستی سەرۆک وەزیران بە فەرمی پڕ نەکراوەتەوە و سەرۆک وەزیران بە دەستلەکارکێشاوە و کاربەڕێکەر دادەنرێت، ئەوا هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و خواستی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە ڕێگەی هێزی چەکداری دەمامکدار، ئاسانترە.

لە قۆناغی دواتر، بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپاو ناوخۆ بە بیانوی پاراستنی خۆپیشاندەران، شەقامەکان کۆنترۆڵ دەکرێن و دواتر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەغەکردنی هاتوچۆ، هەمو جۆرە کۆبونەوەیەکی جەماوەری کۆتایی پێدەهێنرێت و پاشانیش ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت.

بەڵام ئەم پلانە پێدەچێت تەنها لەسەنتەری شاری بەغدا جێبەجێ بکرێت و شارەکانی تر کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە ئاسان نییە. ئەمەش گریمانەی لاواز بوونی دەسەڵاتی سەنتەر بەسەر بەشەکانی وڵاتدا دێنێتە ئاراوە.

کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن ئەو چەکدارە نەناسراوانەوە سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتدارانی حکوومەت و باڵیۆزخانە و یونامی هێنایە دەنگ، بەڵام ئەوەی نادیارە ئایندەی خۆپیشاندانەکان و ئەگەری ڕشتنی خوێنی زیاتری عێراقیەکانە لەلایەن چەکدار و گروپی نەناسراوەوە.

خواستی مەرجەعیەت

لە وتارى ڕۆژی هەینى ڕابردوو دا (٦-١٢-٢٠١٩)، عەبدولمەهدى کەربەلایى، نوێنەرى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان ئاماژەى بە پێویستى لەبەرچاوگرتنى بەرپرسیارێتى کرد چ لەلایەن هێزە ئەمنیەکان چ لە لایەن خۆپیشاندەرانیشە و ڕایگەیاند “بەرپرسیارێتى هاوئاهەنگیکارە و لە ئەستۆى هەر لایەنێکە، بەرپرسیارێتى ژیانى خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان لە ئەستۆى هێزە ئەمنیەکانە و دەبێت رێگەیان پێ بدرێت بە ئازادى گوزارشت لە داواکاریەکانیان بکەن، پێویستە خۆپیشاندەرانیش ڕێ نەدەن تێکدەران تێکەڵیان ببن و زیان بە هێزە ئەمنیەکان و موڵکى دەوڵەت و تایبەت بگەیەنن”.

٢٣ خۆپیشاندەر بێسەروشوێنن

کەربەلایی جەختى کردەوە لەوەى، کە پێویستە رێ لە پشێوى و زیانگەیاندن بە سیستمى گشتى بگیرێت و گوتى: “دەبێت کار بکرێت بۆئەوەى دۆخەکە بگەڕێتەوە ڕێڕەوە ڕاستەکەى، وەک مەرجەعیەت دووبارە خوێنڕشتنى خۆپیشاندەران و زیانگەیاندنیش بە موڵک و ماڵى گشتیى و تایبەت سەرکۆنە دەکەین، بۆیە داوا دەکەین دادگاکانیش بەپێى یاسا و ڕێسا سزاى پێشێلکردنەکان بدەن لە هەر لایەک بن چ زیانگەیاندن چ کۆشتنى خۆپیشاندەران”.

هەروەک هیواى خواست کە سەرۆکى حکوومەت و کابینەکەى لەماوەى دەستووریدا هەڵبژێردرێن و “دور لە دەستوەردانى دەرەکى دیارى بکرێن، مەرجەعیەتى دینى قسە لەسەر ئەو پرسە ناکات و رۆڵیشى نابێت لەو بارەیەوە”.

عەبدولمەهدى کەربەلایى، نوێنەرى عەلى سیستانى

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق دواى وتارى هەفتەى پێشووی(٢٩-١١-٢٠١٩) مەرجەعیەت دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکرد و ئێستا حکوومەتەکەى کاربەڕێکەرە.

تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و
٢٠ هەزاری دیکەش بریندارن

عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند؛ تائێستا کۆی گشتیی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدوایەی عێراق گەیشتوەتە (٤٦٠) کەس و برینداربونی زیاتر لە (٢٠) هەزار کەس.

وتیشی: لە خۆپیشاندانەکاندا (٢٦٥٠) کەس دەستگیرکراون و دواتر زۆربەیان ئازادکراون، بەڵام تائێستا (١٦٠) کەس لە زیندانەکاندا ماون.

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ روونیکردەوە، چارەنووسی (٢٣) کەس بە نادیاری ماوەتەوە و دۆسییەکانیان ڕادەستی داواکاری گشتی کراوە بۆ لێکۆڵینەوە.

ئەمریکا سزای بەسەر چوار کەسایەتیی عێراقییدا سەپاند(٢)

لە ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهل حەق، پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی٢٠١٩دا چەکدارە میلیشیاکانی لە چەندین شاری عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان کرد.

لەیس خەزعەلی برای قەیس خەزعەلی، بەرپرس لە عەسائیب ئەهل حەق و ئەندامی لیژنەیەکی سەر بە فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە کە تووندوتیژیی کوشندەیان دژی خەڵک ئەنجامداوە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خەڵکدا.

حوسێن فالح، بەرپرسی دەزگای ئەمنیی حەشدی شەعبی، لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێت و بەرپرس لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ی عێراق و ئەندامی لیژنەی سەر بە سوپای پاسداران کە تووندوتیژیی کووشندەیان دژی خەڵک ئەنجامداوە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خەڵکدا. هەروەها فەرمانی کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە بەغدا دەرکردووە، بەرپرس بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی میحوەری نیشتمانی و بازرگانێكی ملیۆنێرە، بەهۆی سامانەکەیەوە دەسەڵاتێكی زۆری هەبووە و بەرتیلی داوەتەوە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و گەندەڵیی کردووە و سامانەکەیشی بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکارهێناوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاندووە: دەرکردنی ئەو سزایانە لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە لێپێچینەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەرکراون و مەبەست لێی پاراستنی سیستەمی دارایی ئەمەریکایە لە هەڕەشەی ئەو جۆرە کەسایەتییانە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: ئەو کوشتارەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا دەکرێت تاوانى بێ پاساون

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی خۆپیشاندانەکانی عێراق و ئەو گرژییەی شەوی هەینی ٦-١٢-٢٠١٩، لە بەغدا دروستبوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیێنێت “ئه‌و كوشتاره‌ى به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل له‌ پردى سنه‌ك و گۆڕپانى خللانى له‌ به‌غدا كرا، تاوانى بێ پاساون”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ به‌رده‌واميى رووداو و تووندوتيژييه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراق ده‌ڕوانێت و رایدەگەیێنێت “له‌ كاتێكدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قوڵمان ئاراسته‌ى كه‌سوكارى قوربانييان ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ش‌ بۆ برينداران ده‌خوازين”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دووپاتى ده‌كاتەوە‌، كه‌ “خۆپيشاندانى ئاشتيانه‌ و سڤيل، مافێكى ده‌ستووريى ره‌وا و پارێزراوه‌ و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك قبوڵكراو نييه‌ ئه‌و زێده‌ڕۆييه‌ له‌ تووندوتيژى‌ به‌رانبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌ر‌ان به‌كاربێت و بكرێنه‌ ئامانجى ده‌ستڕێژ و هێرشى له‌وجۆره”‌.

نەتەوەیەکگرتووەکان: ئەو تووندوتیژیەی لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجامدەدرێت، دەستی کەسانی سیاسیی لەپشتە

جێنین ‌‌هێنیس، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەستڕێژیکردنە سەر خۆپیشاندەرانی بەغدا دەکەین.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ئاماژە بەوە دەدات “کوشتنی بە ئەنقەستی خۆپیشاندەرە بێ چەکەکان لەلایەن کەسانی چەکدارەوە هیچی کەمتر نییە لە وەحشیگەریی لە دژی خەڵکی عێراق”. دەشڵێت “دەبێت ئەنجامدەران بناسێندرێن و بەبێ دواخستن بە سزای خۆیان بگەیێندرێن”.

ئەو بەرپرسە داوا لە هێزەکانی عێراق دەکات کە بەبێ درێخیکردن پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکەن و داواش لە خۆپیشاندەران دەکات هاوکاربن تاوەکو خۆپیشاندانەکانیان بە سەلامەتی بەڕێوەدەچن.

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: ”تووندوتیژی کە لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجامدەدرێت، دەستی کەسانی سیاسی لەپشتە یاخود بۆ ئەوە ئەنجامدەدرێت عێراق بخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە”.

سەرچاوەکان

١_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=19166

٢_ https://www.rudaw.net/sorani/world/061220199

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com