پارێزگاری هەولێر ئاسانکارییەکانی بۆ هاوڵاتیان راگەیاند

0

نوچە

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كە بەپێی ئەو ڕێنماییانەی دەرمانكردوون بۆ خۆپارێزی سبەی لە كاتژمێر شەشی ئێوارەوە شوێنە گشتییەكان دەكرێنەوە. هەروەها ئەمڕۆش دوو هاوڵاتی پارێزگای هەولێر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر گوتی: كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چووە دوای ئەوەی كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوە چوو. گەیشتنە ئەوەی لە پێناوی ژیانی هاوڵاتیان سبەی 3-6-2020 سەرجەم ئەو شوێنانەی كە پەیوەستن بە ژیان و كاسبی هاولاتیان لە كاتژمێر شەشی ئێوارەوە دەكرێنەوە بەمەرج و ڕێنماییە تەندروستییە توندوتۆڵەكانیشەوە. 

باسی لەوەشكرد كە لەهەر شارو قەزایەك كۆمیتەیەكمان دروست كردووە بۆ ئەوەی ڕێنماییە تەندروستییەكان بەتەواوی جێبەجێ بكرێن و ڕێنماییەكانیش دەبێ هەمووان لەبەرچاوی بگرن. هەروەها بۆ شوێنە پزیشكییەكانیش بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕێنماییەكان دەداتە ناوەندەكان و هەروەها بۆ شوێنە گەشتیارییەكانیش بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری هەولێر چاودێری جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەكات.

فرسەت سۆفی گوتیشی، ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لێبوردن لە خەڵكی خۆمان دەكەین بەهۆی بڕیارەكانی ئێمەوە كە بۆ خۆپارێزی بووە ئەوان زیانیان بەركەوتووە وە ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی خەڵكی خۆمان و هەرچیەكی لەدەستمان بێ درێغی ناكەین. روونیشی كردەوە، كە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ بەتەواوی جێبەجێ دەكرێت بە قەدەغەی هاتوچۆ و هەروەها هاتوچۆی نێوان شارەكانیش بەتەواوی دادەخرێت و دەوامیش تا 6-6 نابێت.

لەلایەن خۆشیەوە د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی: لەسەرەتای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ماوەی 13 ڕۆژ هیچ نەخۆشێك تۆمارنەكرا تا 19-5-2020 بەڵام دوای ئەو ماوەیە ژمارەیەكی زۆری هەڵگری ڤایرۆسەكە تۆماركران لەو ماوەیە زۆرینەیان نیشانەیان هەبووە، و گواستراونەتەوە بۆ سەنتەری كۆرۆنا. 
گوتیشی: 6 نەخۆش لە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە بە قورسی تووشی ببوون سێیان باری تەندروستیان ناجێگربوو ئەمڕۆ بەیانی یەكیان گیانی لەدەستدا و دوای كاتژمێر شەشی ئەمڕۆش یەكێكی دیكەمان لەدەستدا.

د. دلۆڤان ڕوونی كردەوە كە ڤایرۆسەكە زۆر مەترسیدارە و پێویستە ئەگەر ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان دەكرێت بەپێی ڕێنماییەكان هاوڵاتیان هەڵسوكەوت بكەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com