ئێران چۆن دەڕوانێتە جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؟

0

ئەسعەد مورادی

ترسی ئێران و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران حکومەتی عێراق، لە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان و کەمکردنەوەی سەربازگەکانی ئەمریکا لە هەشت بنکەی سەرەکی بۆ پێنج بنکە و دانانی سیستەمی پاتریۆت کەم نییە، ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی لەو چەند سەربازگەیە دەڵێت، کشانەوەی هێزەکانیان لەو سەربازگانە تەنیا بۆ پتەوکردنی چەند بنکەیەکی سەرەکییە لە عێراق، بەڵام بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی هێزە عێراقییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە.

له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2019-ه‌وه‌ 20 جار هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانیان له‌ عێراق له‌نێویاندا K1. پێدەچێت هاوپه‌یمانیان به‌ باشی له‌ مه‌ترسییه‌كانی گروپه‌ سەر بە ئێران تێگه‌یشتبێتن.

شەش ساڵە شەڕی داعش سەربازانی ئەمریکای لە سەربازگەی قائیم لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا ھێشتووەتەوە، ھەرچەندە دەشزانن ھێشتا مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە، لەمڕۆوە بە فەرمی ھێزەکانی لیوای 32ی سوپای عێراق لەو سەربازگەیە جێگردەبن.

جگە لەو سەربازگەیە، ئەمریکییەکان لە سەربازگەکانی کەی وەنی کەرکوک و گەیارەی موسڵ دەکشێنەوە و بە ھەمان شێوە رادەستی ھێزە عێراقییەکانی دەکەن، بڕیاربوو کەرەستە سەربازییەکانیان بۆ ھێزە عێراقییەکان جێبھێڵن، بەڵام پێدەچێت کە ھیچ شتێکیان جێنەھێشتبێ، جگە لە چەند خێوەتێک نەبێت.

وا پێدەچێت ئەمریکا بەجددی بیر لە ڕووبەروو بوونەوەی میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و کۆتاییهێنان به دەستەڵاتیان و لەناو بردنیان بکاتەوە، کشانەوەی ھێزەکانیشی لە بنکە سەربازیەکانی لە عێراق تەنیا هەنگاوێکی بەرچاو ڕوونیە بۆ ئەو پلانەی داهاتووی.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە واشنتۆن ڕابەرایەتی دەکات، کشانەوەی ھێزەکانی لە بنکەی سەربازی “K1” لە شاری کەرکوکی باکووری عێراق و ڕادەستکردنی کەلوپەلەکانی نێو بنکەکەی بە هێزە عێراقییەکان کە بەهاکەیان یەک ملیۆن دۆلارە راگەیاند. بنکەی “K1”، بەهۆی هەڵکەوتەی نزیکی لە پارێزگای نەینەوا، بنکەی سەرەکی سەرۆکایەتی ڕووبەرووبوونەوە و جەنگی دژی داعش بوو لەکاتی ئازاد کردنی شاری موسڵ، یەکەم بنکەش بوو کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن میلیشیاکانەوە بەئامانج گیران.

کەتیبەکانی میلیشیای ”حزب اللە”ی سەر بە ئێران لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بنکەکەیان بە ئامانج گرت و بووە ھۆی کوژرانی خانەنشینێکی ئەمریکی کە لە بنکەکە کاری دەکرد، واشنتۆنیش لە وەڵامدا هەڵسا بە هێرشێکی ئاسمانی لە سەرەتاکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا. هێرشەکەی ئەمریکا لە ڕۆژی ٣ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی.

لەدوای ئەو هێرشەوە بە ئامانج گرتنی ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە لە عێراق هەر لە بنکە سەربازیەکان لە پارێزگا جیاوازەکانەوە تا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز چڕ بوونەوە، بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بگرێتە بەر. سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، چەند شیکردنەوەیەک لەو بارەوە دەکرێت، لەنێویاندا بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و لەبەرچاوگرتنی هێرشی پێشبینیکراوی میلیشیاکانی ئێران بۆ سەر ئەم هێزە ئەمریکیانە”.

« واشنتۆن پلانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر
کەتیبەی میلیشیاکان داڕشتووە»

لەم دواییانەدا سیناریۆی سێیەمیش دەرکەوت کە ئەمریکا هێزەکانی کشاندەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە میلیشیاکانن، ئەوەش بە ئامانجی لەناو بردنیان، کشانەوەکەش بۆ پاراستنی ئەو هێزانەیە لە مەترسی لە ئەگەری بە ئامانج گرتنی میلیشیاکان.

ڕۆژنامەی ” ئۆرشەلیم پۆست” جەختی لەو سیناریۆیە کردەوە کاتێک رایگەیاند، کە «ئەمریکا لەلایەک و ئێران و میلیشیاکانی لەلایەکی دیکەوە، ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی ناکۆکی دەکەن لە عێراق، ئەوەش دوای ساڵێک لە گرژی بەردەوام و هێرشی مووشەکی لەلایەن هەردوو لایەنەوە».

رۆژنامە ئیسرائیلیەکە دۆخی هەنووکەیی عێراقی لە ناکۆکییەکان بە « دوو زۆرانباز لەناو گۆڕەپان، کە هەردوولا لە چاوەڕوانی ڕووداوەکانی گەڕی داهاتوون» چواند و دەڵێت کە « واشنتۆن پلانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر کەتیبەی میلیشیاکان داڕشتووە». ڕۆژنامەکە ڕایدەگەیەنێت کە « ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە پلانەکەیان داڕشتووە»، ڕاشیدەگەیەنێت کە « ئەمریکا هێزەکانی لە شوێنە مەترسی لێکراوەکان لە بنکەی ”القائم” کشاندەوە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسیەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی هێرشی پێشبینیکراوەکان لەلایەن میلیشیاکانەوە لە ئەگەری ڕوودانی بارگرژی».

“ئۆرشەلیم پۆست” ئاماژە بەوە دەکات کە « هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە ٥ هەزار سەرباز، بەس نین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دژی ئەو میلیشیایانەی کە ژمارەی سەربازەکانی دەگاتە نزیکەی ١٠٠ هەزار سەرباز، بۆیە شوێنی هێزەکانی گۆڕی تا بتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە». شیکردنەوەکانی رۆژنامە ئیسرائیلیەکە دوو رۆژ دوای راپۆرتێکی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی دێت کە ڕاگەیاندبوو پنتاگۆن (پێگەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) پلان دادەڕێژێ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە لەو وڵاتەدا بەبێ ھیچ ڕێگریەک هێزەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرن.

« پنتاگۆن پلانە نهێنییەکەی خۆی خستەڕوو، کە ئەنجامدانی جەنگ دژی ئەو میلیشیایانەی عێراق، کە ئێران پشتیوانیان دەکات، هەندێ لە سەرکردەکانیش دژی پلانەکە بوون و داوای رووبەروو بوونەوەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران کرد»

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کرد کە مارک ئیسپێر، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕێگەی داوە بە داڕشتنی پلانێک بۆ ”هەڵمەتێکی نوێ لە ناوەوەی عێراق” کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستکراوە دەکات ئەگەر میلیشیاکان هێرشیان ئەنجام دا.

“نیویۆرک تایمز” لە راپۆرتەکەیدا ئاشکراشی کرد کە « پنتاگۆن پلانە نهێنیەکەی خۆی خستەڕوو ئەنجامدانی جەنگ دژی ئەو میلیشیایانەی عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات، هەندێ لە سەرکردەکانیش دژی پلانەکە بوون و داوای رووبەروو بوونەوەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران کرد».

“نیویۆرک تایمز” راشیدەگەیەنێت کە « بە فەرمانێکی ئیداری کە هەفتەی رابردوو دەری کردووە، پنتاگۆن فەرمانی بە فەرماندەکانی سوپا داوە بە داڕشتنی پلانی ڕووبەروو بوونەوەیەکی لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیەوە لە عێراقدا کە فەرمانی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەکات بۆ لەناوبردنی میلیشیاکان بەشێوەیەکی یەکجارەکی».

لەکۆتایی راپۆرتەکەیدا، ڕۆژنامەکە لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکیەوە ڕادەیگەیەنێت کە لەو کۆبوونەوەیەی کە لە کۆشکی سپی بەڕێوە چوو، ترەمپ بڕیاری لەسەر هیچ هێرشێک نەدا، بەڵام فەرمانی دا بە بەردەوامی دان بە داڕشتنی پلان بۆ رووبەروو بوونەوەی میلیشیاکان.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە، ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی شوێنەکانیان هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کونسوڵخانەکەشی لە هەولێر چۆڵکرد، داواشی لە کارمەندانی کرد زووترین بلیتی گەشتی بازرگانی دەست بخەن و بگەڕێنەوە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئێران: ئەگەر ئەمریکا پیلانی سەربازی جێبەجێ بكات و
بەرگری لەناوبەرێت،
ئەوا ”ئەمریكا هەڵەیەكی ستراتیژی دەكات”

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەگەڵ كۆنسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر كار لەسەر ئەوە دەكەن لەم هەفتەیەدا چەند گەشتێكی ئاسمانی بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییانە رێكبخەن، كە دەیانەوێت عیراق جێبهێڵن و لەوبارەیەوە چەند رێكار و بژاردەیەكیان دیاریكردوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا داوای لەو هاوڵاتیانەی وڵاتەكەشی كردوە، كە دەیانەوێت عیراق جێبهێڵن، فۆڕمی تایبەت پڕبكەنەوە، تا كار لەسەر ئەوە بكرێت لە گەشتە ئاسمانییەكانی ئەم هەفتەیەدا جێیان بۆ دابینبكرێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هیچ هۆكارێكی بۆ ئامادەكردنی ئەو گەشتە ئاسمانییانە دیارینەكردوە، بەوەی بەهۆی دۆخی ئەمنیی عیراقەوەیە، یان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە.

دوای زۆر بوونی نیگەرانییەکان، عەمید یەدوڵڵا جەوانی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ئەمریكا هەر هەنگاوێكی سەربازی لە عیراقدا بنێت، شكستێكی ستراتیژی زۆر گەورەتر لەوانەی پێشوو تۆماردەكات.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران: هەر هێرشێکی سەربازی ئەمریکا، دەبێتە هۆی
كۆتایی هاتنی یه‌كجاره‌كی ئیسرائیل

یەدوڵڵا جەوانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریكییەكان بە تەركیز خستنەسەر شەڕی دەرونی دەیانەوێت كارەكانیان بەرەوپێشەوەببەن، لەو چوارچێوەیەشدا هەڕەشە لە گروپە بەرگریكارەكانی عیراق دەكەن و هەندێكجاریش هەڕەشە لە ئێران دەكەن.

باسی لەوەشكردوە، ئەمریكییەكان دەیانەوێت بەو كارانەیان كاریگەری هەرێمی لەسەر بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا دروستبكەن، ئەگەر ئەمریكا لە پشت شەڕە دەرونییەكەیەوە دەیەوێت پیلانی سەربازی جێبەجێ بكات و بەرگری لەناوبەرێت، وەك خۆیان پێیانوایە، ئەوا بە متمانەوە ئێران دەڵێت، ئەمریكا هەڵەیەكی ستراتیژی دەكات و هەمان ئەو هەڵانە دوبارە دەكاتەوە، كە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا لەماوەی 18 ساڵی رابردودا كردویەتی، هەروەها شكستی گەورەتر لەوانەی پێشوو تۆماردەكات.

حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهایان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ناو خاكی عێراق، هۆشداری ده‌داته‌ واشنتۆن و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق جه‌نگێكی ده‌روونییه‌.

له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر عه‌بدوڵڵاهایان نووسیویه‌تی: “دووباره‌ جێگیركردنه‌وه‌ی هێزه‌كان و جووڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، جۆرێكه‌ له‌ جه‌نگی ده‌روونی”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “كۆشكی سپی زۆر به‌باشی هێزی مه‌رجه‌عیه‌ت و گه‌لی عێراقی بینی”، گوتیشی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی نوێی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات، بێ گومان ده‌بێته‌ هۆی خێراتر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ و كۆتاییهاتنی یه‌كجاره‌كی ئیسرائیل”.


ئەوەی گرنگە بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، چۆن خۆی لە ئاگری شەڕی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بپارێزێت، پرسیارەکە لێرەیە کە ئەگەر عێراق و بەتایبەت هەرێم نەیتوانی بێلایەنی خۆی بپارێزێت چی روودەدات؟

سەرچاوەکان:

١_ http://diplomaticmagazine.net/politics/2948

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com