فراکسیۆنەکان بەرنامەی خۆیان بۆ ئەم وەرزە دیاری دەکەن

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر پڕۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، پێویستە بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم، دەشڵێت”ئەگەر حکومەتی هەرێم بتوانێت لە 70% پڕۆژەیاسایەک جێبەجێ بکات کاری لەسەر دەکەین”.   

بەپێی مادەی (7) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو 1-9-2020 پەرلەمانی کوردستان دەست بەدانیشتنەکانی دەکاتەوە، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێکدا دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، یەکەمیان خولی بەهارەیە کە کۆتایی هاتووە، دووەمیان خولی پایزە کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش لەئێستادا بەرنامە و پلانی خۆیان بۆ کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایانە ئامادە دەکەن، کە لە هەڵبژاردن بەڵێنیان بەخەڵک داوە.    

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مەستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کاری لە پێشینەی فراکسیۆنەکەیان بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان، ڕایگەیاند”هەموو پرسەکان بەلای فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گرنگن، بەڵام لە هەمووشیان گرنگتر، ئێش و ئازار و موعانەتەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە سەرجەم ئەو پڕۆژەیاسایانەی کە پەیوەستن بە خزمەتگوزاییەکانی هاوڵاتیانی کوردستانەوە، زیاتر گرنگی پێدەدەین و کاری لەسەر دەکەین”.                                                               

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “هەر جۆرە پڕۆژەیاسایەک، کە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، دەبێت ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبێت، چونکە ئەو پڕۆژەیاسایانەی، ڕەهەندی داراییان هەیە، پێویستە هەماهەنگی دروست لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت، بۆئەوەی هەڵسەنگاندی خۆیان بکەن، تا حکومەت بتوانێت کاریان لەسەر بکات، حكومەت لە پەرلەمانەوە دەنگی پێدراوە، بۆیە دەبێت پەرلەمان هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت بکات و بزانین کامە پڕۆژەیاسای پێ جێبەجێ دەکرێت، ئەوانە پەسەند بکەین، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لە 70% پڕۆژەیاسایەک جێبەجێ بکات بەدڵنیای ئێمە کاری لەسەر دەکەین”.    

سەبارەت بە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021-ی هەرێم بۆ پەرلەمانی کوردستان، هەرکی گوتی “ئەوە ماوەی شەش ساڵە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم نەهاتووەتە پەرلەمان، بەهۆی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەریان هەڵداوە، ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن، بەدڵنیایی ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، یەکەمین فراکسیۆن دەبین، کە داوای ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 ی هەرێمی کوردستان، دەکەین بۆ پەرلەمان، بۆئەوەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە کاری لەسەر بکرێت و پەرلەمان پەسەندی بکات”.      

لای خۆشیەوە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بەنوچەی، ڕاگەیاند”بەداخەوە لە وەرزی پێشووی یاسادانی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوەی کە لەبەرنامەیدا بووە پەرلەمان جێبەجێی نەکردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانانەی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، ئەوەی سیاسەتی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، بە هەمان بەرنامەکانی وەرزی پیشووی یاسادانان دەستبکرێت بەجێبەجێکردنی ئەوانەی کە جێبەجێنەکراوە، لە پڕۆژەیاساکان و کارەکانیش”.    

سەبارەت بە بەرنامەی فراکسیۆنەکەیان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت”ئەوەی کە خۆمان بۆ ئامادەکردووە و دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین، لەم وەرزەی یاسادانانەدا، پێداگری و فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی بژێوی، ژیان، گوزەرانی هاوڵاتیان و موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە بەو ئاقارەدا دەڕوات و موچە و ژیانی خەڵک خراپ بووە و کاریگەری لەسەر بازاڕ و کۆی گشتی بارودۆخی دارایی لە هەرێمی کوردستان کردووە”.   

زیاد جەبار، گوتیشی”ئەم وەرزە وەرزی یاسادانانە، بۆیە وەک فراکسیۆنی یەکێتی دەمانەوێت حکومەت هانبدەین و فشار درووستبکەین، بۆئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ئایندە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات، لەڕوانگەی بەرچاو ڕوونی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و دیاری کردنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ ی عێراق، چونکە نەبوونی بودجە لاوازترین خاڵی حکومەتە، ناشەفافیەت و چارەسەر نەکردنی چاودێری، بەشێکی گەورەی پەیوەندی بە نەبوونی پڕۆژەیاسای بودجەوەیە، بۆیە خاڵی گرنگ و بنەڕەتی لەکارەکانی ئێمە ئەمە دەبێت”.                                                                                                                

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ئاماژە بەوەشدەکات، لە 1-7-2020 یاسای چاکسازی کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و دەڵێت “ئێمە مەبەستمانە لە پەرلەمانی کوردستان و بەتایبەتی فراکسیۆنی یەکێتی گەورەترین چاودێری جێبەجێ کردن یاساکە بکەین، بۆئەوەی بە ناداد پەروەری جێبەجێ نەکرێت و لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەوە جیاوازی نەبێت لە جێبەجێ کردنیدا، ئێمە موزەکەرەمان ئامادەکردووە کە بیدەینە حکومەت، بۆئەوەی هەموو سێ مانگ جارێک حکومەت ڕاپۆرتی خۆی لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە بنێرێتە پەرلەمان”.  

هەروەها، دەڵێت”یەکێکی دیکە لە کارە لەپێشینەکانی فراکسیۆنی یەکێتی، ئەو پڕۆژەیاسایانەیە، وەک بۆشاییەک لە ناو کۆمەڵگەی کوردی هەیە، خۆمان بۆ ئامادەکردووە پێشکەشی پەرلەمانی بکەین، لەوەرزی پێشوی پەرلەمان لە کۆی 34 پڕۆژەیاسا 19 پڕۆژەیاسای لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیەوە پێشکەشکراوە، ئەو پڕۆژانەش ئەوانەن کە گرنگییان دەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەولەیەتیان لە گوزەران و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە”.        

سەبارەت بە ئامادەکاری فراکسیۆنەکەیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، جەلال مەحمەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە نوچەی، ڕاگەیاند “فراکسیۆنەکەمان، لە سۆنگەی بلاتفۆڕمی هەڵبژاردنەوەکانەوە، ئەو بابەتانەی کە خەمی بزووتنەوەی گۆڕان بووە و لەڕێگەی فراکسیۆنەکەیەوە دەیەوێت لە پەرلەمانی کوردستان جێبەجێیان بکات، بە هەماهەنگی و هابەشی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە، بەتایبەتی لەگەڵ هەردوو فراکسیۆنی سەرەکی پارتی و یەکێتی، کە لە حکومەتی هەرێمیش پێکەوەین، بۆئەوەی بتوانین کارێک بکەین، ئەوەی کە هەمانە بیگەیەنینە ئامانج، ئەویش پرسی بودجە، موچە، بژێوی و باشترکردنی گوزەرانی ژیانی خەڵکی کوردستانە”. 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “یەکێکە دیکە لە کارە لە پێشینەکانی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان، پرسی ڕێگری کردنە لە ڕۆتینات، گەندەڵی و گەندەڵی ئیداری، کە بەداخەوە لەماوەی ڕابردوو بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، دەمانەوێت ڕێگری لێبکەین، لە ناویشیاندا پرسی داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکانی هەرێم کەئەمانە بابەتی گرنگن لای ئێمە”.    

هاوکات، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بەنوچەی ڕاگەیاند “لە ماوەی ڕابردوو 24 پڕۆژەمان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە، تەنها 5 پڕۆتەیان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و 4 پڕۆژەیان بۆ چاککردنی هەندێک کەموکوری ڕەتکراوەتەوە لای ئێمە، جارێ کار لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایانە دەکەین کە پیشتر پێشکەشمان کردوون، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ بکرێت و دواتر لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێن”.      

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختیشیکردەوە و گوتی “وەک فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیارمان نەداوە لەم وەرزەی یاسادانان هیچ پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بکەین، جارێ چاوەڕێ دەکەین، تا ئەم پڕۆژانەی پێشکەشمان کردوون تێپەڕێندرێن، دیار نییە فراکسیۆنەکانی دیکەش چەندین پڕۆژەیان هەیە کاری لەسەر نەکراوە”.      

لە بارەی بەرنامە و کاری فراکسیۆنەکەیان، لە وەرزی نوێی یاسادانان، ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بەنوچەی، ڕایگەیاند”بڕیارە فراکسیۆنەکەمان شەوی 1ی ئەیلول کۆببێتەوە، بۆ دانان و دیاری کردنی بەرنامە و کاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم وەرزەی یاسادانانە”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com