(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال بە (نوچەنێت) ی راگەیاند كە بەشێك لە هێزەكانی (یەبەشە) كە سەر بە (پەكەكە)ن لە ناوەندی شنگال چوونە دەرەوە و پەیامێكیشی ئاڕاستەی ئەو هێزانەی ناو شنگال كرد كە پێویستە نەبنە رێگر لەبەردەم ئاسایی كردنەوەو ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكانی.
لەلێدوانێكدا مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال بە (نوچەنێت) ی ووت “دیارە بارودۆخی شنگال پێویستە لەسەر بنەمایەكی یاسایی بێتە چارەسەركردن و بەپێی رێكەوتنامەی نێوان هەولێر و بەغداش جێبەجێ بكرێ و تەواوی خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە وەكخۆی جێبەجێ بكرێن. ئەمە رێگە یاسایی و دروستتەكەیە بۆ ئاسایی بوونەوەی شنگال”.
لەبارەی چوونە دەەروەی هێزەكانی ناو شنگالیش ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە بەشێك لە هێزەكانی (یەبەشە) كە سەر بە (پەكەكە)ن ئەمڕۆ ناو شنگالیان بەجێهێتووە، ووتیشی “هێزەكانی (یەبەشە) كە سەر بە (پەكەكە)ن، لەوەتەی لەشنگالن، جارجار لەگەڵ حەشدی شەعبین و بەشەو پەكەكەن و بە رۆژیش (یەبەشە) بوونە، دیارە ئەمڕۆ بەشێك لە هیزەكانیان لەناوە شنگال چوونەتە دەرەوە و ئاڵاكانیان هێناوەتە خوارەوە، بەڵام هێشتا هەموو بارەگاكانیان نین، بەڵكو بەشێكیانن، بۆیە بەپێی ئەو بڕیارەو بەپێی خاڵەكانی رێككەوتننامەی شنگال دەبێ تەواوی ئەو بیانایانەی كە كردوتیانە بارەگاو بینای حكومی بوونە هەموویان رادەستی هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقی بكەنەوە”، دووپاتیشی كردەوە كە “ئەمڕۆ بێ یان سبەی دەبێ ئەو هێزانە لەناو شنگال بچنە دەرەوە”.
لەبارەی هێزەكانی (یەبەشە)وە مەحما خەلیل وتیشی “ئەو هێزە لەوەتەی لە شنگالن تەنها كاریان ئەوەبووە بازرگانی بە شنگالەوە بكەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاری دەهێنن، من هیچ پەیوەندییەكم لەگەڵیان نیە ، چونكە من وەكو كەسێكی یاسایی تەنها پەیوەندیم لەگەڵ ئەو هێزانە هەیە كە یاسایین، نەك هێزێك نایاسایی بێت، بۆیە دوور و نزیك هیچ پەیوەندیەك لەنێوان من و یەبەشە نیە”.
ئەوەشی روونكردەوە كە “ئەگەر هێزە نایاساییەكان لەناو شنگال نەمێنن و خاڵەكانی رێككەوتنامەی هەولێر و بەغداش ووردەوورەدە جێبەجێ دەكرێ، بێگومان بارودۆخی شنگالیش زۆر بە رەو ئارامی و هێمنی ئەچێت”.
لەپەیامێكیشیدا بۆ ئەو هێزانەی كە لەناو شنگالدا ماون وتی “پەیامم ئەوەیە تەنها شنگال چۆڵ بكەن بۆ شنگالییەكان، چونكە قوربانیدەری یەكەمی شنگال، شنگالییەكان بوونە نەك ئەو هێزانە، لە ئێستاشدا حكومەتی عێراقی و حكومەتی كوردستان و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ شنگال لەسەر خەتن و چاوەڕێ ئەوەن كە رێكەوتننامەی شنگال وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، پەیامم ئەوەیە كە ئەوە شەش ساڵ تەواو بوو و ئیتر با شنگال بۆ شنگالییەكان بێت و پێویستە هێزە نایاساییەكان كە نوێنەرایەتی 5% ی شنگالییەكان ناكەن چیتر نەبنە رێگر بۆ ئاسایی كردنەوەو ئاوەدانكردنەوەو گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال”.
جێی باسە ئه‌و هێزه‌ی پۆلیسی فیدراڵی كە ئێستا لە شنگالن، سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقە، ژمارەیان لەسەرووی دوو هەزار كەسە، رۆژی 19ی تشرینی دووه‌م له كه‌ركوكه‌وه ره‌وانه‌ی شنگال كران، تا دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی قه‌زاكه وه‌ربگرن.
هه‌ڤاڵ تێكۆشه‌ر، له یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه) به میدیا عێراقییەكانی وتووە “ئێستا هیچ هێزێكمان له‌ناوشار شنگالدا نه‌ماوه، ئەویش به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان ئێمه و سوپا له ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌مێنینه‌وه”.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (نوچەنێت)، جگه له پۆلیسی فیدراڵی زیاتر له پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له شنگال هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، ئاسایش، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان.
لای خۆشییەوە پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له شنگال به‌رایگەیاندبوو”هه‌موو بازگه‌كان وه‌ك خۆیان ماون، به‌ڵام له سه‌ره‌تای مانگی تازه‌وه پۆلیسی فیدراڵی ئه‌منیه‌تی ناوشار وه‌ده‌گرێت، بۆیه سوپا و هێزه‌كانی دیكه ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی شار”.
هەر بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری ناحیە، هێشتا له‌ناوشار هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و هێزه‌كانی حه‌یده‌ر شه‌شۆ له باره‌گاكانیاندا ماونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕێده‌كرێت ئه‌وانیش بچنه ده‌ره‌وه‌ی شار.
ئه‌و گۆڕانكارییه دوای نزیكه‌ی مانگێك دێت له رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه تشرینی یه‌كه‌می 2020 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له رووی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.