UN : لە عێراقدا ژمارەی بێسەروشوێنكراوان و زیندانی نهێنی لە زیادبووندان

0

(نوچەنێت)

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشكرای دەكات كە لە عێراقدا زیاتر لە 400 زیندانی نهێنی هەن و بۆ ئەم مەبەستەش نیگەرانی خۆی لە زۆربوونی ژمارەی بێسەروشوێنان لەو وڵاتە دەردەبڕێ و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، کاربکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بێسەروشوێنکردنی خەڵک.

“لیژنەی بێسەروشوێنکراوان”ی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی عێراق دەڵێت هیچ زیندانێکی نهێنی لە وڵاتدا نییە، بەڵام لیژنەکە نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، تاوەکو ئێستاش سوود لە زیندانی نهێنی وەردەگیرێت و دەنگۆی ئەوەش هەیە نزیکەی 420 شوێنی تایبەت بە زیندانیکردنی نهێنی لە عێراقدا هەن، لەوانەش لە فڕۆکەخانەکانی موسەننا و بەغدا و شارۆچکەی جورف سەخری باشووری رۆژئاوای بەغدا.

 لیژنەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە بکات لە دەنگۆی هەبوونی ئەو 420 شوێنە نهێنیە، بیاندۆزێتەوە، تەواوی دەستگیرکراوان ئازادبکرێن ئەگەر نایاساییانە زیندانیکراون، دەستبەجێ زانیاری بدرێتە کەسوکاریان لەبارەی شوێنی دەستگیرکراوەکان و ئەو کەسانەش سزابدرێن کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان بە پێویستی دەزانێت حکومەت تەواوی ئەو گرتووخانانە دابخات کە نهێنین یان بیانکاتە زیندانی تۆمارکراو بە جۆرێک بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان راپەڕێندرێن.

لیژنەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستخۆشی لە حکومەت دەکات کە هەندێک هەنگاوی ئەرێنی ناوە، بەڵام پێیوایە کاری زۆر ماوە کە دەبێت بەزووترین کات ئەنجامبدرێن.

 بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ساڵی 2019ەوە پرۆژەیاسایەک تایبەت بە کۆتاییهێنان بە دیاردەی بێسەروشوێنکردن لە عێراق ئامادەکراوە و ئێستاش لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسندنەکراوە. لیژنەکە نیگەرانە لەوەی لە پڕۆژەیاساکەیشدا بێسەروشوێنکردن وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی هەژمارنەکراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com