پارتی کۆنگرە دەبەستێت

0

نوچە

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ١٨-١-٢٠٢٠، به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، بڕیاردراوه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢٠ كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، ئاماژه‌ به‌ چوار خاڵی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردووه‌، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان، تاووتوێكردنی بڕیار و راسپارده‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی پێیوایه‌ “دوور بوو لەو بنەما و پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە، كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بووە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بریارە چارەنوس سازەكان”.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ته‌وه‌ری دووه‌م باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ رێگه‌نه‌درێت عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی وڵاتان و هه‌وڵه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا چڕبكرێنه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆسه‌كه‌ دووپات كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، پرسی به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی ١٤-یه‌مینی پارتی دیموكراتی كوردستان، تاووتوێ كراوه‌ و تێیدا هاتووه‌ “لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆڕانكاریيە زۆر و خێراكان لە ناوخۆ و دەوروبەرو زیاتر گڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاریدا لە ساڵی ٢٠٢٠ كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات”.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

“راگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە سەرپەرشتی بەرێز سەرۆك مسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٨-١-٢٠٢٠ ئەنجام درا كە چەند بابەتێكی گرنگی سیاسی و رێكخستنی حزبی گفتوگۆیان لە بارەوە كراو بریاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

تەوەری یەكەم: رووداوە گرنگەكانی ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا، گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت و ئابوری و پەیوەندیەكان كۆماری عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردارو پەرچە كردارانەی روویان داو هەروەها بریارو راسپاردەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لەو چەند مانگەی رابردوو بە دوور بوو لەو بنەماو پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە، كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بوە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بریارە چارەنوس سازەكان.

تەوەری دووەم: باس لەو نیگەرانی و مەترسیانە كرا كە لەسەر عێراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی و كردنی عێراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم و جیهانی… بارودۆخی عێراق سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە رووی حوكمرانی و ئابوری و دیبلۆماسی و چ لە رووی گرژی و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عێراق باجی خیلافات و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە بەڵكو بەردەوام هەرەشەیە لە سەقامگیری و دابین كردنی ئەمنیەت ئەمە جگەلەوەی باری ئابوری هاونیشتمانیانی عێراق لە ئاستێك دا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت. بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرز بووەتەوە بەجۆرێك كە زیاتر لە ٣٠% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان. كۆبوونەوە رای وابوو كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ تا عێراق نەبێتە بەشێك لەو كێشە هەرێمی و جیهانیانە، بۆیە پێویستە هەر بریارو راسپاردەو یاسایەك كە دەردچن لە ئاستی خواست و ویست و بەرژەوەندی كۆی هاوڵاتیانی عێراقی دا بێت و لە تاكڕەوی بە دووربن بۆ ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق نەكەوێتە مەترسیەوە.

تەوەری سێ‌ یەم: كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستای چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەوبوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانە دی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان و زیاتر دابین كردنی ئاسوودەیی، هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە.

تەوەری چوارەم: لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆرانكاریە زۆرو خێراییەكان لەناوخۆو دەوروبەرو زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵی ٢٠٢٠ كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات.

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

١٨-١-٢٠٢٠

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com