عێراق دەتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتەکەی کازمی پێداگری دەکات بۆ گەڕانەوەی سەروەری خاکی عێراق و هەیبەت و شکۆ بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق.   

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە عیراق بەردەوام لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمی کراوەتە ناوەندێکی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی وڵاتانی زلهێز و دراوسێ، سیادەی خۆی بەتەواوی لەدەستداوە، چەندین هۆکاری دەرەکی و ناوخۆی هەیە وایکردووە عێراق سیادەی دەوڵەتەکەی لەدەستبدات. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەوزاد ڕەسوڵ، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی عێراق، ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو ناکۆکی و ململانێ  توندەی نێوان وڵاتانی ئەمریکا و ئێران، عێراق بێ خاوەن بووە، ساڵانێکی زۆرە عێراق بووەتە مەیدانی شاراوەی ململانێکانی ئەو دوو وڵاتە و مەیدانێک بۆ تەسفییە حساباتی نێوانیان، بۆیە ئەمە کەلێن و دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام سەروەرییەکەی پێشێلبکرێت”.  

ئەو ئەندامەی پێشوی پەرلەمانی دەڵێت “ئێستا هەست دەکرێت، کە حکومەتەکەی کازمی، حکومەتێکە تاڕادەیەکی زۆر پێداگرە لەسەر پاراستنی سەروەری عێراق و ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵی. هەروەها گەڕانەوەی هەیبەت و شکۆ بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ئەمە حاڵەتێکی دڵخۆشکەرە تاچەند سەرکەوتوو دەبێت؟ ئەو بەربەست و ڕێگرییانەی، کە لەبەردەم کازمی هەن تاچەند ئیرادەی کازمی و ئەو ستافەی، کە لەگەڵیدایە بەرامبەر بەوانە تاچەند بەهێز دەبێت؟ ئەمانە زیاتر ئایندە بڕیاری لەسەر دەدات و بۆ مان ڕووندەکاتەوە”. 

سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی سیادەی عێراق، نەوزاد ڕەسوڵ گوتی: لەسەر چەند شتێک دەتوانین سەروەری بۆ خاکی عێراق بگەڕێنینەوە، کە بەشێک دەبن لە پڕۆسەیەکی گشتگیر، کە بریتییە لە:

– یەکەم: کۆ دەنگی هێزو لایەنەسیاسییەکانی عێراقە لەسەر پرسی پاراستنی خاکی عێراق و سەروەرییەکەی، بەداخەوە تائێستا ئەم کۆدەنگییە نییە.    
– دووەم: سووربوون و پێداگری حکومەت و پەرلەمانی عێراقە، کە دەبێت پەرلەمان ئازا و بوێر بێت، بەردەوام بەیانی هەبێت و گوتارەکەی بەو ئاراستەیە بێت کە قبوڵی نەکەن ئەم پێشێلکارییانە لەسەر وەری عێراق ڕووبدات. 
 
– سێیەم: بەگەڕ خستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراقە، هاوشێوەی ئەو هەڵوێستەی حکومەتی عێراق نواندی و سەردانی وەزیرەکەی تورکیای هەڵوەشاندەوە بۆ عێراق، لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، دواتر باڵیۆزی تورکیای لە عێراق بانگ کردووە، بۆ ئەوەی گلەیی و ناڕەزاییەکانی عێراقی پێبگەیەنێت.           

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com