ئایا سعوودیە دژایەتی ئەمریکا دەکات؟ شیکاری ئابوری

نوچەنێت

سەرەرای ئەوەی ئەندامانی ئۆپێک پلەس بە سەرپەرشتی سعوودیە و رووسیا ئامادە نەبوون ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن، وەزیری وزەی سعوودیە وەلامی تۆمەتەکانی ئەمریکای دایەوە و ئاشکرای کرد، ئەگەر ڕاستدەکەن دەیانەوێت گرفتی نرخی نەوت چارەسەربکەن، ئەوا پێویستە بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزە و گەشەی ئابووری جیهان، دابینکردنی بەرژەوەندی یەکسان، پاشگەزنەبینەوە لە بڕیارەکانمان"

دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن، بووە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە دوو دڵی لەبەرامبەر سیاسەتەکانی سعوودیە و ئەمریکا، ئەمەیش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بیرو بۆچوونی جودا دەربارەی پێوەندیەکانی ئەو دووڵاتە، بە تایبەت کە سعوودیە وڵاتێکی سەرەکیە لە بەرهەمهێنانی نەوت و  کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بازارەکانی وزە و نرخی نەوت.

دوای لێکەوتەکانی کۆرۆنا بۆسەر بازارەکانی وزە، نرخەکانی نەوت بۆ ژێر سفر دابەزین، بەڵام بوژانەوەی بازارەکانی جیهان و زیادبوونی ئاستی خواستی وڵاتان بۆ بەکاربردنی نەوت لە هەڵکشان بەردەوامە، ئەم دەرئەنجامانەی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پلەس، کۆکراوەی سیاسەت و ستراتیژی و توێژینەوەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە، لە دەستپێکی مانگی حوزەیراندا و لە کۆبوونەوەی مانگی نۆڤەمبەر ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەی دڕێژەی پێدراو نەوت بەئاستی دیاریکراو کە تەنیا 400 هەزار بەرمیلە وەک خۆی زیاد دەکڕیت و بڕە زێدەتر ناکڕیت.

ئەمریکا و هەژموونەکانی ئۆپێک پلەس

ڕێککەوتی 15/6/2021 ئەنجوومەنی راوێژکارانی ئابووری تایبەت بە ئۆپێک  و چەندین پسپۆڕی تری بواری وزە کۆبوونەوە و پێشبینیەکانیان بۆ داهاتووی بازارەکانی نرخی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکایان خستەڕوو، و ئاشکرایان کرد، کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا دەسەڵاتی زێدەتر دەدات بە ئۆپێک پلەس.

هەروەها ئەنجامەکانی توێژینەوەکان لەو کاتەدا گەیشت بەو ئەنجامەی کە لەسەرەتای ساڵی 2021 تا نیوەی یەکەمی ساڵ، ئەندامانی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس بە شێوازێکی قۆناغبەندی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەکەنەوە و  لە سەرەتای مانگی تەمووز، سیاسەتێکی نوێ بۆ ئاستی خستەڕووی نەوت پەیڕەو دەکەن. 

ئەمە جگە لەوەی شرۆڤەکارانی ئۆپێک هاورابوون لەوەی ئەستەمە نەوتی ئەمریکا بگەرێتەوە بازارەکان و  جەختیان لەوە کردەوە ، سعوودیە دەستەڵاتی زیاتر دەبێت بەسەر بازاڕەکانی نرخدا".

لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران ئەندامانی ئۆپێک پلەس کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بریار لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن، بەڵام دوو گرفتی سەرەکی کەوتە بەردەم ڕێککەوتنەکان، ئەوانیش گەرانەوەی نەوتی ئێران بۆ ناو بازارەکانی وزە، لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەروەها ناڕەزایەتیەکانی وڵاتی ئیمارات لەسەر بڕی زیادکراوی نەوت، دوای پەتای کۆرۆنا. ئەنجام لە مانگی تەمووزدا، ئەندامانی ئۆپیک پلەس ڕێککەوتن کە ڕۆاژنە بڕی 400 هەزار بەرمیل زیاد بکەن و ئەو ڕێککەوتنە تا تەمووزی 2022 بەردەوام بێت  ئەگەر بازارەکان بەو شێوەیە بـمێننەوە.

دوای ڕێککەوتنی ئۆپیک پلەس و دڕێژکردنەوەی مانەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ ساڵێک، سەقامگیری خستنەرووی نەوت درا بە کڕیارەکان ، بەڵام بۆ ئەمریکا ڕێكکەوتنەکە جۆڕێکی تر بوو. دووبارە بوژانەوەی بازارەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر لیترێکی بەنزین لە ئەمریکا بۆ 3.186 دۆلار، ئەمەیش کاری کردە سەر خەرجیەکانی خێزانی ئەمریکی و بەکاربردنی پارەی زێدەتر.

لە هەمانکاتدا، کەمکردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی تێکساس بۆ 70 دۆلار، هەروەها ئەمریکا لە مانگی ئایاردا. بڕی  11.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەڵام هێشتا بازارەکانی نەوت پێویستیان بە 6 ملیۆن بەرمیلی تر هەیە بۆ سەقامگیربوونی بازارەکانی نەوت.، بۆیە ئیدارەی بایدن ناچار بوو لە مانگی ئابدا، داوا لە سعوودیە و ئیماڕات بکات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن، بەلام تا کاتی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ، کارتەکانی بایدن لە ئۆپێک پلەس بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت سووتاون.

فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر سعوودیە

داواکاریەکەی جۆ بایدن لە بارەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن سعوودیە و ئیمارات،  بووە هۆی دەڕبڕینی نارەزایەتی توند لە لایان کۆمارییەکان و ئەمە جگە لەوەی دژی دواین پێشبینی ئاژانسی وزەی بوو بۆ خواستی بازارەکان بۆ نەوت  تا کۆتایی ئەمساڵ و هەروەها خواست بۆ نەوت لە 2022ــدا.

دژیەکی ئەنجامی پێشبینیەکانی ئاژانسی وزەی جیهانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بڕیارەکەی جۆ بایدن لە کاتێکدایە، پێشبینیەکانی ئاژانسی وزە بۆ گەشەکردن و زیادبوونی رێژەی خواست لە 2021ــدا، وەک خۆیان دەمێننەوە زیاد ناکەن، واتە تا کۆتای ساڵ، خواستی جیهانی بۆ نەوت تەنیا 550 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات،  تەنانەت لە ساڵی داهاتووشدا، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی خواست بۆ نەوت کەمببێتەوە.

بەڵام هەڵكشانی بەردەوامی نرخەکانی نەوت و بەرزبوونەوەی بۆ زیاتر لە 85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و هاوکات دروستبوونی قەیرانی گاز و خەڵووز، بوە بۆی بڵاوکردنەوەی پێشبینی جودا لە بارەی داهاتووی نرخی نەوت، بە جۆڕێک نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی رێژەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، پێشبینی جودا لەلایان ناوەندە جیهانیەکان ئاشکرا کردن و بەنموونە،  بانکی ئەمریکا پێشبینی کرد بەهۆی زیادبوونی خواست، نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزببیتەوە، بەڵام ئۆپێک پێشبینیەکانی بۆ زیادبوونی خواست تا کۆتای ساڵ نزمکردەوە و ساڵی 2022 بە ساڵی گەرانەوەی بازارەکانی نەوت بۆ بارودۆخی ئاسایی دەستنیشان کرد، بەلام ئەو ئەگەرانەی باسکران، ئاستنەگی خستە بەردەم بوژانەوەی ئابووری ئەمریکا، ئەمەیش دووبارە و سێ بارە ئیدارەی جۆ بایدنی ناچار کرد، داوا لە ئۆپیک پلەس  و سعوودیە بکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکەن، بەڵام داواکاریەکە رەتکرایەوە.

لە هەمانکاتدا، سیاسەتەکانی ئەم دوایەی ئەمریکا لە ئەفگانستان و کشانەوەی سیستەمی سەربازی پاتریۆتی ئەمریکی لە وڵاتی سعوودیە، ترس ودڵەراوکێی زۆری دا بە گوێی وڵاتانی کەنداو، بە تایبەت سعوودیە، بۆیە شرۆڤەکاران پێیان وایە سیاسەتی لێلی ئەمریکا، دەستەڵاتدارانی ریاز ناچار دەکات سیاسەتی ڕۆژهەڵات پێرەوبکات و پێوەندیەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا پتەوتر بکات، بەمەیش بازارەکانی نەوت و داهاتووی نرخی نەوت دەکەونە مەترسیەکی قوڵەوە.

نرخی نەوت وگاز بەردەوامە لەهەڵکشان و لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا، نرخەکانی نەوت لە بازارەکانی ئەمریکادا بەرێژەی ٪65 بەرزبوونەتەوە، لەهەمانکاتدا، نرخی بەنزین بەراورد بە ساڵی 2014 بڕی سێ دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک زیادی کردووە، هەروەها ئاستی وزەی عەمبارکراو لە کۆگایەکانی عەمبارکردنی نەوت و گاز بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو بۆ نزمترین ئاست دابەزیوون.

سەبارەت بە گازی سروشتی، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بازارەکانی ئەمریکدا ڕێژەی ٪30 پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، بەلام لە پێشبینی زستانێکی چاوەڕوانکراودا، نرخی هەر ملیۆن پێ سێجا بڕی 5 دۆلار زیاتر بەرزبۆتەوە.

گەیشتنی نرخی نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار، بۆ جاری سێیەم ئەمریکا و کۆشکی سپی  لە 19/10/2021 ناچار کرد، داوا لە ئۆپێک پلەس بکات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن، بەلام پێش دەستپیکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پلەس لە مانگی نۆڤەمبەردا، وەزیری وزەی سعوودیە بە ناراستەوخۆ بە ئەمریکای راگەیاند" ئاستی بەرهەمهێنان زیاد ناکەین و پابەندی بریارەکانی ئۆپێک پلەس دەبین تا ساڵی 2022".

 عبدولعەزیز وتی" ڕێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە ناسراوە بە ئۆپێک پلەس، هیچ کورتهێنانێک لە خستنەرووی نەوت لەبازارەکاندا نابینن".

هەروەها وتی “ئۆپیک پلەس ڕۆلێکی کاریگەری هەبووە لە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت”.

وەزیری وزەی سعوودیە بە ئامادەبووانی کۆربەندی هەفتەی سیرای هیندی راگەیاند" بۆ یەکەمجارە، ڕۆڵی خۆمان بە سنوورداری دەبینین"

کوری شای سعوودیە ئەوەیشی زیادکرد" پرسی ئێستای بازارەکانی نەوت، پرسی کەمی یان کورتهێنانی نەوت نیە لەبازارەکاندا، ئەگەر هاتوو نەوتمان زیاد کرد، کوا پاڵاوگە بۆ ئەوەی ئەو نەوتە بگۆڕێت؟".

دوای ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی سعوودیە، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن هاتە قسە و وتی"بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهان بۆ کەمی خستنەڕووی نەوت و هەروەها بۆ هەندێ کەسایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە ،بۆ ئەوەی من قسەیان لە گەڵدا بکەم"

هەروەها وتی " ئەوە بە دەستپێشخەرییەکی دەرەکی کە بابەتی گرانبوونی خەرجی دەرهێنانی نەوت و پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوتە، بەستراوەتەوە، زیاتر لەوەی بە رێگریکردن لە زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپیک، ببەسترێتەوە.

بایدن گوتی: "لەو بارەیەوە گفتوگۆی زۆر هەن و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی هەن، کە دەیانەوێت قسەم لەگەڵدا بکەن، بەڵام من بەدووری دەزانم قسەیان لەگەڵدا بکەم"

لە کۆتایدا سەرۆکی ئەمریکا وتی"لە ئێستادا دابەزاندنی بەهای نەوت کارێکی ئاسان نیە، بەڵام لە ساڵی 2022ــدا، نرخی سووتەمەنی لە جیهان دادەبەزێت.

هەروەها وتیشی “ ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە ئێمە لە توانامان نرخی نەوت نزمبکەینەوە و ئەو کارە کەمێک لەسەر بڕیاری سعوودیە و هەندێ شتی دیکە دەوەستێت  و  لە داهاتوودا دەکرێن”.

دووبارە لە کۆبوونەوەی نۆڤەمبەری 2021ــی تایبەت بە ئۆپێک پلەس، ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە کۆ دەنگی رێککەوتن ئاستی بەرهەهێنانی نەوت وەک خۆی بمێنیتەوە و ئاشکرایان کرد، کەمبوونەوەی خواستی بازارەکانی ئەورووپا و ناسەقامگیری  بازارەکانی نەوت هۆکارە لە زیاد نەکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، هاوکات وەزیری وزەی سعوودیە وەلامی ناڕەزایەتیەکانی ئەمریکای بە ڕاشکاوی دایەوە.

وەڵامەکانی سعوودیە و تۆمەتەکانی بایدن

لە کۆبوونەوەی مانگی نۆڤەمبەری ئۆپێک پلەس کە بە سەرکردایەتی سعوودیە و شازادە عبدولعەزیز کوری سەلمان بەڕێوەچوو، وەزیری وزەی سعوودیە وەلامی ڕۆژنامەنووسانی لەسەر پرسی نەوت و بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس دایەوە.

شازادە عبدولعەزیز وتی" ئۆپێک پلەس بازاڕێکی قۆرخکاری نیە، بەڵک و کۆمەڵەیەکی پێكهاتووە لە وڵاتی بەرهەم‌هێن و بەرپرسیار لە ڕێکخستن و بەرهەمهێنانی نەوتی پێویست بۆ بازارەکان".

لەبارەی تۆمەتەکانی ئەمریکا و بایدن بۆسەر وڵاتی سعوودیە و زیاد نەکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، وەزیری وزەی سعوودیە وتی" دانووستانمان لەگەڵ ئەمریکیەکان لەسەرجەم ئاستەکان هەبووە، بە تایبەت لە بارەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام هێشتا بروامان وایە، ئەوەی دەیکەین دروستە".  هاوکات پرسیاری ئاراستەی ئامادەبووان کرد و وتی" بۆچی 400 هەزار بەرمیل؟  بۆیە ئەو بڕە زیاد دەکەین چونکە  ئێمە ڕێککەوتنمان کردووە".

وەزیری وزەی سعوودیە ئەوەیشی زیادکرد" ئامانجی ئێمە لەو ڕێککەوتنە، زیادکردن و دووبارە گەراندنەوەی 5.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە تا ساڵی 2022".

سەبارەت بە پلانی داهاتوو و بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس، شازادە عبدولعەزیز  ڕایگەیاند" دەست دەکەین بە دروستکردنی کۆگای تازە بۆ عەمبارکردنی نەوتی زیاتر و تا چارەگی یەکەمی 2022، بەشێکی زۆری دروستکردنی ئەو شوێنانە تەواو دەبن".

هاوکات وتیشی" تا شوباتی ساڵی 2022، ئەندامانی ئۆپێک پلەس بڕی ملیۆن بەرمیل نەوتی تر دەخەنە بازارەکانەوە و ئەمەیش خواستی بازارەکان تێر دەکات".

وەزیری وزەی سعوودیە بە باسکرنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی وزە، پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کرد و وتی" بەکاربردنی بڕی 600 هەزار بەرمیل بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەمسالدا، هۆکارە لە هەڵكشانی نرخەکانی وزە و نەوت"

هەروەها وتیشی" خۆشبەختانە لە ئۆپێک پلەس ئێمە توانیومانە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکەین"

شازادە عبدولعەزیز رەخنەیەکی ئاراستەی کۆمەڵەی G7 کرد ووتی" لە ساڵی 1979 وڵاتانی کۆمەڵی G7، بڕیاریاندا، کە نەوت لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە کار نەبەن و  بەرەو پیشەسازی وزەی تازە هەنگاو بنێن و وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی کاربۆنی کەمبکەنەوە، بەڵام ئایا توانیان ئاسایشی وزە دابین بکەن؟"

کوری پاشای سعوودیە جەختی لەوەیش کردەوە" پێویستە لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی وزە و گەشەی ئابووری جیهان، دابینکردنی  بەرژەوەندی یەکسان، پاشگەزنەبینەوە لە بڕیارەکانمان"

لە کۆتاییدا وەزیری وزەی سعوودیە باسی لە نرخی نەوت داهاتووی بازارەکانی نرخی نەوت کرد و ئاشکرای کرد" گرفتی نرخی نەوت و وزە گرفتیكی جددیە، ئەگەر لە واقیعدا ئەوان دەیانەوێت گرفتەکە چارەسەر بکەن، پێویسە دەکات بیر لەوە بکەنەوە، ئەگەر باو زریانەکان بە‌هیز بوون، بیر لە جێگرەوەی تر بکەنەوە، چونکە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات هۆکارەکەی کەمی کۆگاکان و پرۆژەکانی بەرهەمهێنانە، بۆیە نابێت بە بیانووی پرسی کەشوهەوا قەیرانی بازارەکانی وزە دروست بکەین"

شازادە عبدولعەزیز وتیشی" ئەوەی ئێستا روودەدات فەوزای پیشەسازیی وزەیە"

سەبارەت بە قەیرانی وزە لە بازارەکانی ئەورووپا، بەرپرسە سعوودیەکە وتی" هیوادارین ئێمە لە ئۆپێک پلە نەبین بە هۆکار لەو قەیرانەی ئەورووپا، ئەگەر ئەمە روویدا، پێوسیتە ئێمە بە بیر خەلکی خۆمان بهێننیەوە بەوەی کە لە لیبیا روویدا، چونکە ئێمە تەنیا یەدەگەکانمان لە کاتی کەمبوونی بڕی خستنەروو  بەکاردەهێنین.

ئەم دژیەکەی سعوودیە و ئەمریکا لە کاتێکدایە، پێش دەستپێکردنی کۆربەندی CO26، سعوودیە پرۆژەی سعوودیە سەوزی بۆ 2030 راگەیاند و بەردەوام دژایەتی ئەمریکا دەکات لە زیاد نەکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی نەوت و گاز و  بەکارهێنانی پرسەکانی کەشوهەوا بۆ کەمکردنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بە گەمژانە وەسف دەکات.

دوای لێدوانەکانی وەزیری وزەی سعوودیە، ئیدارەی بایدن وەڵامی دایەوە و وتی" پێویست دەکات ئیدی ئەندامانی ئۆپێک پلەس نەوت زیاد بکەن، ئەگەر نا بوژاندوەی ئابووری روونادات"

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین